بە چەند هەنگاوێكچۆن دەتوانی ببیتە كەسێكی ژینگەپارێز

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

زۆر جار گۆڕینی خووەكان لەلایەن مرۆڤەكانەوە یەكێكە لە قورسترین بڕیارەكانی ژیانی، بەڵام ئەگەر مرۆڤ خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆی بێت هیچ بڕیارێك هێندە قورس و گران نیە كە لەژیانیدا نەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت، بەتایبەتی بڕیارێك كە هەموو مرۆڤێكی خاوەن هەست و ژیر پێویستە پەلەی تێدا بكات، ئەویش تایبەت بێت بە ژینگە.

مەعرووف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە تازەترین توێژینەوەیەدا كە سەبارەت بە ژینگە نووسیویەتی دەڵێت : “ئێمەی مرۆڤ زۆر جار دوای ڕووداوەكان دەڵێین خۆزگە پێشتر بڕیارمان بدایە، پێشینانی خۆشمان وتوویانە، كردە پەشیمان بیت نەك نەكردە پەشیمان. كەواتە بۆ ئەوەی ئێمە مرۆڤێكی ژینگەدۆست بین و دەبێ ئەمە بكەینە دروشمان(بەكارنەهێنان، كەمبەكارهێنان، دووبارە بەكارهێنانەوە
لە تویژینەوەكەیدا سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە( ١٠) پێشنیاری سادە ئامادە كردووە كە هەموو كەسێك دەتوانێ جێبەجێی بكات كە بەم هەنگاوانە دەتوانین هەسارەكەمان لە مەترسی ڕزگار بكەین.
1- كەم بەكارهێنانی ئاو دەتوانیت ڕۆژانە نزیكەی ٣٠ لیتر ئاو پاشەكەوت بكەیت بە تەنها گرتنەوەی بەلووعەكان لەكاتی شوشتنی ددانەكانت، یان وەستاندنی ڕۆیشتنی ئاو بۆ ماوەی نیو خولەك لەكاتێكدا دەستەكانت بە سابوون یان قژت بە شامپۆ دەشۆیت. هەروەها ئەو دڵۆپە بچووكانەی ئاو كە لە بە لوعەكانەوە دزە دەكەن، ئەگەر زیانیان پێگەیشت، بەفیڕۆدانی بەردەوامی ئاو پێكدەهێنن، ئەمەش پێویستی بە چاككردنەوەی خێرا هەیە.
2- ئەگەر ئامێرە كارەباییەكان بەكارناهێنی، لە كارەبایان بكەرەوە. ئامێرەكانی ناوماڵ تەنانەت كاتێك كە داگیرسێنرێن وزە بەفیڕۆ دەدەن، لەبری ئەوەی بۆ هەمیشە بە پلاكەوە بەجێی بهێڵیت، لەبیرت بێت كاتێك بەكاری ناهێنیت لێیبكەرەوە، هەمان شت بۆ كوژاندنەوەی گڵۆپەكان دەگونجێت كاتێك لە ماڵەوە نیت، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بڕی وزەی بەكارهێنان بە شێوەیەكی بەرچاو.
3- -بەكارهێنانی ئاوی شلەتێن بۆ شۆردنی جل و بەرگ نزیكەی لەسەدا ٩٠ی ئەو وزەیەی كە ئامێری جل شۆردن بەكاری دەهێنێت بۆ گەرمكردنی ئاو دەڕوات، بۆیە واباشە بەرنامەی ئاوی شلەتێن بۆ شۆردن بەكاربهێنرێت، كە ڕەنگە بۆ پاراستنی جلوبەرگەكان لە بچووكبوونەوە، كاڵبوونەوەی ڕەنگ، یان چرچبوونیش باشتر بێت، هەروەها باشترە جل و بەرگ كۆبكرێتەوە بۆ ئەوەی كاتێ جل شۆرەكە كارپێدەكەی سەرجەم جلەكان بە یەكەوە بشۆیت.
4- بوتڵی پلاستیكی بەكارمەهێنە : مادە پلاستیكییە ئاساییەكانت بگۆڕە كە یەكجار بەكاردێت بە شووشەی تر كە لە شووشە یان پۆڵا دروستكراون، كە بەهۆی هەڵمەتە زۆرەكانی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیكەوە زۆر بەناوبانگ بوون، كە یەكێكە لە گەورەترین هۆكارەكانی پیسبوونی دەریاكانن. هەروەها دەتوانیت ئەو كوپەی قاوەكەی پێدەخۆیتەوە یا چایی و شلەمەنی دەتوانرێت دووبارە بەكاربهێنرێتەوە لەگەڵ خۆت بیهێنی بۆ شوێنی كارەكەی خۆت.
5- بەكارهێنانی نەهێنانی كیسی نایلۆن و پلاستیك.ئەو كیسە نایلۆنانەی كە هەر جارێك دەچینە بازاڕكردن دەستمان دەكەوێت ناتوانرێت دووبارە بەكاربهێنرێنەوە.
بۆیە جانتای بازاڕكردن بەكاربهێنە كە لە قوماش یان قوماشی كاغەزی دروستكراوە، كە ئێستا بە چەندین قەبارە و شێوە و دیزاینی سەرنجڕاكێش بەردەستە و بۆ چەندین ساڵ كارا دەمێنێتەوە، دەتوانی بیكەیتە شوێنی ڕیكلامیش بۆ كارەكەت دەتوانی لۆگۆی خۆت یا وێنەی منداڵەكانت یا هەر شتێكی تر لەسەری بنەخشێنی
6- بەرهەمی دۆستی ژینگە هەڵبژێرەبەدوای “بەرهەمی سەوز”دا بگەڕێ كە دەتوانرێت دووبارە بەكاربهێنرێتەوە، سەرچاوەی بەردەوامیان هەبێت، یان لە كەرەستەی ڕیسایكل كراو دروست بكرێت. بۆ نموونە خاولییەكی قوماش باشترە لە بەكار هنانی خاولی كاغەزی(كلنكس) كە ڕۆژانە و هەفتانە بەكاری دەهێنیت و فڕێیان دەدەی.. بەكارهێنانی پاتری بارگاویكەرەوە باشترە لە مەترسی فڕێدانی پاتری بەتاڵ بە شێوەیەك كە زیان بە ژینگە بگەیەنێت.
7- ئۆتۆمبێل تەنها لە كاتی پێویستدا : هەوڵبدە، بۆ كاتی هاتوچۆی گشتی، پاسكیل یان ڕۆیشتنی پێ بەكاربهێنە. هەوڵبدە لەگەڵ هاوڕێ و هاوكار و دراوسێكانت ڕێكبكەون بۆ بەكارهێنانی یەك ئۆتۆمبێل، ئەگەر شوێنی مەبەستتان وەك یەك بێت، چونكە ئەمە یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و كەمكردنەوەی دەردانی ژەهراوی و كەمكردنەوەی تێچوونەكان.لە هاتوچۆی زۆردا هەوڵبدە بزوێنەرەكە بوەستێنیت لە كاتی وەستانلە ترافیكەكان، یا وەستان بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ.
8- چاككردنەوە لەبری فڕێدان: دەكرێت زۆرێك لە بەرهەمە شكاوەكانت چاك بكەیت بەبێ ئەوەی پێویست بكات فڕێیان بدەیت و بیگۆڕیت، ئەگەر چاك نەكرانەوە، ئەوا دەتوانیت بچیتە ناوەندە تایبەتەكانی ڕیسایكلكردنی ئەلیكترۆنیات بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی تەندروست و گونجاو فڕێیان بدەیت.
9- ڕووەك و درەخت: ڕووەكەكانی ناو ماڵ دەتوانن یارمەتیدەر بن لە ڕێكخستنی پلەی گەرمی لە ڕێگەی ئەو شێیەی كە دەیدەن بۆ هەوا، ئەمەش یارمەتی كەمكردنەوەی وزەی پێویست دەدات بۆ گەرمكردنەوە و ساردكردنەوەی ماڵەكەت یا شوێنی كارەكەت. ئەگەر باخچەیەك لە ماڵەكەت یا شوێنی كارەكەتدا هەبوو دڵنیابە لە چاندنی نەمامی گونجاو بەپێی قەبارەكەی و هەم كەشو هەوای شوێنەكەت، چونكە ئەوانە سەرچاوەی ئۆكسجینن.
10-دەستپێكردنی سفر بەفیڕۆدان”.:هەوڵبدە خۆت ڕابهێنی بۆ ئەوەی كەمترین بڕی پاشماوە لە ماوەی مانگێكی تەواودا بەرهەمبهێنیت. بە دڵنیاییەوە ئەمە وا دەكات بیر لە تەواوی شێوازی ژیانت و بڕی ئەو پاشماوەیەی كە بەرهەمی دەهێنیت بكەیتەوە.

ھەواڵی زیاتر