سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌( رۆژنامه‌ی هه‌ولێر)ـدا

كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس *

هه‌ر له‌سه‌ره‌تای مێژووی مرۆڤایه‌تیودا رۆژنامه‌ به‌گشتی رۆڵێكی گرنگ بینیوه‌ له‌ پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی رۆشنبیرو ته‌ندروست،جگه‌له‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بووه‌ بۆ هه‌رتاكێك له‌ هه‌مان كاتدا رۆژنامه‌ شوێنی ئاڵوگۆركردنی بیروراكان بووه‌ و فاكته‌رێكی گرنگ و به‌هێز بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ران ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانیان له‌رێگه‌ی رۆژنامه‌وه‌ بگه‌یننه‌ خوێنه‌رانه‌وه.‌
ئه‌م رۆ ژنامه‌یه‌ پێگه‌یه‌كی گرنگی له‌ كاروانی رۆژنامه‌رگه‌ی كوردیدا هه‌یه‌ هه‌رله‌یه‌كه‌م ژماره‌ییه‌وه‌ گرنگی به‌هه‌موو بابه‌ته‌كانی رۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ (سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی،ئایینی،فه‌لسه‌فه‌…)داوه‌ بگره‌ به‌جۆرێك بووه‌ هیچ كام له چین و توێژه‌كانی نێوكۆمه‌ڵگای وه‌كو (ئافره‌تان، قوتابیان، هونه‌رمه‌ندان، نووسه‌ران، منداڵان..) فه‌رامۆش نه‌كردووه‌ ئه‌مه‌ش خاڵێكی سه‌ركه‌وتووی رۆژنامه‌كه‌ بووه‌. ئه‌م رۆژنامه‌یه‌توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ گوڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا بڕوات هه‌رله‌ شێوازی هه‌واڵ،دیزاینی لاپه‌ڕه‌كان، شێوازی نووسین، ره‌نگاو ره‌نگی لاپه‌ڕه‌كان.له‌لایه‌كی تری رۆژنامه‌ی هه‌ولێر سایتێكی تایبه‌تی به‌ رۆژنامه‌كه‌ هه‌یه‌كه‌خوێنه‌ر ده‌توانێت رۆژانه‌ لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كه‌له‌رێگه‌ی سایته‌كه‌وه‌ بخوێنته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌بێته‌ هۆكارێك كه‌هه‌موو كه‌س رۆژنامه‌ی بخوێنێته‌وه‌ له‌ هه‌رشوێنێكی گۆی زه‌وی بێت.
رۆژنامه‌ی هه‌ولێر توانییه‌تی له‌و جنجاڵه‌ی كه‌ ئێستا له نێو سۆسیال میدیادا بوونی هه‌یه‌ پێگه‌ی خۆی بپارێزێت، به‌جۆرێك خوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و له‌هه‌مووش گرنگتر رۆژنامه‌ی هه‌ولێر بارودۆخی قه‌یرانی ئابووری هه‌وڵاتیانی له‌به‌رچاو گرتووه‌ و تاكه‌ رۆژنامه‌ی كوردییه‌ بێبه‌رامبه‌ر رۆژنامه‌كه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ر.
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت له‌م یاده‌ هه‌ڵویسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌م لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری رۆژنامه‌ی هه‌ولێره‌. له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا سه‌رجه‌م هه‌واڵه‌كانی هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان به‌بێ جیاوازی له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌. زۆر جار بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌ هونه‌رییه‌كانیش. جگه‌ له‌وه‌ش هه‌رله‌م رۆژنامه‌یه‌دا چه‌ندین هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر له‌هه‌موو ته‌مه‌نێك، لاو، به‌ته‌مه‌ن، خاوه‌ن ئه‌زموون له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز به‌سه‌ركراونه‌ته‌وه‌، له‌دیداره‌كانیان توانیویانه‌ ده‌رده‌ دڵی خۆیان به‌ئازادانه‌ بخه‌نه‌ڕوو . زۆرێك له‌هونه‌رمه‌نده‌لاوه‌كان له‌رێگه‌ی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌وه‌ زیاتر به‌ جه‌ماوه‌ر ناسران. به‌گشتی رۆژنامه‌كه‌ سه‌كۆیه‌ك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران توانستی خۆیان بۆ خوێنه‌رانیان بخه‌نه‌ ڕو.و هه‌رله‌م رۆژنامه‌یه‌دا چه‌ندین كۆڕ و پانێلی له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندان ونووسه‌رانی ئه‌نجام داوه‌ زۆر جاریش كێشه‌و گرفته‌كانی هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانی گه‌یاندۆته ‌لایه‌نی په‌یوه‌ندار، چاره‌سه‌ریش كراون.
لایه‌كی تری ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ هاوكاریكردنی فیستیڤاڵه‌ هونه‌ری وئه‌ده‌بییه‌كانه‌ بۆنموونه‌ له‌ كاتی به‌رێوه‌ چوونی حه‌فته‌مین فێسیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ پاشكۆیه‌كی تایبه‌تی به‌ چالاكی رۆژانه‌ی فێستیڤاڵی ده‌رده‌كرد.
له‌ كۆتایی ئه‌م وتاره‌ كورته‌ لە یادی رۆژنامه‌ی” هه‌ولێر له‌ خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ر و سه‌رجه‌م ستاڤی رۆژنامه‌كه‌پیرۆز ده‌كه‌م وهیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامییان بۆ ده‌خوازم و له‌ هه‌مان كاتدا سه‌ری رێز و نوازش داده‌نوێم بۆ ئه‌و به‌رێزانه‌ی كه‌پێشترله‌و ڕۆژنامه‌یه‌دا كاریان كردووه‌،ئێستا له‌ ژیان دا نه‌ماون. ‌