سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هاودەنگ فارووق، سەرنووسەری ڕۆژنامەی هەولێر: ڕۆژنامەی هەولێر ئەستێرەیەکی گەشاوەی ئاسمانی مێدیای کوردستانە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بەر لە هەموو شتێک، دەمەوێ دەستخۆشی لە هاوکارەکانم و لەو ستافە گەنجە بکەم، ئەگەر تۆزێک تەمەنیشیان هەبێت بەڵام ئەقڵیان هەر گەنجە. جگە لەوەی کە ئێمە باسی هەژدە ساڵی دەرچوونی ژمارەی ڕۆژنامەی هەولێر دەکەین و منیش چواردە ساڵ لەو ڕۆژنامەیە شەونخوونیم کردووە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی کارزان و ماندوویینەناس لە بەشەکانی دیزایین و بەشەکانی نووسین و پەیامنێران، وە بەشی کارگێڕی و دارایی و خزمەتگوزاری. سوپاسی هەموو هاوکارانم لە ڕۆژنامەی هەولێر دەکەم کە سەڕەرای باروودۆخی ئابووری، بەڵام بەردەوام بوونە لە کارکردن و نەوەستاون.

ڕۆژنامەی هەولێر ئەگەر خۆمان وەسفی بکەین دەڵێین؛ ئەستێرەیەکی گەشاوەی ئاسمانی مێدیای کوردستانە، ڕۆژنامەیەکە بە خۆڕاییە و تا ئێستایشی لەگەڵ دابێت جێگەی خۆی کردۆتەوە لەناو دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستاندا. خەڵک بە تاسەوە ڕۆژانە بەدوای ڕۆژنامەی هەولێر دەگەڕێت. زۆرجار دەڵێن کە کاغەز باوی نەماوە، ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی، ڕۆژنامەی کاغەزی دووچاری مەرگ کردۆتەوە. بەڵام من دەڵێم وانییە، تا کتێب خواستی مابێت لەناو هەست و دەستی خوێنەردا، من پێموایە کە ڕۆژنامەی کاغەزیش پشتی ئەساسی ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی و بە دیجیتاڵمێدیا و کۆمپیوتەرە، بۆیە من پێم وایە ڕۆژنامەی کاغەز جێگەی ماوە لە کوردستان و لە هەموو دونیاشدا. ئەوەی کە پەیوەندی بە ڕۆژنامەی هەولێرەوە هەیە، ڕۆژنامەیەکە کە ڕۆڵی هەبووە لە پێش خستنی فەرهەنگ و پاراستنی شوناس و زمانی کوردیدا، وە زۆرجار ئێمە دروشممان وا بووە کە ڕۆژنامەی هەولێر بۆ هەموو تەمەنێک و چین و توێژ و پێکهاتە و تاک بەتاکی خەڵکی کوردستانە؛ واتە هەر کەسێک کە لەو کوردستانەدا دەژێت، هەڵگری هەر ئایدیا و بیرووباوەڕێک بێت، سوود لە ڕۆژنامەی هەولێر وەردەگرێت، چونکە ڕۆژنامەی هەولێر تەنانەت بۆ منداڵ و وەرزشوان و هونەرمەندان و فەرهەنگناس و بۆ کارئاسانی ناو ئەدەبیاتی کوردییە. ڕۆژنامەی هەولێر هەمیشە پانتاییەکی ئازادیش بووە بۆ ڕەخنەی نووسەران و هاوڵاتیان. زۆرجار ئێمە لە ڕۆژنامەی هەولێردا خەڵک و حکوومەتمان لەلاپەڕەیەکدا خستۆتە دیالۆگ و گفتووگۆ کراوە و وەڵام هەبووە و کێشەکان چارە کراون. ئاشکرایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن هەر لە سەرەتاوە بەپێی پێویست سپۆنسەری سەرەکیی ڕۆژنامەی هەولێر بوونە، بەڵام ڕۆژنامەی هەولێر ئێستەیشی لەگەڵدا بێت و بەر لە هەژدە ساڵیش بە نیەت و بیرۆکەیەکی وا هاتۆتە مەیدانی مێدیای کوردی کە ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆ و ئازادە، توانیوێتی پەیامێکی سیاسی و ڕەخنەیی و فەرهەنگی خۆی بگەیەنێت بە خوێنەرانی کوردستان. ئێستایش پەیوەندییەکی پتەوی هەیە لەگەڵ خوێنەران بەتایبەت خوێنەرانی هەولێر، کە بەردەوام پرسیاری دەرچوونی ڕۆژنامەی هەولێرمان لێ دەکەن.
ڕۆژنامەی هەولێر یەکێکە لەو ڕۆژنامانەی کە زۆر بە تووندی پابەندە بە یاسای ڕۆژنامەگەری و یاسای بەرکار لە کوردستانیشدا، من وەکو سەرنووسەری ڕۆژنامەکە ئەو یاسایانەی کە هەیە و بەرکارن و لە دادگاکان کاریان پێدەکرێ، هەمیشە لەسەر مێزەکەی خۆم دامناون. دڵنیام سەرنووسەرەکانی پێش منیش هەمان کاریان کردووە، چونکە پێم وایە ڕۆژنامەنووس یان مێدیاکار دەبێ کەسایەتی و کارزانی و کاری خۆی بکات، وەکو دادوەر دەبێ مامەڵە بکات، زۆرجار هەواڵێک هەبووە کە هەستم کردووە ئەو هەواڵە ڕەنگە چینێک یان توێژێک، کەسایەتیەک، پێکهاتەیەک بریندار بکات، من بیرم لەوە کردۆتەوە ئەگەر ئەو کەسە سکاڵا تۆمار بکات لە دادگاکان سزاکەی ئێمە چی دەبێت، بۆیە گەڕاومەتەوە بۆ ئەو یاسایانە و خوێندوومەتەوە وای لێکردووم کە هەواڵەکە بڵاونەکەمەوە. ڕۆژنامەی هەولێر بەرپرسیارانە کاری کردووە و ئەتەکێتی ڕۆژنامەنووسی پاراستووە، هەوڵیداوە کە هەموو ئەو بەها پیرۆزیانەی لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە، بیپارێزێت و دەستی پێوە بگرێت و نەهێڵێت هیچ لایەنێک هێرش بکاتە سەر ئەو بەهایانە. زۆرجاریش ئێمە بەرگرییەکی سەرسەختانەمان کردووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە ئەرکی خۆمان زانیوە بەرگری بکەین وەکو مێدیا، وەکو مێدیای بەرپرسیاری نیشتیمانی.
ڕۆژنامەی هەولێر کە خەڵکی کوردستان ڕۆژانە بە خۆڕایی دەستی دەکەوێت و دابەشی دەکەین لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای تەتەر، سوپاسی ستافی کۆمپانیای تەتەر و بەڕێوەبەرەکەی دەکەین کە ڕۆڵی زۆرباشیان هەبووە لەو بارەیەوە.
ئەو ڕۆژنامەیەی کە ئێستا خوێنەر دەیبینێت و بە ئاسانی دەیخوێنێتەوە، بە دڵنیاییەوە ستافێکی بەهێز و باش لەپشتی ئەو ڕۆژنامەیەدان، چ لە بەشەکانی دیزایین و نەخشەسازی و سۆشیالمێدیا و نووسەرەکان و پەیامنێرەکان، هەر یەکەو لەشوێنی خۆی شەونخونی دەکات، ئەو ڕۆژنامەیە کە ئێمە بەئاسانی دەیخەینە بەر دەستی خوێنەر، تا کاتژمێر یەکی شەو کاری تێدا دەکەین. ڕۆژنامەکە بەشی کارگێڕی و دارایی هەیە، بەشی دیزایین، بەشی سۆشیالمێدیای هەیە کە ئێستا خەریکین زیاتر ئەکتیڤی دەکەین، چونکە ئێستا سۆشیالمێدیا کاریگەری زیاتری هەیە لای بینەر و لەناو مێدیای کوردستاندا، وە بەشی سیاسی و بەشی فەرهەنگیشمان هەیە، هەر بەشێک و بەرپرسی خۆی هەیە و کارەکان لە ڕۆژنامەی هەولێر بەمشێوەیە بەڕێوەچووە و بەردەوامیش دەبێت و هەوڵدەدات زیاتریش خۆی پێش بخات.
کاتێک ئێمە دەستمان لەناو کار دایە، پەیامنێرەکان دەنووسن و وێنە کۆدەکەنەوە، بەشی دیزایین نەخشەسازی دەکات، سەنگی مەحەکی ڕۆژنامە ئەوەیە کاتێک دەچێتە چاپخانە و دەکەوێتە بەردەستی کامەندانی چاپخانە کە بە ڕەنگ و بە چاپ و بە دیقەی وێنەکان و جوان دەرچوونی مانشێتەکان و شەبەکە و هەموو ئەو شتانە، تۆپەکە دەکەوێتە ناو ساحەی کارمەندانی چاپخانە، کە ئەوان دەبێ زۆر بە دیقەتەوە ڕۆژنامەیەکی زۆر ڕوون و جوان بخەنە بەردەستی خوێنەران، کە هەمیشە هەر واشیان کردووە، چونکە خوێنەر کاتێک کە ڕۆژنامەکە دەبینێت، ئەگەر کاغەزێکی باش و چاپەمەنییەکی باش بێت، دیقەی وێنەکان جوان بێت، زیاتر ڕۆژنامەکەی خۆش دەوێت و دەیخوێنێتەوە، بەڵام ئەگەر پێچەوانە بێت ڕەنگە بۆ خوێنەر خۆش نەبێت، بۆیە ئێمە زۆرجار لەگەڵ هاوکارانمان دەچینە چاپخانە و شەونخوونی دەکەین و لەگەڵیان دەبین، ئەوانیش تا بەرەبەیان خەریکی چاپن و ڕۆژنامەکە دەخەنە بەردەستی خوێنەران.
ئەوەی پەیوەندی بە باری ئەلیکترۆنی و میدیای دیجیتاڵی و پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا هەیە، ڕۆژنامەی کاغەز لە کۆتایی سەدەی بیستەم، زۆر هەوڵیدا کە کۆمپیوتەر و لەو بابەتانە دەستەبەر بکات، ئەمانە بوونە پردێک کە ڕۆژنامە بەرەو تەکنەلۆجیا و دیجیتاڵمێدیا بڕوا، وە ئێستایش کە سۆشیالمێدیا کە زۆر باوە لە هەموو دونیا، ڕۆژنامەی هەولێر ئەو بەشەشی پێشکەوتووە. ئێمە پەیجمان هەیە لە فەیسبووک و ئینستاگرام و تویتەر و لە بەشەکانی تریش ڕۆژنامەی هەولێر چالاکە، شەوانە کە سەرباری ئەوەی کە ڕۆژنامەیەکی کاغەز ئامادە دەکەین بۆ چاپخانە، ڕۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنیش بەهەمان شێوە ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی لەڕێگەی سۆشیالمێدیاوە خوێنەران پێی بگەن، لە گرووپەکان دایدەنێین و خەڵک دەتوانێت لە سایتی هەولێر شەوان دوای کاتژمێر دوازدە ڕۆژنامەکە لەناو مۆبایلەکەی خۆی سەیر بکات و بیخوێنێتەوە.
لە کاتێکدا ئەو ڕووداوانەی کە لە ڕابردوودا بەسەر کوردستاندا هات، چ لە شەڕی داعش، چ لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە، وە لەکاتی ڕێفراندۆم و دوای ڕێفراندۆم لە ڕووداوەکانی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژنامەی هەولێر زۆر کاریگەری هەبووە و زۆر ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە بەرگریکردن لە کوردستان و پشتگیری پێشمەرگە و پشتگیری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بۆ سەرکەوتن و بۆ ڕزگاری و بۆ ئازادی کوردستان.
هەروەها من سڵاو دەنێرم بۆ ئەو ستاف و کارمەندانەی لەو ڕۆژنامەیەدا کاریان کردووە، وە ڕێز و ستایش بۆ هەموو سەرنووسەرەکانی پێش خۆم دەنێرم، بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەرکی ئەوان تەواو دەکەین، وە ئەو قوربانییانەی کە دراون لە پێناو ئازادی و قەڵەم. هەروەها سڵاو و دروود دەنێرم بۆ گیانی پاکی کاک شازاد ئەنوەر کە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە بوو کە وەفاتی کردووە. سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی پاکی کاک شێرزاد عەبدولڕەحمان کە ساڵانێکی زۆر لەو ڕۆژنامەیە ڕۆڵی خۆی بینیوە چ بە نووسین، وە چ بە جۆشدانی لاپەڕەکانی بەشی فەرهەنگ لەو ڕۆژنامەیەدا، بەداخەوە ئەویش لەگەڵمان نەماوە ئێستا و یادی بەخێر. سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو ستافانەی کە پێش ئێمەیش لێرە بوون و ئێستاش و ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان یەک وشەی لە ڕۆژنامەی هەولێر نووسیوە، ئێمە بە سوپاسەوە ناوی تۆمار دەکەین لە دڵ و دەروونی خۆمان و لە ئەرشیفی دەوڵەمەندی ڕۆژنامەی هەولێردا.