چی لەپشت نهێنی زیرەکی دەستکردەوەیە؟

پ.د.نەزاکەت حسێن

مرۆڤ هەرلەسەرەتای سەرهەڵدانی کۆمپیوتەرەوە ترسا وپسپۆڕان کەوتنە باسی لایەنە نەرێنیەکانی گەشەی ئەم ئامێرانە،بەڵام تاسەدەی بیستەمیش ترسە کە روون و ئاشکرانەبوبو بەڵکو زۆرێک لە مرۆڤەکانیش سەرهەڵدانی ئامێرەکانی تەکنەلۆجیای زانیاریان بەدەست کەوت و سەرکەوتن و ئامێری کارئاسانی بۆ خۆیان و ژیان وئیش و کاریان دەزانی.ئێستاش کەباسی زیرەکی دەستکرد جیهانی سەرقاڵ کردوە ومرۆڤ رۆژ بەرۆژ هەست دەکات ژیانی کۆنترۆڵ دەبێت و وردە وردە دەستی کارو وزەو توانای ئەو پێویست نابێت و جێگرەوەی بۆ دروست دەبێت و جیهانێکی گوماناوی وبێمتمانەی بۆ دروست کردوە،مەترسیەکە زیاترە بوە لەسەر ئەندێشەو دەروونی. بەڵام هێشتا هەریەکە بەجۆرێک پێناسەی زیرەکی دەستکرد دەکات و هەریەکە لەچمکێکەوە لێی دەڕوانێت وبەرچاوی روون نیە و چیە ئەم داهێنانەو چی بەسەر ژیانیدا دێنێت..چونکە هێشتا تارمایەک و کوردواتەنی سەرەداوێک دەرکەوتوە لەم باسە و دەرهاویشتەو ئاسەوارەکانی مرۆڤایەتی تۆقاندوە.نازانین بەرەوکوێ دەچین ئایندەمان چی لێ دێت،ئەرێ نەوەکانمان چۆن دەژین لەگەڵ ئەم ژیانە ؟ئایندەی مرۆڤایەتی چی تر مرۆڤی پێویست دەبێت یان نا؟.کێ کۆنترۆڵی ژیان دەکات،کێ سەرداری مرۆڤایەتی دەبێت و قۆرخی دەسەڵات دەکات.ئەمانە هەموو پرسیار گەلێکن کە پسپۆڕان بەردەوام بەدوای وەڵامیدا دەگەڕێن. لەم وتارەدا بەکورتی نهێنی وهۆکاری پشت سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکرد دەخەینەڕوو لەچیەوەو بەهۆی چیەوە سەریهەڵداو گەشەی کرد،ئەڵبەتە لەوتارەکانی داهاتووش زیاتر بەدوای وەڵامی ئەوپرسیارانەدا دەگەڕێین کە فەیلەسوف و شارەزایانەی ئەم بوارە بۆمان وەڵام دەدەنەوە. لەکورترین وەڵامدا نهێنیەکە باس بکەین،شۆڕشی زیرەکی دەستکرد شۆڕشێکی ئاوێتەو یەکگرتنی چەند شۆڕشێک بوو بەتایبەتی یەکگرتنی هەردوو شۆڕشی ‘ئینفۆتیک واتە زانیاری’ وە شۆڕشێکی بایۆلۆجی کە دوای هەزاران توێژینەوە گەشتنە ئەو دەرەنجامەی کە’ مرۆڤ و زیندەوەرەکان بونەوەرێکی بایۆکیمیکەڵی ئۆرگانی خەواریزمین’ واتە پێک دێن لە کۆدی بایۆکیمیکی و سیگناڵی بایۆلۆجی. ئەم شۆڕشە و ئەم دەرەنجامە و ئەم شۆڕشە بایۆلۆجیە لەگەڵ شۆڕشی زانیاری و گەشەی تەکنەلۆجی وایکرد کە کۆمپیتەر بتوانێت هاکی مرۆڤ بکات،لەم دوو شۆڕشەش بەهێزتر یش سەرهەڵدانی ئەو زانستە تەکەنلۆجیەیە بوو کە توانای هەیە سیگناڵە بایۆلۆجیەکان تەرجەمە کات بۆ سیگناڵی وداتای ئەلەکترۆنی، کۆمپیتەریش ئەمانە خەزن دەکات و شیکاریان بۆ دەکات.کاتێک دەسەڵاتی کۆمپیتەرو بایۆلۆجی و تەرجەمەکردن هەبوو، ئەوکات توانرا ئەڵگۆریزمێک یان رۆبۆتێکی زیرەک بەرهەم بهێنیت کە باشتر تێبگات لە مرۆڤ وەک لەمرۆڤ خۆی و هەموو ناخ وسیگناڵە بایۆلۆجی و هەستەکان و کاردانەوەکانت و خولیاکان و هەڵچوون و بارودۆخە دەرونیەکانی بخوێنێتەوە وتەرجەمەیان بکات وشیکاریان بۆ بکات و تێبگات کە حەزی مرۆڤ چیە خولیای چیە…هتد واتە مێشک و هەست وناخی مرۆڤ راستەوخۆ لینک بوو بەکۆمپیتەرێکەوە کە کۆدو سیگناڵە بایۆلۆجیەکانی وەرگرێت و کابچەریان بکات و شیکاریان بۆ بکات و تەرجەمەیان بکات.ئیتر لێرەوە مەترسیە گەورەکە سەریهەڵدا ومرۆڤ هیچ شتێکی لای خۆی نەما کەکۆکنترۆڵی لای خۆی بێت و وزەو توانای تایبەت بەخۆی بێت.بەڵکو هەموو زانیاری و هەستەکانو بیرکردنەوەکانی هاک کراو لەشوێنی خۆی مرۆڤیکی زیرەک و ئالی کرا بەجێگرەوەی.

ھەواڵی زیاتر