دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لە دهۆك: بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ك ڕێز لە شاعیر و نووسەر و مامۆستای ئەكادیمی پڕۆفیسۆر دكتۆر بەدرخان سندی دەگرێت

دوێنێ، بەئامادەبوونی دكتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسانی حزبی و حكومی و ڕۆژنامەنووسان، شاعیران، هونەرمەندان، مامۆستایانی زانكۆ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی لە هۆزانڤان و نووسەر و مامۆستای ئەكادیمی پڕۆفیسۆر دكتۆر بەدرخان سندی بەڕێوەچوو.

لە دەستپێكدا وتاری بەخێرهێنان لە لایەن ئیحسان ئامێدی بەرپرسی ناوەندی ڕۆشنبیری ڕاگەیاندنی خانی خوێندرایەوە.
دواتر دكتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتەیەكدا سوپاسی ئامادەبوانی كرد بۆ بەشداریكردنیان لە چالاكییەكی مانادار كە ڕێزگرتن و وەستانە لە بەرهەمداری و ئاوڕدانەوەیە لە كەسایەتییە گرنگەكانی كوردستان.
وتیشی ئێمەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێزەوە سەیری دوێنێمان دەكەین و دەمانەوێت ئەمڕۆمان پتەو بكەین بەهیواشەوە لە سبەینێ دەڕوانین ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی ڕێز لە كەلەپیاوێكی گەورەی وڵاتەكەمان بگرین ئەویش پرۆفیسۆر دكتۆر بەدرخان سندی-یە
هەروەها گوتی: هەر نەتەوەیەک كە ڕێز لە نووسەرەكانیان دەگرن، ئەوا نەتەوەی زیندوون و دەیانەوێت ڕۆلی قەڵەم بنەخشێنن.
پاشان فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لە سەر ژیانی و پانێلێكی تایبەت بە هەلبەستڤانی و ئالیێ ئەكادیمی و زانستی و بواری ڕۆژنامەنووسیی بەدرخان سندی پێشكەشكرا.
لە كۆتایشدا بە وتاری نووسەر و شاعیر و مامۆستای ئەكادیمی پڕۆفیسۆر دكتۆر بەدرخان سندی و پێشكەشكردنی خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپكە گوڵی ڕێز و وەفا كۆتایی بە مەڕاسیمەكە هێنرا .