ئاگریبێ دووکەڵ

حەمەسەعید حەسەن

شیعر دەنگێکە لە سەرچاوەی ناخی شاعیرەوە هەڵدەقوڵێت و ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی وەبیر دەهێنێتەوە. ئەوە شیعرە لێ ناگەڕێت، شاعیر چاو لە ناپاکی بپۆشێت. شاعیر شیعر کەوی ناکات، ئەوە شیعرە لێ ناگەڕێت، شاعیر ماڵی بکرێت، پێوەندیی شاعیر بە دنیاوە، لەڕێی ناوکەداوی شیعرەوەیە، لەگەڵ پسانی ئەو داوەدا دەمرێت.

شیعر پۆشاک نییە، شاعیر بیکاتە بەر بیرۆکەیەک، شیعر خۆڕسکانە لە دڵەوە بە شیعری هڵدەقوڵێت. شاعیر لە کاتی نووسینی شیعردا، بە بارودۆخێکدا ڕەت دەبێت، وەک ئەو حاڵەتەی پەیامهێنان لەگەڵ یەکەمین دیتنی فریشتەدا تووشی دێن. ئەگەر شاعیر خوێنەریشی لەگەڵ هەمان هەلومەرجدا ڕووبەروو کردەوە، دەتوانێت لەوە دڵنیا بێت، ئەوەی نووسیویەتی شیعرە. سیاسەت هونەری دەستەمۆکردنی واقیعە، شیعر هونەری کەویکردنی خەیاڵە. سیاسەتکار بەدوای دەستکەوتی ڕۆژانەدا وێڵە، شاعیر بەدوای مەحاڵدا. سیاسەت و شیعر بنار و لوتکەن، هەمووان دەتوانن لە بناردا پیاسە بکەن، کەم کەس دەتوانێت بگاتە لوتکە.

شیعر وێنەیەکی بگۆیە، وێنە شیعرێکی بێدەنگە. وێنەی شیعری گونجاوترین ڕێگەیە بۆ گەیاندنی فیکری شاعیر. شێعیری ڕاستەقینە دەتوانێت بە وشە وێنە بکێشێت، وێنەیەک ژیانی لێ بتکێت. شاعیر هەرچەندە ڕەنگی لەبەر دەستدا نییە، بەڵام وێنە شیعرییەکانی ڕەنگدانەوەی ئایدیاکەنیەتی. شاعیر بە مامەڵەکردنێکی زیرەکانە لەگەڵ وشەدا، دەتوانێت ڕەنگ، سێبەر، دووری، نزیکی، بەرزی، نزمی، شادی، خەم، هیوا و نائومیدی وێنە بکێشێت. شیعر شێوەیەکە لە شێوەکانی بیرکردنەوە، بەڵام بیرکردنەوەیەک کە لە وێنەدا خۆی دەنوێنێت. ئەو شیعرەی لەسەر بناغەی وێنە بڵند نەبێتەوە، لە گوتار نزیک دەبێتەوە.

من باسی شیعر دەکەم و شیعریش شێوەیەکی دیاریکراوی نییە، من گەڕیدەی ناو وڵاتی شیعرم و شیعریش سنوورێکی داتاشراوی نییە. من کۆمەڵێک مەرجی تایبەتیم بۆ شیعر پێ نییە، شیعر بە کۆیلە نازانم تا کۆت و پێوەند بکەمە لاق و گەردنی. شیعر بەرزەفت ناکرێت، شاعیری کۆنترۆڵکراو، ئامێرێکە لە دەزگایەکی داپلۆسیندا. شیعر ئەسپێکی کێوییە، بە هیچ سوڵتانێک جڵەو ناکرێت.

ئەوی گڕ بگرێتە ئامێزی
دەروونی دەبێتە بەهەشتی سەر زەوی
ئەوی ئاو ماچ بکا
ڕەوانی وەک ماسی هۆگری زێ دەبێ
ئەوی با ڕامووسێ
لە باڵی پەڕ دەڕوێ
ئەوی خۆر ماچ بکا
چاوانی دەبن بە ئەستێرە
ئەوی خاک ڕامووسێ
دەماری دەبێتە شێڕەگی داربەڕوو
ئەویشی دیکتاتۆر ماچ بکا
ڕووخساری دەبێتە تەورداس
دڵی بە تاوێر و دەستیشی بە مەقاش

ھەواڵی زیاتر