ئەمڕۆ دووشەممە 2024.1.1، لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانى گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا بەردى بناغەى پڕۆژەى قیڕتاوکردنی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکی فەرمانبەران و شەقامێکی 20 مەتری لە گەڕەکی زیلان دانا، کە بەگوژمەی (224 ملیۆن و 400 هەزار دینار) لەسەر 15%ى داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێرن بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێ دەکرێت.
لەڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و سەرتیپ خالد بەرێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و ژمارەیەك لە ئەندازیاران ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستە سەر ئەوەى لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لە نێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکرێن، ئاماژەى بەوەشدا بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگا و بودجەى تایبەت و داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکان، کە پار ساڵ توانیومان ڕێژەیەکى زۆر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامبدەین، بۆ ئەم ساڵیش لەبەرنامەماندایە زۆرترین پڕۆژەى خزمەتگوزاریی بگەێنین بە هەموو گوند و قەزا و ناحییەکان و ئەو شوێن و جێگا و گەڕەکانەى پێویستیان بەئاوڕلێدانەوەى زیاترە.
جێگەى باسە، پڕۆژەى قیڕتاوکردنی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکی فەرمانبەران و شەقامێکی 20 مەتری لە گەڕەکی زیلان، پێکهاتووە لە:-
- قیرتاوکردنی 3 کۆلان لە گەرەکی فەرمانبەران بە بڕی 4000م2 بە گوژمەی(74 ملیۆن 800 هەزار دینار).
- پرۆژەی قیرتاوکردنی شەقامێکی (20)م لە گەرەکی زیلان بە بڕی 8000م2 بە گوژمەی (149 ملیۆن و 600 هەزار دینار).