پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

گەدای خانــــــــەدان

وه‌رگێڕانی: خالید فاتیحی

ئاخ.. ئاخ.. ئاخ.. تەواوی ئەو موشتەریانەی لە چایخانەی (بەیازەت) لە ژێر سێبەری درەختەكان دانیشتبوون، لێكڕا سەریان بەرەو ئەو لایەی كە دەنگی گریانەكەی لێدەهات، وەرگێڕا. لەوێ ژنێكی عەبا بەسەر كە توندوتۆڵ خۆی لە چارشێوەكەی لولدابوو، یەكبین دەگریا و بێدەنگ نەدەبوو. ئەو دیمەنە كاری لە هەمووان كرد. دەنگی مۆرەهەڵدانی ئەوانەی یاری تاوڵەیاندەكرد وەستا و نێرگەلەكان لە قوڵپەقوڵپ كەوتن. ژنە زۆر بە سۆز دەگریا. یەكێك لە یاریكەرەكان، زۆر بە ئەسەفەوە سەری باداو گوتی:
-چبووە خانم؟ بۆ چی دەگری؟
تێكڕای موشتەریەكانیش بێدەنگ بوون، بۆ ئەوەی هۆكاری گریە و زاری ژنە بزانن سەریان بەرەو لای وەرسوڕاند.
كاتێك دەستی ژنە لە ژێر چارشێوه‌ رەشەكە هاتە دەر و داوای پارەی كرد، هەموو شتێك ئاشكرا بوو، هەمووان زانیان ئەو ژنە سواڵكەرێكی ئاساییە. دەست بە جێ‌ تەواوی دڵسۆزیەكان ئاوەژوو بوونەوە.
مۆرەكان دووبارە هەڵدرانەوە و نێرگەلەكان كەوتنەوە دووكەڵكردن.
لە راستیشدا هیچ شتێك شایەنی تێڕامان نەبوو. چما دەكرێ سواڵكەرەكانی ئەستەمبوڵ بژمێری؟ ئەگەر بنیادەم بیەوێ هەر سواڵكەرێكی دیت دڵی بۆ بسووتێ‌ دەبێ بەیانی تا ئێوارێ گریە و ناڵە بكات، ئەو كاتیش نەدەتوانێ‌ دەستەیەك تاوڵە بكات نە كاتیشی دەبێ یەك دوو نێرگەلە بكێشێ.
ژنە هێشتا یەكبین دەگریا و فرمێسكی دەڕشت.

  • ئۆهوو.. ئۆهوو.. ئۆهوو…
    حاجی ئاغایەك كە لە تەنیشت مەلایەك دانیشتبوو، لەو گریان و هات و هاوارەی ژنە بێزار بوو.
    -وای. وای. وای. زۆر سەیرە، بنیادەم لە دەست ئەو سواڵكەرە بێشەرمانە نازانێ‌ چ بكات، تا دێی پشوویەك بدەیت و كاتژمێرێك لەگەڵ هاوڕێیان چەند قسەیەك بكەی ئەو جۆرە دیمەنانە دەبینی به‌ته‌واوی مێشكی مرۆڤ تێكدەدەن.
    تێكڕای ئامادەبووان دەستیان كرد بە ناڕەزایی دەربڕین و پرتەوبۆڵە، لە هەر لایەكەوە پلار و توانجیان ئاراستەی گەدای بەدبەخت دەكرد. بێگومان لای خۆتانەوە بیر دەكەنەوە خەڵك چەندە دڵرەق و بێرەحم بوونە، چۆن دەكرێ ئافرەتێكی بەدبەخت و بێچارە بێبەش بكەیت. بەڵام من لای خۆمەوە وا بیر ناكەمەوە، دڵنیاشم زۆر كەسی دیكەش حەز دەكەەن یارمەتی خەڵكی بدەن، بەڵام باری دارییان خراپە. ئەو پیاوەی كە ریشی نەتاشیوە و پێڵاوەكانی لە ئەنجامی بۆیاغ نەكردن، كاڵ بوونەوە بێگومان پارە نییە. ئەگەر ئەو پیاوە لەڕو لاوازەی منداڵێكی بەدواوەیە دووسێ قرۆش پارەی هەبا، گوێزی بۆ منداڵەكەی دەكڕی. یان ئەو پیاوە قەڵەوە، كە بەردەوام ئارەقی ناوچاوانی بە دەسڕە پاك دەكاتەوە، پێتوانیە پڕ بە دڵ حەز دەكات شەربەتێكی سارد بخواتەوە، بەڵام بە داخەوە پارەی نییە. باقی موشتەریەكانی چایخانەش بە هەمانشێوە.
    سواڵكەرەكە سەرەنجام تێگەیشت فرمێسك ڕشتن هیچ دادی نادات. هه‌ر بۆیه‌ پاش ماوەیەك بێدەنگی، وەك ئەوەی بە فكرێك گەیشتبێت، لە ناكاو بە دەنگێكی بەرز دەستی به‌قسان كرد:
    -ئاخ ئەم دنیایە چەند بێوەفایە. ئێمەی بنیادەم چەندە بێئاگاین، ئەگەر ئێوە دەتانزانی من لە كام بنەماڵەم هێندە تیروتوانجتان لێنەدەدام.
    دووبارە سەرەكان بەرەو لای ئەو وەرسووڕانەوە و گوێ قوڵاغ بوون.
    ژنە درێژەی دایە:
  • من بێوەژنی شام.. ناوێكی گوت، روون نەبوو عەبدولڕەحمان یان محەمەد یان شتێكی دیكەبوو.
  • بەڵی من لەو پلە و پایەوە كەوتوومە ئەو رۆژگارە. سەروەت و سامان وەك چڵكی دەستان وایە زوو دەسرێتەوە.
    پاشان روونكردنەوەیەكی دوورودرێژ لە سەر باڵەخانە و نۆكەر و قەرەواش و سندووقی پڕ لە زێڕ و جەواهیراتی مەرحومی پاشا، لە كۆتاییدا گوتی:
  • لەگەڵ ئەوەشدا دەبینن بۆ نانی شەو موحتاجم.
    ورتە ورتێك لە دەورووبەر پەیدابوو. چەند وشەیەكی پچڕپچڕ دەبیسترا.
  • ئەی بێچارە. بەراستی زۆر دژوارە ژنێكی خانەدان، ناچاربێ گەدایی بكات.
    شەپۆلێكی گەورەی دڵسۆزی بەرامبەر به‌و گەدا خانەدانە لە هەموو لایەك بەرز بوەوە. سەری تورەكەكانیان كردەوە و دراوەكانیان جرینگ جرینگ لە بەرپێیدا هەڵڕشتن.
    ئەو پیاوەی پێڵاوەكانی بۆیاغ نەكردبوو، بیست قرۆشی دایە. ئەو پیاوەش كە گوێزی بۆ منداڵەكەی نەكڕیبوو، دە قرۆشی دایە. تەنانەت ئەو حاجیەی كە لە پێشدا زۆر تووڕە بوو قسەی ناخۆشی پێگوتبوو، لە قسەكانی پەشیمان بووەوە، لە كاتێكدا چەند سكەیەكی گەورەی بۆ نارد گوتی:
    -دیار بوو ئەو ژنه‌ گەدایەكی ئاسایی نییە.. سەیركەن قەدوقیافەی چەند لە خانەدانان دەچێت. خواهەڵناگرێ بنیادەم تیر و توانج لەو جۆره‌ خەڵكانە بدات، هەر چۆنێك بێت خانەدانن و لێكەوتوون.
    لە هەڵسوكەوتی حازریانیش دەبینرا لە رەفتاری چەند دەقیقە پێشی خۆیان پەشیمانن. دەستبەجێ بڕێكی زۆر پارەیان بۆ ئەو گەدا بە ئابڕووە كۆكردەوە. خاوەنی چایخانەكە پارەكانی كۆكردنەوە و بەڕێزەوە رووی كردە بێوەژنی پاشا و گوتی:
  • فەرموون ئەو پارەیە شایانی جەنابتانی نییە. ئێستا دیتت ئێمە بەرامبەر خەڵكانی بەڕێز چۆن بیر دەكەینەوە؟ هەموومان بێئەوەی مەبەستێكمان هەبێ، لایەنگری خەڵكانی خانەدان و ئەشرافین. تەنانەت گەدایانی خانەدان لە لای ئێمە خاوەن ڕێزن.
    بێوەژنی پاشا لە چایخانەكە هاتە دەر. تا نەگەیشتبووە بازاڕی (چەبەلجی) هێشتا قەدوقیافەی غەمگین و پەرێشان بوو، بەڵام كاتێك گەیشتە ئەوێ بە دەنگێكی بەرز پێكەنی و لە ژێر لێوانەوە گوتی:
  • ئێمەی بێچارە لە سایه‌ی سەری خانەدان و خواپێداوان دەژین.
    سەرچاوە :
    كۆمەڵە چیرۆكی (مرد شرقی)