‎ئەزموونی نووسینم لە شارەوانیی هەولێر

‎شێرزاد هەینی

‎من لە شارەوانیی هەولێر ڕووپێو”مساح” بووم، لە رۆژانی ئیشکردنم ڕۆژنامە و کتێب “کوردی و عەرەبی” بەردەوام لەناو ژوور، چەکمەجە، ئۆتۆمبێلەکەمدا هەبوون، ئەوەی دەیخوێندەوە، ژن و پیاوان کتێبم بۆ دەبردن. هەندێک لە فەرمانبەرەکانم دەبردە کۆڕ، کۆبوونەوە، شانۆگەریی و بوارە ئەدەبییەکانی تریش!
‎پێش من لە شارەوانیی هەولێر؛ محەمەد مەولوود مەم، ئەندازیار هاشم عەبدوڵا، ئەندازیار مەجید عومەر، پیرباڵ مەحمود، سەعدوڵا پەرۆش، جەوهەر کرمانج، مەغدید سۆران، دکتۆر عەبدوڵا حەداد و .. لەوێ بوون. ژمارەیەک لەو بەڕێزانە گۆڤاری هەولێریان دەرکردبوو. هەولێر؛ گۆڤارێکی ئەدەبی ناوازەی ناوداریش بوو. زووتریش لە هەولێر ڕۆژنامەی اربیل _ هەولێر دەرچووە، بەڵام ڕۆژنامەیەکی گشتی بوو.
‎لەیادی سەد ساڵەی شارەوانیی هەولێر لەساڵی ١٩٨٥ کتێبێکم بەناوی هەولێر ئامادە و چاپ کرد، ئەندازیار “تەحسین چیچۆ” سەرۆک شارەوانی بوو، هاوکارم بوو، ناویشی لەسەرە.
‎پاش ڕاپەڕین لەساڵی ١٩٩٢ بە مۆڵەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری، بە پشتیوانی دارایی شارەوانی و بە ڕەزامەندی سەرۆک شارەوانی ئەندازیار یاسین تەها موحمەد و دواییش ئەندازیار عەبدولقەهار عەزیز عەلی، ڕۆژنامەی هەولێرم دەرکردووە.
‎ژمارەی یەکەمی لە ١٥/١١/١٩٩٢ بە چوار لاپەڕەی بچووک دەرچووە، زۆربەی بابەتەکانی من نووسیومە.
‎ژمارە ٣ و ٤ پێکەوە بە قەبارە گەورە لە رۆژی ٣١/١/١٩٩٣ دەرچووە، بابەتی فرەلایەنی تێدا بوو، بە بەشداری نووسەرانی شارەوانی و دەرەوەشی دەرچووە.
‎ژمارە ٦ و ٧ پێکەوە لە ٢٨/٣/١٩٩٣ دەرچووە، لەو ژمارەیەدا سەرۆک شارەوانی ئەندازیار عەبدولقەهار عزیز علی بە وتار و رێنمایی بەشداری زۆری کردبووم.
‎دوا ژمارەشی لە ٨ حوزەیرانی ١٩٩٣ دەرچووە، بابەتی باش و لێکۆڵینەوەی زۆرە.
‎کە سەیری ئەو ژمارانە دەکەم، وتارەکان پێشبینی و لێکۆڵینەوەی زۆری بۆ شارەکە تێدایە.
‎ڕۆژنامەکە بە تایپی دەستی بوو، کاک “تەها زادە” بە پارە بۆی دەکردین، هەڵەی چاپی کەم بوو، چونکە خۆی ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی تایپ دەکرد، ئەزموونی زۆر بوو. نەخشەسازی و هیڵکارییەکانی هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسی گەورە “موحمەد زادە” دەیکرد، ڕۆژنامەکە لەڕووی دیزاین و فۆتۆ و هێڵکارییەوە نایاب بوو. قەڵەمی ژنیشی تێدا بووە. لە چاپخانەی ڕۆشنبیری بە پارە چاپ دەبوو.
‎تێچووی پارەی چاپ و هاوکارییەکان و پاداشتی نووسەران لەلایەن شارەوانییەوە دەدرا، خۆم سەرپەرشتی هەموو لایەنەکانم دەکرد. ئەوە بە مێژوویەکی جوانی قەڵەم و کۆششی خۆمی دەزانم! ئەوەی ماوە دەڵێم لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکە بۆن و ڕەنگ و هەستی حزبایەتی و ململانێیەکانی ئەودەمانەی تێدا نەبووە، نووسینەکانی ماون و شاهیدن.

ھەواڵی زیاتر