كارزان گلی – ههولێر
پارتە سیاسییەكانی توركیا، ئامادەكارییان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی دەستپێكردووە، كە یەكێكە لە هەڵبژاردنە گەورەكانی توركیا، چونكە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ئەمجارەشیان دووچاری شكست ببێتەوە، ئیدی بەتەواوی پایەكانی دەڕوخێت و پارتی دەسەڵاتیش كە ئاكەپە و مەهەپەن بدۆڕێن، كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی دەبێت. هەڵبژاردن پێنج مانگی ماوە و پارتە سیاسییەكان ئامادەكاری دەكەن.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، كۆبوونەوەیەكی گرنگیان لەبارەی هەڵبژاردن ئەنجامدا، لەو كۆبوونەوەیەدا باسیان لەو ناكۆكیانە كرد كە لە نێوانیاندا دروست بووە، چونكە دوای ئەوەی هەردوو پارت 12 كۆبوونەوەیان ئەنجامدا، گەیشتنە رێككەوتن لە 52 شار یەك بەربژێریان هەبێت، بەڵام لەبارەی ئەدەنا و مێرسین، نەگەیشتنە رێككەوتن، چونكە مەهەپە، دەڵێت دەبێت لەو دوو شارە بەربژێری مەهەپە بوونی هەبێت نەك ئاكەپە.
لەلایەكی تر، جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، چاوی لەوەیە ئەمجارەیان ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئەنتاڵیا بباتەوە، بۆ ئەمشیان پێویستی بە هاوپەیمانیی هەیە، بەتایبەت ئاشتكردنەوەی پارتی خاس، كە دوای شكستیان لە هەڵبژاردنی 28ی ئایار، مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی ئەو پارتە گوتی، ئیدی هاوپەیمانیی میللەت كۆتایی هات و ئێمە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، لە هەموو شارەكان بەربژێرمان دەبێت.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، كە ئەمە یەكەم هەڵبژاردنە وەكوو سەرۆكی پارت بەشداری بكات و دەبێتە تاقیكردنەوەیەكی گرنگ بۆی، سەردانی ئاكشەنەری كرد و داوای لێكرد، لە ئیستانبۆڵ بەربژێریان نەبێت و پشتگیری لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بكەن. ئاكشەنەر، ئەگەرچی پێشتر گوتبووی ئیدی پاڵپشتی لە هیچ بەربژێرێك ناكەن و بۆ خۆیان بەربژێریان دەبێت، بەڵام لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا لەگەڵ ئۆزەل، گوتی بەو بڕیارەماندا دەچینەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین، پێدەچێت ئەمجارەشیان پارتی خاس، لە ئیستانبۆڵ پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو بكەن.
ئاكەپە و مەهەپە ستراتیژی خۆیان ناگۆڕن
وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ئاكەپە و مەهەپە لە 50 شار یەك بەربژێریان هەبوو، بۆ ئەمجارەشیان هەمان ستراتیژی دەگرنە بەر، بەڵام ئەوەش نەشاردراوەتەوە كە ناكۆكیان لەسەر چەندین شار هەیە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ناكۆكی ئەو دوو پارتە چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەتایبەت لەبارەی ئەدەنا و مێرسین، بۆیە كێشەكەیان بردووەتە بەردەم ئەردۆغان و باخچەلی و ئەوان لە كۆبوونەوەكانی داهاتوویان چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە. پێناچێت ئەردۆغان داكۆكی لەسەر ئەو دوو شارە بكات، چونكە رازی كردنی دڵی مەهەپە لەلای ئەو گرنگە و بەبێ ئەو پارتە ناتوانێت سەركەوتوو بێت.
ئاكەپە كێ دەكاتە بەربژێری هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ؟
ئاكەپە، بردنەوەی ئیستانبۆڵ لەلای زۆر گرنگە و ئەردۆغانی دووچاری زەحمەتییەكی زۆر كردووە، چونكە شارەوانی ئیستانبۆڵ بۆ ئاكەپە وەكوو قەڵایەك وایە، دەكرێت بڵێین تامی بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وەكوو پێویست نییە بۆ ئەردۆغان، ئەگەر بردنەوەكە ئیستانبۆڵیشی لەگەڵدا نەبێت، بۆیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، هەوڵەكانی زۆر چڕ كردووەتەوە و دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت ئیستانبۆڵ لە دەستی ئۆپۆزسیۆن دەربهێنێت.
باس لە چەند ناوێك دەكرێت كە ئەردۆغان بەربژێریان دەكات، ناوەكانیش ئەمانەن (موراد كورووم، پەرلەمانتاری پێشووی ئاكەپە، عادیل كەرەئیسماعیلئۆغڵو، تۆفیق گۆكسوو، سەرۆكی شارەوانی ئێسەنلەر، هەروەها ئەرگوون توران). بەڵام ئەوەی شانسی زیاتری هەیە، موراد كوروومە.
ئەردۆغان، دەیەوێت بەبەربژێرێكی زیرەك و قبوڵكراو لای دەنگدەر بچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، چونكە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن ئەكرەم ئیمامئۆغڵوە، كە بەهێزترین كەسایەتییە لەناو ئۆپۆزسیۆن، تەنانەت توانی كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە لە پۆستەكەی دوور بخاتەوە و ئۆزەل بهێنێتە شوێنی.
دەبێت ئەوەش باس بكەین، ئەردۆغان دەزانێت ئەگەر ئیمامئۆغڵو، ئەمجارەیان ئیستانبۆڵ بباتەوە. رێگەی بۆ خۆش دەكرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2028 بیباتەوە و شانسی گەورەی دەبێت لەسەر كورسییەكەی ئەردۆغان دابنیشێت، بەڵام ئەگەر ئیمامئۆغڵو لەم هەڵبژاردنەدا بدۆڕێت، رەنگە نەتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ببێتە بەربژێر، بۆیە ئەردۆغان ئەو لایەنە زۆر بەجوانی دەخوێنێتەوە.
هەدەپ كلیلە گرنگەكەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان
رۆڵ و دەنگدەری هەدەپ، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان زۆر گرنگە، كلیلە گرنگەكەی سەركەوتنی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئەنتاڵیایە، بۆیە جەهەپە و ئاكەپە، كەوتوونەتە مامەڵە لەگەڵیدا.
هەدەپ، خاوەنی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگدەرە لە ئیستانبۆڵ، لە هەڵبژاردنی پێشووتری شارەوانییەكان لە 2019، دەنگدەری هەدەپە و ئێستای هەدەپ، بوونە هۆی ئەوەی ئیمامئۆغڵو سەركەوتوو بێت، بۆ ئەمجارەشیان دەنگدەری هەدەپ گرنگە و چارەنووسی بەربژێری ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات یەكلایی دەكاتەوە.
وەكوو ئەوەی میدیاكان باسی دەكەن، ئاكەپە و هەدەپ، بەنهێنی و لە پشت دەرگا چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، تا بگەنە رێككەوتنێك بەوەی هەدەپ، لە ئیستانبۆڵ پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو نەكەن، بەڵكوو بەربژێری خۆیان هەبێت، چونكە ئەگەر هەدەپ، پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو نەكات، بردنەوەی بەربژێری ئاكەپە مسۆگەرە.
بەڵام ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، قوربانی زۆری داوە تا بتوانێت هەدەپ رازی بكات و دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدەن، هەربۆ نموونە، لە وتارێكدا گوتی، لەم وڵاتەدا كورد لەگەڵ توركدا یەكسان نەبوونە.
جیا لەوەش، كاتێك بەشداری لە كۆنسێرتی پەروین چاكردا كرد و پاشان دەستی ماچ كرد، دەنگدانەوەیەكی زۆری لە توركیا پەیدا كرد و توركە نەژادپەرستەكان گوتیان، بۆچی دەستی گۆرانیبێژێكی تورك ماچ ناكەیت، چاكر پێشتر پشتگیری لە دەوڵەتی كوردستان كردووە. كەواتە ئۆزەل بەئاشكرا لە هەدەپ نزیك بووەتەوە، بەڵام ئاكەپە بەنهێنی.
بەكرخان، هاوسەرۆكی هەدەپ، لە لێدوانێكیدا ئاماژەیدا، ئەوان بەنهێنی ناچنە ناو هیچ رێككەوتنێكەوە، بەڵكوو هەموو رێككەوتنەكان دەبێت ئاشكرا بن و بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت، ئەگەر داكۆكی لەو هەڵوێستەیان بكەن، ئەمە بۆ ئاكەپە قورس دەبێت، چونكە هەرگیز مەهەپەی هاوپەیمانیی ئاكەپە، قبوڵی نییە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ هەدەپدا بكرێت و ئەوان هەدەپیان پێتیرۆرستە و ناتوانن بڕوا بە دەنگدەرەكانیان بهێنن، كە هەدەپ، گرنگە و دەبێت دەستیان بخەینە ناو دەست.
بەڵام باس لەوەش دەكرێت، كە هەدەپ، رازی بێت بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، بەربژێری هەبێت بەو مەرجەی، ئاكەپە دڵنیایی بدات، هەدەپ، هەر شارەوانییەكی لە باكووری كوردستان بردەوە، قەیوومی نەكەن وەكوو 2019.
لە دوو مانگی داهاتوو هەموو ئەم سیناریۆیانە روون دەبێتەوە و رای گشتی توركیا بەرچاوی روونتر دەبێت.