سەرکەوتنی لیستی ١٩٧ لە کەرکووک ڕەتکردنەوەی پارێزگارێکی سەپێندراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا دێت پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم پێشوازیی فراوان و پشتیوانیی جەماوەری لێدەکرێت، ئەوەش وا دەکات لەو ناوچانە زۆرینەی کورسی بەدەست بھێنێت. یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک – گەرمیان، ئاشکرایکرد، سەرکەوتنی لیستی ١٩٧ی پارتی لە کەرکووک بە واتای پارێزگارێکی کورد و ڕەتکردنەوەی والییەکی سەپێندراوە بۆ کەرکووک. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، پێیوایە ئێستە بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان مەترسیدارترە لە پرۆسەی تەعریبـی سەردەمی بەعس.

ھەڵبژاردن ستوونێکی سەرەکیی دیموکراسییە و میکانیزمێکە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ھاووڵاتییان ویستی خۆیان دەرببڕن و نوێنەرەکانیان ھەڵبژێرن، دەکرێت ئاستەنگ و کەموکورتی لە سیستمەکانی ھەڵبژاردندا ھەبێت، بەڵام ئەوە ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ھەڵبژاردن ڕەوایەتی بە دامەزراوە ئیدارییەکان و حکوومەتی ناوەندیی خۆجێیەکان دەدات.
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە خاڵێکی گرنگ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێن، لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە مەبەستی پاراستنی مافی پێکھاتەکان و زیاتر خزمەتکردنی چین و توێژەکانی ئەو ناوچانە تەئکید لە پشتگیریی لە کاندیدانی پارتی دەکرێتەوە.
ڕۆژی ١-١١-٢٠٢٣ بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێکرد، کە بڕیارە لە ١٨-١٢-٢٠٢٣ لە چواردە پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت، پێشتر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ کراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکراوە. زیاتر لە بیست و سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لەو ھەڵبژاردنە ھەیە و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت ھەزار و حەوت و سەد و شەست و پێنج بنکەی دەنگدان کە چل و ھەشت ھەزار و چل وێستگەی دەنگدان لەخۆ دەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و بەغدا بە لیستێکی بەھێز و تۆکمە بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە، لە خولی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و نەینەوا پارتی زۆرینە بووە بە جۆرێک بەبێ پارتی نەتوانراوە پۆستی پارێزگار یەکلا بکرێتەوە، بۆ ھەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پارتی لە کەرکووک و نەینەوا و دیالە و لە بەغداش چاوەڕوانی کورسیی زۆرینە دەکات.

ھەواڵی زیاتر