سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ڕۆڵی ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

هۆزار تۆفیق*

من وەك ئافرەتێك ئەمەوێت باس لە هێز و تواناكان ئافرەتان بكەم و بابەتەكەم تایبەت بكەم بە داهێنان و ڕۆڵ و گرنگی و ئاستەنگەكانی بەردەم ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی حكوومەت و ناو فەرمانگەكان. پێموابێت ئەبێت ئەو ئاستانە تێپەڕێنین كە باس لە ئاستەنگ و كێشە و گرفتەكانی ئافرەتان بكەین بۆ نەهێشتنی توند و تیژیی دژی ئافرەتان و مافی ئازادیی ئافرەتان بە هۆكاری ئەوەی ئەم پرسانە زیاتر كاری ڕێكخراو و لیجنەكانی پەرلەمان و چەند لایەنێكی تر كە تایبەتن بە پرسی ئافرەتان. وە ئەم كێشانەی كە باسی لێوە دەكرێت تەنها تایبەت نییە بە ئافرەتانی هەرێمی كوردستان و عێراق بەڵكو ئەمە پرسێكی جیهانیە كە ئافرەتان لە هەرشوێنێكی ئەم جیهانە بن ڕووبەڕووی ئەو كێشەو ئاستەنگ و توند و تیژیە دەبنەوە.
ئەو گۆڕانە ئەرێنیانەی كە لەلایەن كۆمەڵگاوە بە دوایدا دەگەڕێن بە شێوەیەكی بەرچاو پشت دەبەستێت بە واقیعی ئافرەتان و تا چ ڕادەیەك دەتوانن ڕۆڵی خۆیان لە كۆمەڵگادا بگێڕن، چونكە ئافرەتان ڕۆلێكی سەرەكیان هەیە لە بنیاتنانی خێزانەكانیان و چاودێریكردنیان لە ڕێگەی ئەوەی دەكەوێتە سەرشانیان وەك دایك لە بەرپرسیاریەتی بەخێوكردنی نەوەكانیان و ئەوەی كە ئەوان وەك ژن لە بابەتی بەڕێوەبردنی خێزاندا هەڵیدەگرن، كە بێگومان ڕۆڵی سەرەكیان هەیە لە پێشكەوتنی كۆمەڵگادا لەسەر ئاستی جۆراوجۆر و جیاواز لەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو توانا و ڕۆڵانەی كە هەیەتی لە كۆمەڵگادا و لە سەرجەم كایەكانی ژیان. من نامەوێت بچمە ناو ئەم بابەتانەوە بۆچی هەتا ئێستا ڕۆڵی ئافرەتان وەك پێویست نییە لە بەڕێوەبردنی كایەكانی ناو حكوومەت ؟
ئافرەتان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و لە حكوومەتە مۆدێرنەكان زیاتر نوێنەرایەتی دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتان بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی وڵاتان و حكوومەت بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە. چەندین ئافرەت پۆستی وەزیری دیاریان هەیە لە سەرانسەری جیهان. لە سەدەكانی 20 و 21 لەم ساڵانەی دوایدا ئافرەتان وەزیری باڵایان لە حكوومەتەكانیاندا بەدەست هێناوە لەو بوارانەی كە پێشتر لە حكوومەتدا بە ئافرەتان نەدەكرا وەك ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و دارایی و كاروباری دەرەوە.
ئەگەر لایەنەكان و حكوومەت و دەسەڵات هەوڵ بدەن بۆ بەهێزكردنی ئافرەتان، پێویست بە زیادكردنی نوێنەرایەتی ئافرەتان هەیە لە حكوومەتدا كە ئەمە هۆكار دەبێت بۆ بەهێزكردن و دەسەڵاتی زیاتری ئافرەتان و بە دەستهێنانی یەكسانی جێندەری و بەشداریی ئافرەتان لە بڕیاردان و پەرەپێدانی سیاسەت لەسەر هەموو ئاستەكانی حكوومەت، ئەمانە هۆكار ئەبن كە دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ئافرەتان بەرەو باشتر بڕوات.

  • لەساڵی 1954 نەتەوەیەكگرتووەكان بەیاننامەی مافە سیاسەكانی ئافرەتان خستە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ پاراستنی مافەكانی ئافرەتان لە دەنگدان و هەڵگرتنی پۆست و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەو شێوەیەی كە بۆ هاوڵاتیانی نێر دابین دەكرێت لە یاسا نیشتمانییەكاندا و لەسەر بنەمایەكی یەكسان.
    *هەرچەندە هەوڵ دراوە كە ئافرەتان لە كابینەكانی پێشتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پۆست وەربگرن، بەڵام لەئاستی پێویست و تموحی ئافرەتاندا نەبووە پێویستە ئافرەتان هاوبەشییان پێبكرێت لەسەرجەم كاروبارەكانی حكوومەتی هەرێم وەك لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی وەزارەتەكان و هاوبەشی پێكردنی ڕێژەیەكی زۆری ئافرەتان لە پەرلەمان و لە پرۆسەكانی چاكسازی و توندوتیژی دژی ئافرەتان؛ هەڵبژاردنی ئافرەتان وەك ڕاوێژكار بۆ سەرۆكی حكومەت و پلە و پێگەكان كە پێویستیان بە ڕاوێژكار هەیە، لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها یەك ئافرەت پلەی وەزیری هەبووە لە كۆی سەرجەم وەزارەتەكان و كابینەی هەشتەم كە ناسراو بوو بە حكوومەتی بنكە فراوان لەو كابینەیش لە كۆی 23 وەزیر تەنها یەك وەزیر ئافرەت بوو وە لە كابینەی نۆیەم تەنها 3 وەزیر ئافرەت بوو كە ئەمەش لەئاست چاوەڕوانی و تواناكانی ئافرەتان نەبوو واتا كەمترین ڕێژەی ئافرەتان بەشداری پێكراوە لە و پێگە و پۆستانەی كە خاوەن قەرارن و پێگەیەكی بەرزیان هەیە لە حكوومەتدا؛ چونكە ئەگەر لە پلە و پۆستێك دابنرین كە خاوەن بڕیار و بەڕێوەبردنی كاروبارەكان بن هیچ كات ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگ و كێشە ئیداریانە نابینەوە كە دواجار مافی ئافرەتانی پێشێل بكرێت و یاخود لە پێگە و گرنگی ئافرەت كەم بكاتەوە یاخود تەنها بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكان بێت بە ئافرەتان؛ بەڵكو دەبێت خاوەن بڕیار و پێگەی خۆی بیت و بەشداری پێكردنی ئافرەتان لە لەكارو بارەكانی سیاسی و وەزارەت و دەستە گرنگەكان.
    لیرەوە بە گەشبینی ئەڕوانمە كابینیەكانی داهاتوو كە بەو هیوایەی ڕێژەیەكی زۆری ئافرەتان بەشداری پی بكرێت لە ناوەندەكانی بڕیاردان و لێرەشەوە داوایەكم لەسەرجەم ئافرەتان هەیە كە لەكاتی وەرگرتنی ئەو پلە و پۆستانە بە هەڵسوكەوتی ئافرەتانەی خۆیان بمێننەوە و بە دڵێكی گەورە و میهرەبانەكەی خۆیان كار بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگا بەگشتی بەبێ جیاكاری لە ڕەگەزدا و هەروەها پاڵپشتێكی باشی ئافرەتان بن بۆ هاوكاری و هێنانە پیشەوەی ئافرەتان بۆ ئەوەی ڕێگری بكەین لە ئیستغلال كردنی ئافرەتان لە لایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە لە پێناو گەیشتنی ئافرەتان بە هەندێك پلە و پۆست، ئەو ژنانەی كەلە سیاسەتدا كار دەكەن لە ناوچەكاندا بەتەواوی ئاگاداری ئەو كیشانە بن كە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە كۆمەڵگاكاندا بەشێوەیەكی تایبەت هەوڵی چارەكردنیان بدەن.
    وە هەروەها ئەو پاڵپشتیانەی هەندێك لە پیاوان لە بیر نەكرێت كە بەشیوەیەكی ڕاستەوخۆ یاخود نا ڕاستەوخۆ هاوكار و پاڵپشتیكی باشی هاوسەرەكانیان بوون یاخود ئەو پیاوانەی كە پالپشت بوون بۆ سەركەوتنی خوشكەكانیان،وەهەروەها هەندێك لە گەڕەزی بەرامبەر بێ هیچ بەرژەوەندیەك و دۆستایەتیەك هاوكار و پالپشتن بۆ سەركەوتنەكانی ئافرەتان و هاندانیان بۆ زیاتر هاتنە پێشەوەی ئافرەتانی سەركەوتوو.
    *ئەندازیاری شارستانی