پێکهێنانی حكوومەتی عێراق هێشتا تەماوییە

شۆرش غەفوری – هە‌ولێر

پاش تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق و پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەوە، کەچی تا ئێستا شێوە و جۆری ئەو حكوومەتە ڕوون نییە کە بڕیارە فراکسیۆنە براوەکان پێکی بهێنن.

رێبەری ڕەوتی سەدر، کە فراکسیۆنەکەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بوو، بیر لە پێکهێنانی حكوومەتێکی زۆرینەی سیاسی دەکاتەوە، لە بەرامبەریشدا زۆربەی فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکە پاڵپشتی لە حكوومەتێکی سازانی (تەوافوقی) دەکەن، ئەمەش هەنگاوەکانی موقتەدا سەدری ئاڵۆزتر کردووە، چونکە دەیەوێت لەو ڕەوشەی لە دوای ٢٠٠٣ ـەوە لەبەغدا دروستبووە دەربازی بێت.
حكوومەتی تەوافوقی لە عێراق، نزیکترە لە واقیع، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بە براوە و دۆڕاوەوە، داوای پشک لە پێکهێنەری حكوومەت دەکەن. لە یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حكوومەت، ئەحمەد جبوری، سەرکردەی هاوپەیمانیی عەزم، پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی ٣٤ ئەندامەی ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوەش داوە “پاڵپشتی لە حكوومەتێکی تەوافوقی دەکات”،گوتووشیەتی “هاوپەیمانییەکەمان بەرەو فراوانتر دەچێت و داواکەشمان لەگەڵ خواستی گەلی عێراقدایە لە پێکهێنانی حكوومەتێکی تەوافوقی”.
لەبەرامبەریشدا موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی سەدر و سەرۆك بارزانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، جەختیان لەسەر هاوپەیمانییەکانیان لە پێکهێنانی حكوومەتی نوێ کردووەتەوە. لەو نێوەندەشدا نووسینگەڕۆژنامەوانییەکەی سەدر لە ڕاگەیێنراوێکدا باسی لەوە کرد “سەرۆك بارزانی، لە پەیوەندییەکەیدا سوور بووە لەسەر گفتوگۆکان لە بەرژەوەندی عێراق و گەلی کوردستان کردووەتەوە و پابەندیش بوونە لەسەر دانووستاندنی جددی بۆ هاوپەیمانییەک لە ئایندەدا”.
سەرەڕای ئەوەی بە شێوەی فەرمیی دانووستاندنی پێکهێنانی حكوومەت دەستی پێ نەکردووە و چاوەڕوانیی پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکانی دادگای فیدراڵین، بەڵام لێرەو لەوێ بەشێک لە لایەنەکان هەڵوێستی خۆیان لەسەر شێوەی حكوومەتی ئایندە ئاشکرا کردووە و بەروونی دژی هەنگاوەکانی سەدرن.
لەلایەن خۆیەوە نەبیل ئەلعەلی، پێی وایە جەدلیەتی پیکهێنانی حكوومەتی ئایندە لە نێوان “حكوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی”، وەک سەدر ئاماژەی پێ داوە و لەبەرامبەر حكوومەتێکی تەوافوقی کە زۆربەی لایەنەکانی نێو “ناوەندی هەماهەنگی شیعەکان” کە زۆربەی پارتە شیعەکانی تێدا کۆ بوونەتەوە، گیری خواردووە.
بە گوتەی ئەو توێژەرە سیاسییە “دەرهاوێشتەی هەردوو داواکارییەکە بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێنەوە، لەوانە سەدر سوورە لەسەر دوورخستنەوەی نەیارەکانی و، لە هەمان کاتیشدا وەڵامی بەرنامەی هەڵبژاردنەکانی بێت و هەڵەکانی ڕابردووش دووبارە نەبێتەوە”. هاوکات لایەنی بەرامبەریش، کە زۆرینەیان لایەنگر و پاڵپشتیکراوی رژێمی ئێرانن، دەیانەوێت هاوسەنگیی سیاسی بەرامبەر دۆڕاندنەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی ١٠ تشرینی یەکەمی رابردوو دروست بکەن، جگە لەوانەش هاوسەنگییەکی سیاسیی بۆ رژێمەکەی بەغدا دروست بکەنەوە کە لەدوای رووداوەکانی خۆپێشاندانەکانی ٢٠١٩ بەدی هاتوون.
لەو نێوەندەش ناوەندی هەماهەنگی شیعەکان کە زۆرینەی ئەو هێزانە لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران پێک هاتوون و دەستیان لە ڕشتنی خوێنی خۆپێشاندەران و چالاکواناندا هەیە، ترسیان لەوەیە پێکهێنانی حكوومەتێکی زۆرینە ڕووبەرووی لێپرسینەوە و سزایان بکاتەوە، بۆیە نایانەوێت لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا خۆیان ببینەوە.
پرسی گەندەڵییش یەکێکە لە کەیسێکی ئاڵۆزەی حكوومەتی عێراق کە تا ئێستا نەتوانراوە یەک هەنگاو بۆ بنبڕکردنی بەرەو پێشەوە بچێت کە چەندین پارتی سیاسی و لایەنیتێوەگلاون، مەترسییەکی زۆریان بۆ دروست بووە، حكوومەتی ئەمجارە دەست بە بڕینی باڵەکانیان و پاوانخوازییەکانیان بکات.
لە سەرووی ئەمانەشەوە کە هەردوو بەرەی نەیار لە عێراقدا داوای دەکەن، لە ڕاستیدا لە دوای ٢٠١٩ و پێش ئەویشدا، حكوومەتی ناوەندی بەغدا حكوومەتێکی زۆرینەی سیاسی بووە، نەک حكوومەتێکی تەوافوقی، چونکە عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی، هەردووکیان لەکاتی پێکهێنانی حكوومەتەکانیان زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی دیکەیان دوور خستبووەوە. بۆیە هەردوو کابینەکەی پێشوو لەلایەن هاوپەیمانی بنیات و هاوپەیمانی چاکسازی، بە بەشداریی ژمارەیەک لە هێزە سوننەکان و کورد بوو.
ئەوەی سەدر داوای دەکات و هێزە شیعەکانی دیکەی نزیک لە تارانیش داوای دەکەن، هەمان شێوەی دوو کابینەکەی پێشووە، بەڵام بە جۆرێکی فراوانتر لەوەی پێشوو، چونکە لەکابینەکەی عەبدولمەهدیدا هاوپەیمانی نیشتمانی و هاوپەیمانی نەسر و ڕەوتی حیکمە و دەوڵەتی یاسا دوور خرابوونەوە لە بەشداریکردن لە حكوومەت، لەکابینەکەی کازمیش هەمان سیاسەت پەیڕەو کرا.
بۆیەش تا ئەوکاتەی دادگای فیدراڵی ئەنجامەکان پەسەند دەکات و یەکەم دانیشتی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرێوە دەچێت، روون نییە چ لایەنێک زۆرینەی کورسییەکان لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکی پەرلەمانی رادەگەیەنێت، ئەگەر لایەنەکانی دیکە سەرکەوتوو نەبوون لەو هەنگاوە، ئەوا فراکسیۆنی سائیرون بە ٧٣ کورسی پەرلەمان دەبێتە براوەی یەکەم و گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق کە بە پێی دەستوور مافی پێکهێنانی حكوومەتی پێ ڕادەسپێردرێت.

ھەواڵی زیاتر