چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مه‌رجی لە کارخراو و پێوه‌ری جێبه‌جێ نه‌كراو

فازڵ میرانی

ئه‌و نموونه‌ شیكارییه‌ ڕێكوپێكانه‌، یان هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی له‌ ئه‌دای ناوه‌ندی بڕیاردانی عێراقی 2003ی وه‌رگیراون، واقیعێكمان بۆ وێنا ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ زیهنیه‌تی یاخیگه‌ر و ئه‌وانه‌ی به‌ تاسه‌وه‌ چاویان له‌وه‌ بڕیوه‌ ڕۆژێك وڵات بخه‌نه‌ ژێر ڕكێفی خۆیان، بترسین.
هه‌موو ئه‌مانه‌ وامان لێ ده‌كه‌ن به‌رده‌وام له‌ ئاماده‌سازی دابین و كاربكه‌ین بۆ له‌باربردنی هه‌ر ده‌ر‌فه‌تێك بۆ كوده‌تا. له‌سه‌ر ئه‌و ئامانجه‌ ڕاسته‌ی ، كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان ڕه‌وت بكه‌ین، كه‌ پێشه‌نگیان پارتییه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یش بۆ سه‌لامه‌تی مانه‌وه‌ی خۆمان له‌ عێراقدا.
ئه‌مه‌ له‌ ناوه‌ندی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی شاراوه‌ نییه‌، هه‌روه‌ها نه‌ درۆیه‌ و نه‌ پڕوپاگه‌نده‌شه‌، كه‌ عێراق ئێستا له‌سه‌ر هه‌مان میرات و عه‌قڵیه‌تی كۆنینه‌ی بڕیاردانی ده‌ڕوات، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكوو ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر موڵك و ماڵی گشتی زۆرتربووه‌، ده‌كۆشێت هێزی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌ستباری بۆ
بگرێت، كه‌ نه‌خشه‌ی كاركردنی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی نیشتمانییه‌.
ئاره‌زووبازی، یان میزاج، هه‌ر یه‌ك له‌مانه‌ بێت، گه‌ره‌كه‌ تێبه‌گه‌یت، كه‌ ده‌قه‌كانی حوكمڕانی ده‌ستوور، پێویست ناكات ‌ له‌ بواری یاسادانان و جێبه‌جێكردن و ئیداره‌دا بسه‌پێندرێن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌،‌ ‌ له‌به‌ر پێشێلكاری، مه‌رجی پێوه‌ره‌كه،‌ یانی نموونه‌ی داواكراو، جێبه‌جێ ناكرێت.
به‌ گریمانه‌كردنی نیازپاكی، یان نه‌بوونی ئه‌زموون، كه‌ پێویستی به‌ هاریكاری و ئاراسته‌ی كه‌سانی لێزان هه‌یه‌، ده‌ڵێم: هه‌موو ئاماژه‌كانی واقیع، پاشه‌كشه‌یان له‌ دۆخی پێشوویان كردووه‌، هه‌موو ئه‌و به‌رنامانه‌ی بۆ هه‌ستانه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری هه‌ڵه‌كان ده‌خرێنه‌ ڕوو، پێویسته‌ واقیعی بن و قابیلی جێبه‌جێكردن بن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ گرنگییان پێ بدرێت، نه‌ك به‌ ڕێكه‌وت و پڕوپاگه‌نده‌ داندرابن، هه‌روه‌ها ڕاشكاو و هاوته‌ریب بن، یان كرده‌ی ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی به‌دوادا بێت. بێده‌نگی دوای ده‌ستنیشانكردن، یان نه‌بوونی چاره‌سه‌ر، مانای وا نییه‌ هه‌واڵپێدانه‌كه‌ی بێسووده‌.
كاتێك سه‌ركرده‌كانی وڵات پێش 2003 ئێمه‌یان به‌ چه‌كی كیمیاوی بۆردومان كرد، ته‌نیا به‌ ڕاگه‌یاندن و هه‌واڵپێدان نه‌وه‌ستاین، به‌ڵكوو بۆ چاره‌سه‌ری شوێنه‌واره‌ تاڵ و سه‌خته‌كانی كه‌وتینه‌ خۆمان ، غه‌درمان ڕه‌تكرده‌وه‌ به‌ ده‌قێك، كه‌ هاونیشتمانیبوون پێوه‌ری ماف و ئه‌رك بێت، هاووڵاتیبوونمان له‌ عێراق هه‌ڵبژارد.
تاوانی ئه‌نفال و وێرانكردنی خاك و سزادانی هاووڵاتییانی سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد و هه‌روه‌ها له‌ڕێی وێرانكردنی ئابووری و كولتووری وڵاتمان چه‌ندان نه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مانیان كرده‌ ئامانج.
هه‌موو ئه‌و تاوا‌نانه‌ وایان لێ نه‌كردین تۆماری كۆن هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ و كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وانه‌ی مێژووی ساخته‌كراو، یان بڕێك له‌ هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی، بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌ستكه‌وتی تاكه‌كه‌س یان ده‌سته‌یه‌ك به‌كار ده‌هێنن. قسه‌ی من ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ شانوباڵی خۆماندا هه‌ڵبده‌م و به‌ ناهه‌ق باسی ئه‌وانی دیكه‌ بكه‌م، ئه‌وان باش مێژووی خۆیان ده‌زانن، ده‌زانن چییان كردووه‌ و ده‌یكه‌ن، ئێمه‌یش‌ باش ئه‌وان ده‌ناسین و ئه‌وانیش باش ئیمه‌ ده‌ناسن.
كاتێك له‌ ناوخۆی وڵات و ناوچه جۆربه‌جۆره‌كان، له‌ پیشه‌ جیاواز و نه‌وه‌ جۆربه‌جۆره‌كان به‌ هاوڵاتییانی عێراق ده‌گه‌م و دیداریان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م، له‌باره‌ی واقیعیان گفتوگۆ ده‌كه‌م، كه‌ هه‌ر زوو به‌رپرسیاری بۆ ئه‌دای كاری فه‌رمی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانیان و مافه‌كانیان كه‌م ده‌بنه‌وه‌ و بازنه‌ی پابه‌ندبوون و ئه‌ركه‌كانیان زۆر ده‌بێت، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ ده‌ستووره‌وه‌ نییه‌. هاووڵاتییان به‌بێ هه‌ڵاواردن په‌لاماری هه‌موو لایه‌ك ده‌ده‌ن، كه‌ هۆكاری ترس و هه‌ژار و نه‌زانی و قه‌یرانه‌ یه‌ك له‌ دوای ‌یه‌كه‌كانیانن.
ته‌نانه‌ت كه‌مینه‌ی خۆشگوزه‌رانیش، هه‌وڵده‌ده‌ن شوێنكی ئارام دوور له‌ ده‌سته‌ڵاتی یاساشكێن و به‌رتیلوه‌رگر و پاره‌سێنان به‌ زه‌بری چه‌ك، بۆ ژیانیان بدۆزنه‌وه‌.
من ئه‌وانه‌ سه‌ركۆنه‌ ناكه‌م، چونكێ هیچ سوودی بۆ ئه‌وان نابێت، به‌رگریكردن له‌ هه‌ڵه‌ی‌ ئه‌نقه‌ست، هیچ حیكمه‌تێكی تێدا نییه‌.
پاساوهێنانه‌وه بۆی، یان هه‌ڵه‌ی نه‌خوازراو بێ چاره‌سه‌ر، كه‌ دۆخه‌كه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر باری ڕاستی خۆی، بۆ تاك زۆر ناخۆش و سه‌خت ده‌بێت، ده‌وڵه‌ت چاودێریی ناكات و هاونیشتمانبوونێكی موحته‌ره‌مانه‌ی بۆ دابین ناكات.
دوای ئازادكردنی كوێت، ڕژێم دژ به‌ ڕاپه‌ڕینی گه‌له‌كه‌مان چه‌ند هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ست پێ كرد، زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ره‌و سه‌رسنوور ئاواره‌ بوو. ئه‌مه‌یش یانی هاووڵاتییبوون به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌پێی نیزام ده‌جووڵێته‌وه‌، مه‌به‌ستی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌، ده‌ست به‌ستن و له‌ سێداره‌دانیان بوو، تاكوو ئێمه‌ ببینه‌ سووته‌مه‌نیی ده‌سته‌ڵاتێك هه‌ر كاتێك ویستی لێمان ببوورێت و هه‌ر كاتێكیش ویستی بمانكوژێت. هه‌ر بۆیه‌ پێوه‌ری پێشوو له‌به‌ین چوو. به‌ڵێ، به‌ مه‌رجی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی ده‌قه‌كانی به‌پێی هه‌واو و میزاج ڕام كردوون، ئه‌م پێوه‌ره‌ له‌ ده‌ست چوو. به‌ڵێ جوداوازی و پشتگوێخستن ده‌ستی پێ كرد، حیكایه‌تی 2003 به‌م چه‌شنه‌ بوو.
بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ هاووڵاتییانی عێراق و كوردستان كاره‌كانیان په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن، وه‌ك چۆن ئه‌وانه‌ی به‌ زه‌بری هێز دوورخرانه‌وه‌، ئه‌وانه‌شی، كه‌ عێراقیان كردووه‌ به‌ دۆزه‌خ، به‌ری كرداره‌كانیان ده‌چننه‌وه‌، ڕۆژێك دێت ده‌ڕۆن و پاساو بۆ شكسته‌كانیان ده‌هێننه‌وه‌ و به‌رپرسیاریه‌تی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شانی كه‌سانی دیكه‌. ئه‌گه‌ر هاووڵاتیی تمووحدار بیه‌وێت هاونیشتمانییه‌كی ڕه‌سه‌ن و تۆكمه‌ بێت، ئه‌وه‌ به‌شداریكردنی له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌كه‌یدا، زه‌مانه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی زیانه‌كه‌ كه‌م بێته‌وه‌.