دوبرۆڤسكی؛ ڕۆمانێک لەنێو ڕق و خۆشەویستیدا

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆمانێکی پۆشکینم بەناونیشانی “دۆبرۆڤسکی” خوێندەوە کە موعتەسەم ساڵەیی کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاویان کردووەتەوە. سەرەتا دەمەوێت کەمێک ئاوڕ لە ژیانی ئەم نووسەرە بدەمەوە کە بە تەمەنێکی گەلێک کەمەوە توانیویەتی پێگەیەکی گرنگی ئەدەبی بۆ خۆی لەنێو ئەدەبیاتی ڕووسی و دواتریش جیهانیدا مسۆگەر بکات.
ئەلێکساندەر سێرگیڤیچ پوشکین (٦ی حوزەیرانی ١٧٩٩) لەدایکبووە و شاعیر و شانۆنامەنووس و ڕۆماننووسی ڕووسی سەردەمی ڕۆمانسی بووە، لەلایەن زۆر کەسەوە بە گەورەترین شاعیری ڕووسی و دامەزرێنەری ئەدەبیاتی مۆدێرن و ڕووسی دادەنرێت. لە (١٠ی شوباتی ١٨٣٧) کۆچی دوایی کردووە.
پووشکین لە بنەماڵەیەکی خانەدانی ڕووسی لە مۆسکۆ لەدایک بووە. پۆشکین هەر لە تەمەنێکی زۆر لاوەوە دەستی بە نووسین کردووە و یەکەم شیعری لە تەمەنی پانزە ساڵیدا بڵاوکردەوە هەر زوو لەلایەن (هۆڵی ئەسکەندەری ئیمپریال) لەلایەن دامەزراوە ئەدەبییەکانەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان ناسرا. لە کاتی دەرچوونی لە قۆناغی ئامادەیی، پۆشکین شیعری مشتومڕاوی خۆی بەناوی “گۆرانی ئازادی” خوێندەوە، کە یەکێکە لە چەند شیعرێک کە بووە هۆی دەربەدەری ئیمپراتۆر ئەسکەندەری یەکەم.
پۆشکین کە تەمەنێکی کەمی هەبووە و تەنها 38 ساڵ ژیاوە بەڵام بەرهەمگەلێکی زۆری لەپاش بەجێ ماوە بەر لەم بەرهەمە من کتێبی “کچەکەی فەرماندە”م خوێندەوە کە یەکێکە لە ناوازەترین ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە و گەلێک سەرنجڕاکێشە. هاوکات ڕۆمانی (دوبرۆڤسكی) چەشنی بەرهەمەکانی دیکەی ئەم نووسەرە ڕێ و جێیەكی گرنگ و تایبەتیی هەیە لەنێو بەرهەمە پەخشانییەكانی پوشكین. ئەم ڕۆمانە دوای پێنج ساڵ لەڕووداوی دڵتەزێنی كوژرانی پۆشکین لەساڵی (١٨٤١)دا بڵاوبوەوە.
فلادیمیر دوبرۆڤسكیی لاو پاڵەوانی سەرەكیی ڕۆمانەكەیە، لەخەباتێكی بێوچاندا دەبێت دژی زوڵم و ستەمكاری و توندوتیژی. پوشكین زۆر سەركەوتوانە وێنەی سەركێشییە سەرسوڕهێنەرەكانی پاڵەوانی ڕۆمانەكە دەكێشێت. ڕاستی و ڕەوانیی ئەوین و خۆشەویستیی دەردەخات بۆ ماریا ترویكورڤا، كە دەكاتە كچی كابرای دوژمن و داگیركار. خوێنەر لەم ڕۆمانەدا بەر ئەو دوالیزمە دەکەوێت، کە لەنێوان عەشق و ڕقدا هەیە. دۆبرۆڤسکی ئەو کەسە لەتبووەیە کە لەنێوان ئەم دوانەدا خۆی بۆ کۆ ناکرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە چیرۆکی ڕۆمانەکە لەنێوان عەشق و جەنگدا دەسوڕێتەوە و نووسەر بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە چیرۆکەکە داڕشتووە، کە خوێنەر بەرەو ڕووداوەکان داوەت دەکات و ناتوانێ دەستبەرداری ڕۆمانە ببێت تا دەگاتە دوا ڕستەکانی ڕۆمانەکە.
بێگومان وەزیفەی ئەم نووسینە باسکردنی ڕۆمانەکە نییە، بەڵکو تەنها ویستم شتێکی سادە سەبارەت بە ڕۆمانەکە و گرنگی ئەدەبیاتی ڕووسی و کلاسکی بخەمە ڕوو و دژ بەو ئەو بۆچوونە بم کە پێیوایە ئەدەبیاتی ڕووسی کۆتایی هاتووە و پێویستە ڕوو لە جێگەیەکی دیکە بکەین و بۆ ئەدەبیاتی مۆدێرن، یان پۆست مۆدێرن بگەڕێین.

ھەواڵی زیاتر