مەزهەر كەریم – سلێمانی
دانا شەهید جەزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی، لەم گفتوگۆیەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: حیزبە عێراقیەكان لایەنی ئابووریان قۆستۆتەوە تا فشار لەهەرێمی كوردستان بكەن دەشڵێت” هیچ جۆرە فشارێک نەماوە عێراق بەرامبەر هەرێم نەیكات.
- بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی چۆن دەبینن؟
- لەبەرئەوەی دادگاكە بە پێی دەستوور دروست نەكراوە قسەی لەسەر دەكرێت وە هەروەها ئەم دادگایە لەم ساڵانەدا هەست دەكرێت بڕیارەكانی سیاسی بن ئەمەش نیگەرانی زۆری بۆ لایەنە سیاسیەكان دروست كردووە، بە نموونە لەماوەكانی پێشوودا بڕیاریان لەسەر نادەستووریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دا، ئێستەش بڕیاریان لەسەر لابردنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دا كە بڕیارەكە كاتەكەی گونجاو نییە و جۆری بڕیارەكە لەگەڵ سكاڵاكە یەكناگرێتەوە وە هەروەها دادگای دیكە هەیە بڕیار لەسەر ئەو كەیسانە بدات.
- بۆچی شایستە دارایەكانی هەرێمی كوردستان نادرێت لەلایەن بەغداوە ؟
- حیزبە شیعیەكانی عێراق بەدوو سێ ئاراستە ئیشیان كردووە، یەكێك لە ئاراستەكان زیادکردنی گوشارەكانە لەسەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەلایەنی ئابووریەوە بۆئەوەی هەندێك مەلەفی دیكە هەیە نەجووڵێنرێت؛ مەلەفی موچە و بودجەی هەرێم بچكووترین مەلەفە لەناو ئەو مەلەفانەی لەدادگای فیدراڵی هەمانە؛ هەڵبەت مەبەستم وەك مافە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستانە كە بابەتی زۆر گرنگ هەیە بەتایبەت لە مەسەلەی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی عێراقدا وەك مادەكانی 140 و پشكی هێزەكانی پێشمەرگە و بەشداری هەرێم لە پێگە دبلۆماسییەكانی عێراق، كە ئەمانە هەموویان مەلەفی گرنگن كورد هەقی خۆی لەم مەلەفانە وەرنەگرتووە.
ئەوەی بووە بەهۆی نەدانی مووچەی فەرانبەرانی هەرێم، سیاسیەتی هەندێك لە حیزبە سیاسیەكانی پشتی پەردەن کە دەوڵەتی عێراق بەڕێوەدەبەن. بەداخەوە دەوڵەتی عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی نییە، بڕیار دەردەكات ناتوانێت جێبەجێی بكات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە عێراق سیادەی خۆی نییە چەند لایەنێكی دەرەوەی عێراق تەحەكوم دەكەن. - لایەنە سیاسییەکانی ئێستای عێراق چۆن سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت تەنیا کۆسپ دروستکردنە بۆ پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان. ئەوان ئێستا لە فیكرەی فیدرالیەت پەشیمان بوونەتەوە ئەوان پێیان باشە لە عێراقدا هەرێمی كورستان بێتەوە بە پارێزگایەكی سەر بە بەغدا. ئەوان لە پێناو ئەو پرۆسەیەدا كار دەكەن دەیانەوێت كوردستان لە قاڵب بدەن هەربۆیە دەیانەوێت پارەی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بێت، بەداخەوە لەدادگای پاریس ئەمەیان بۆ لوا كە كورد نەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام ئەمە تاسەر نابێت.
- تاکەی بەغداد دەتوانێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت؟
- ئەمە پەیوەست نییە بەكاتێكی دیاری كراوەوە، بەڵكو پەیوەستە بە سیاسەتێكی دیاریكراو، تەنانەت پارەی قەرزەكەیە ئەوەتا نایدەنە هەرێمی كوردستان! ئەمە ڕەنگداوەی ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت لەكوێوە فرسەت بهێنن هەرێمی كوردستانی پێ بگرن؛ بەو هۆیەوە هۆكارە ئابوورییەكانیان قۆستووەتەوە زۆرترین فشار لەهەرێمی كوردستان دەكەن كە كاریگەری زۆری هەیە. بڕوام وایە بەغدا لەوە زیاتر ناتوانن فشار بكەن گرنگ ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستانە گرنگ حیزبە سیاسیەكانە كە مەلەفی سیاسی هەرێمیان لایە و لە بەغدان .
- حزبە کوردستانییەکان لە بەغدا چۆن مامەڵە بکەن؟
- یەكبوونی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان زۆر گرنگە، هەوڵدان بۆ مەلەفە یاساییەکان بە یەکدەنگ، وەك مەلەفی نەوت لەعێراق مافی هاووڵاتیانی كوردستانی تێدا جێگیر بكرێت هەروەها پەرە بەژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بدرێت لە ڕووی داهاتەوە تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەسرێت بۆئەوەی كە نەوت نەما یان بەم دەردەی ئێستا برا، توشی ئەم دۆخە نەبین؛ سەرچاوەی داهاتی دیكەمان هەبێت وەك بەهێزكرنی كەرتی كشتوكال و پیشەسازی و گەشتوگوزار و هتد..
- هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت چی بكات بۆ دەستخستی مافەكانی لەبەغدا؟
- ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگە دەبوو لە سەرەتاوە یاسای بوودجەی عێراق کە لە پەرلەمان دەردەچێت لایەنی نێودەوڵەتی و دۆستەكانی كورد لەسەرخەت بووان و پێیان بوترێت ئێوە ڕژێمی پێشووتان لابرد ئەم دەوڵەتەی ئێستای عێراق ئەوەیە كە ئێوە دەتانەوێت؟ مافی هاووڵاتی و یەكسانیی ئەمەیە؟ دەكرا ئەم مەلەفە لەڕووی یاسایی و سیاسیەوە بجوڵێت ئێستاش كات ماوە.