رێبەر ئەحمەد و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە جنێڤ کۆدەبنەوە

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران لە جنێڤ، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/12/2023، لە دووەم رۆژی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و دۆخی ناوچەکە دەکرێت.

کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران 2023، دوێنێ چوارشەممە، 13/12/2023 لە شاری جنێڤی سویسرا دەستیپێکرد و تا رۆژی هەیینی، 15/12/2023 بەردەوام دەبێت، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و به‌ یاوه‌ری دكتۆر ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بەشداری کۆڕبەندەکەن.

لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە دۆخی پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا، لە عێراق شانازی بەو دەستکەوتانە دەکەن کە هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە، هاوکات سەرکەوتووبووینە لە لەخۆگرتنی پەنابەران. گوتیشی: “لە وڵاتی ئێمە دەستووری فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەماهەنگن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی دیکە لە دەستبەرکردنی پەنابەران، ئێمە ئاسایش و پشتیوانیشمان بۆ پەنابەران دابینکردووە بۆ ئەوەی لە عێراق بمێننەوە”.

ھەواڵی زیاتر