ئارەزوو جەبار شوانی، کاندیدی لیستی ١٩٧ی پارتیلە کەرکووک:پارێزگاری سەپێندراو لادەبەین و چیتر ڕێگە بە تەعریب نادەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاندیدێکی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: ڕۆژبەڕۆژ خەڵکی کەرکووک زیاتر گرنگی بەهێزبوونی پارتیان بۆ دەردەکەوێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە زۆرترین کورسی لە شاری کەرکووک بە دەست دێنین. دەشڵێ: بەھێزیی پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان بەھێزیی کوردە، لاوازبوونی پارتیش لەم ناوچانە تەعریب و داگیرکاری بەردەوام دەکات، لە ھەمان کاتدا عەرەب و تورکمانەکان دەزانن ژمارەی دەنگەکانی کورد زیاد دەبێت، بۆیە داوای دواخستنی ھەڵبژاردن دەکەن.

ئارەزوو جەبار شوانی، بەربژێری ژمارە ١٢ی پارتی لە لیستی ١٩٧، بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک، گوتی: لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بانگەشە بۆ لیستی ١٩٧ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئارامی بەڕێوە دەچێت و ڕێز لە ھەموو پێکھاتەکان دەگرین. دوای کردنەوەی بارەگای لقی سێی پارتی و گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی لایەنگرانی پارتی زیاتر دەبن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە زۆرترین کورسی لە شاری کەرکووک بە دەست دێنین.
ناوبراو ڕایدەگەنێت: بەگشتی پۆستەرەکانی بەربژێرانی پارتی دەدڕێندرێن، بەداخەوە پۆستەری ئێمەیشی تێدایە و زۆرترین پۆستەرم لەنێو کاندیدەکاندا دڕێنراون و شێوێنراون، ئەو ڕەفتارەش بۆ بەھێزیی پارتی و لیستی ١٩٧ دەگەڕێنمەوە، ئەوانەی پۆستەر و وێنەی کاندیدانی پارتی دەشێوێنن نیشانەی دۆڕاندنیانە و ھیچیان پێ نەماوە و تەنیا ئەم کارە ناشیرینە نەبێت، بەشێواندنی پۆستەری ئێمە ناتوانن ئیرادەی ئێمە و دەنگدەرانمان بشکێنن.
ئارەزوو جەبار شوانی، بەربژێری ژمارە ١٢ی پارتی لە کەرکووک، زیاتر دەڵێ: عەرەب و تورکمانەکان دەزانن ژمارەی دەنگەکانیان کەم دەبێت، لە ھەمانکاتدا دەزانن ژمارەی دەنگەکانی کورد زیاد دەبێت، بۆیە داوای دواخستنی ھەڵبژاردن دەکەن، ھەروەھا دەیانەوێت ئەم بارودۆخە بەم شێوەی ئێستە بەردەوام بێت، ئێمەش ئەو دۆخەی کە دروستبووە بە ھەموو شێوەیەک ئیدانە دەکەین، ھەوڵدەدەین لەڕێگەی ھەڵبژاردنێکی دیموکراتی و مەدەنییەوە ئەم بارودۆخە ناھەمووارە بگۆڕین و دۆخی کەرکووک وەکو پێشووی لێبێتەوە و ئەم پارێزگارە بەزۆر سەپێندراوە بگۆڕین.

ھەواڵی زیاتر