خوێنەران و دۆخی قەیران

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لە ڕۆژانی 23ی تشرینی دووەم تا 2ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب کرایەوە. پێشانگەکە پێنج ساڵە لەسەریەک لە هەمانکاتدا دەکرێتەوە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی و بیانی بەشداری تێدا دەکەن. ئەوەی لەم پێشانگەیەدا جێگەی سەرنجە ساڵانە خوێنەر و بینەرێکی زۆر سەردانی پێشانگە دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، کە پێشانگەکە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە و لە ڕۆژئاوای شارەکە و لە ناحیەی تاسڵوجە دەکرێتەوە. دەمەوێت بڵێم سەردانکردنی کارێکی ئاسان نییە، هەرچەندە ئاسانکارییش بەردەستە وەک دابینکردنی پاس.

ئەوەی لە پێشانگەی ئەمساڵدا تاڕادەیەکی زۆر چاوەڕوان نەکراوبوو ئەو پێشوازییە گەرمەی خوێنەران و بینەرانی پێشانگەکە بوون، (بۆیە وشەی بینەران بەکار دەهێنم، چونکە بەشێک لەوانەی سەردان دەکەن خوێنەر نین، تەنها بینەرن). بە شێوەیەک کە ڕۆژانە هەزاران سەردانکار دەهاتنە پێشانگەکە، کە ئەمەش بۆ دۆخی قەیراناوی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دارایی و سیاسیی و ئەمنیی ناوچەکەوە گەلێک دڵخۆشکەربوو. ئەو ڕۆژانەی لە پێشانگەکە بووم زیاتر سەرنجم لەو خوێنەر و بینەرانە دەدا، کە چەندین کیلۆمەتر ڕێگایان بڕیوە بۆ ئەوەی بێنە دیدەنی کتێب. بەشێکیان بە گیرفانی بەتاڵەوە هاتبوون و بە کتێبی کەمەوە دەگەڕانەوە و بەشێکیش بە هەگبەی پڕەوە و بە دڵخۆشییەوە دەڕۆشتنەوە. ئەو ڕۆژانەی پێشانگە کەوتمە بیری پەیوەندی قەیران و خوێنەران، ئایا قەیران چ کاریگەرییەکی لەسەر خوێنەران هەیە؟ ئایا قەیرانەکان دەتوانێت هانمان بدات بۆ خوێندنەوە، یان دوورمان دەخاتەوە لێی.
دەمێک ساڵە بڕوام بەوەیە، کە قەیران ڕەنگە بتوانێت هزرمان ئاڵۆز بکات و نەتوانین باش بخوێنینەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لە خوێندنەوە دوورمان بخاتەوە. کاتێک خوێندنەوە دەبێتە بەشێک لە ژیان و تینووێتی ڕۆحی خوێنەر دەشکێنێت ئیدی دەستبەرداربوونی مەحاڵە. ئەوەی لایوابێت خوێندنەوە تەنها بۆ ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراوە ئەوە خوێنەر نییە، بەڵکو تەنها خوێندەوارە و ئەو خەمێکی سنوورداری هەبووە، نەک خەمی گەورەی مەعریفی.
ڕەنگە قەیرانەکان (بۆ ماوەیەکی کەم) لە خوێندنەوە دامان ببڕن، بەڵام هەرگیز ناتوانن بۆ هەمیشەیی پەیوەندیمان لەگەڵ خوێندنەوە بپچڕێنن. پێشوازی خوێنەران لە پێشانگەی کتێبی ئەمساڵ لە سلێمانی سەلمێنەری ئەوە بوو، کە قەیران ناتوانێت خوێنەرە ڕاستەقینەکان بتۆرێنێت، بەڵکو قەیرانەکان دەکەنە دەرفەت بۆ خوێندنەوەی زیاتر و خۆپێگەیاندن و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ تێپەڕکردنی. ئەوەی پێیوابێت لە قەیران نابێت بخوێنینەوە ئەوە حەزی بەوەیە بەهانە بۆ نەخوێندنەوە بهێنێتەوە و لە کاتی ئاسایی و ئاسوودەگیشدا توانای خوێندنەوەی نییە.
خوێنەربوون سەرەتایەکە بۆ ڕێگایەک، کە بە خودوشیارییەکی گەورە کۆتایی دێت. ئەوەی خوێندنەوە پێمان دەدات لە هیچ جێگەیەکی دیکە دەستمان ناکەوێت، کاتێک گەشت دەکەین ئەزموونمان زیاد دەکات، یەکێک لە سوودەکانی خوێندنەوە زیادکردنی ئەزموونە. کاتێک هەموو قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکەین، تەنها دەبینە مرۆڤێکی بڕوانامەدار، بەڵام ئەگەر خوێنەربوونی لەگەڵدا بێت دەمانکاتە مرۆڤێکی داهێنەر. هەموو داهێنەرە گەورەکانی دونیا لە خوێنەرە ماندوونەناس و زیرەکەکان بوون و هەمیشە لە هەوڵی گەڕاندابوون بەداوی مەعریفەدا و لە شکست نەترساون و کۆڵیان لە گەڕانی هەمیشەیی نەداوە، بۆیە گەیشتوون بەو ئاستە لە داهێنان.
قەیرانە جۆراوجۆرەکان خوێنەرانی ڕاستەقینە سارد ناکاتەوە، بەڵکو پشت ئەستوورتریان دەکات، کە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ خوێندنەوە و خۆپێگەیاندنی زیاتر تا بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ژیانیان.

ھەواڵی زیاتر