ھۆشیار سیوەیلی
تا کەی عێراق پشت بە هاوردەکردنی غازی ئێران دەبەستێت
بۆ بیستەمین جار ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا چاوپۆشی لە هاوردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق لە ١٤ ی مانگی ڕابردوودا نوێکردەوە. ئەم چاوپۆشییە لە سزادانی عێراق لە شکاندنی ئابڵوقەی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ دەستیپێکرد چونکە عێراق بڕی پێویستی غازی نییە بۆ بەگەرخستنی ویستگەکانی کارەبا و زیاتر لە ٪٣٠ غازی وێستگەکان لە ئێرانەوە هاوردە دەکات. ئەمەریکا بەو مەرجە ئەو چاوپۆشییەی کرد کە عیراق لە ماوەی دوو ساڵدا چارەسەری کەمی غاز بکات لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لەو غازەی لە بیرە نەوتەکان دەردەچێت و دەسووتێنرێت. بۆ ئەو مەبەستەش لە هەمان ساڵدا چەندین گرێبەستی ئیمزاکرد، بەڵام هیچیان سەرکەوتوو نەبوون. وەزارەتی نەوتی عێراق لە ٥ ی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاند کە بۆرییەکی ١٦ ئینجی دروستکردووە بە درێژایی یەک کم بۆ گەیاندنی ١٠٠ ملیۆن پێی سێجا غازلە ڕۆژێکدا بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک. بڕی بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر ٥٠٠ ملیۆن پێی سێجایە. ئەمەش کاریگەریی لەسەر بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە لە هەرێمی کوردستان. بە پێی بڕیاری چاوپۆشییەکەی ئەمەریکا عێراق پارەی کڕینی غازەکەی ئێران دەخاتە حسابێکی بانکی ئێران لە عێراق و ئێران دەتوانێت ئەو پارەیە تەنیا بۆ پێداویستییە مرۆییەکانی خەڵکی ئێران بەکاربهێنێت. تا ئێستا بڕی ئەو پارەیە گەیشتۆتە ١٠ ملیارد دۆلار. دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ ی تشرینی یەکەمدا و تۆمەتبارکردنی ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە بەوەی هاوکاری حەماسی کردووە لە هێرشەکندا، کۆنگریسی ئەمەریکی لە ١ ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا دوو بڕیاری دەرکرد بۆ توندکردنەوەی ئەو ئابڵوقەیەی خستویەتیە سەر ئێران. بڕیاری یەکەم هەڵوەشاندنەوەی گێڕانەوەی شەش ملیارد دۆلارە بۆ ئێران لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران بەرامبەر ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمەریکی لە لایەن ئێرانەوە و بڕیاری دوەمیش توندکردنی سزا لەسەر ئەو لایەنانەی بازرگانی بە نەوت و پێکهاتە نەوتییەکانی ئێرانەوە دەکەن. ئایا چاوپۆشییەکەی ئەمەریکا لەسەر هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق تا کەی بەردەوام دەبێت و لە حاڵەتی نەمانی ئەو چاوپۆشییە عێراق چەند بڕی تر غاز لەکۆرمۆرەوە دەبات، هێشتا ڕوون نییە.