ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 2023.11.20، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕیوەچوونى کارەکانیان، تیمەکانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى بەسەر کردەوە، کە لە کۆبوونەوەى دوێنى پارێزگاى هەولێر، سەرجەم تیمەکانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە (قائیمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتى ناحییەکان و بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانیەکان، تیمی ناوەنی قەیرانەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاو و ئاوەڕۆکان، ئاودێری) خرابوونە حاڵەتی ئامادەباشى تەواو بۆ بەرگرتن لە ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى نا لەباری ڕەوشی کەشوهەواو، کە بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە دوێنێوە ئێوارەوە کاتژمێر 4 تاکو کاتژمێر 11ى بەیانى ئەمڕۆ ڕێژەیەکی زۆری باران لە ماوەیەکی کەمدا دابارى و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرا.
پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانیان کرد، دەستخۆشى لە سەرجەم تیمەکانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد و سوپاسى هاوڵاتییانیشى کرد کە هاوکار و هەماهەنگى تیمەکان بوونە.
لەوبارەیەشەوە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: “له هه‌ولێر له ماوەى 16 كاتژمێر، لە کاتژمێر 4ى ئێواره‌ى دوێنێوە تا کاتژمێر 9ی به‌یانی ئەمڕۆ (64 ملم) باران باریوه و ته‌نیا له كاتژمێر 6ی به‌یانی تاکو کاتژمێر 8:30ى بەیانى (38 ملم) باران باریوه، ئەمەش بەراورد بە ساڵى ڕابردوو ڕێژیەکى زۆرە، ڕاستە له هه‌ندێ شوێن زیان گه‌یشتووه‌ته ماڵه‌كان و ئاو بەرزبۆتەوە، به‌ڵام مایەی خۆشحاڵى و ده‌ستخۆشییه له سەرجەم تیمه‌كان کە له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كان، توانرا مه‌ترسییه‌كان زۆر كه‌متر بکرێتەوە، چونكه به‌راورد به‌و ڕێژه بارانه زۆرەى به‌و ماوه كه‌مه دابارییوە، زیانه‌كان زۆر كه‌م بوون”.
ڕاشیگه‌یاند: “به‌پێی پێشبینیی كه‌شناسی بارانبارین به‌رده‌وام ده‌بێ، به‌ڵام مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه ڕێژه‌ی زۆر بێ و بگاته لافاو”.
لەکۆتایشدا گوتى: “هه‌ندێ کەناڵ و ده‌زگاى میدیایی هه‌یه خۆی ته‌رخان كردووه بۆ هه‌ولێر، فه‌رموو له ته‌نیشت ئێمه شارى مووسڵه، بەداخەوە سێ كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و چەند شوێنێک زیانى زۆر گەورەیان بەرکەوتووە بەهۆى دروستبوونى لافاو، ئه‌و به سهنتهركردنهی شارى هه‌ولێر، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌روونی خه‌ڵك ده‌بێ، ئێمە سوپاسى هاوڵاتییان دەکەین کە لەگەڵ تیمەکانى حکومەت هاوکاربوون، حكومه‌ت ئه‌ركیه‌تی و بڕیارى خودی جەنابى سه‌رۆكی حكومه‌تى هەرێمى کوردستانە کە له دوێنێوه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كمان له‌سەر هێڵ بووە و بەدواداچوونى بۆ هەموو ڕەوشەکە کراوە، ئه‌وه‌ی له توانای ئیمکانیەتى حكومه‌تدا بوو کراو و دەکرێت، بەردەوام دەبێت، حکومەت خاوه‌نی ئەوخەڵکەیە و بەرگرى لە پاراستنى ئەو خەڵکە دەکات، ئەرکمانە و هیچ منەتێکى تێدانییە هه‌موو تیمه‌كان له خزمه‌تی خه‌ڵك و هاووڵاتیانین، ئێستاش کارى تیمەکان بەردەوامە، هیوادارین دەزگاکانى ڕاگەیاندنیش زۆر پیشەییانە دوور لە هەندێک مەغزا و مەبەستى تایبەت ڕووماڵى ئەو بابەتە بکەن”.
جێگەى باسە، ماوەى چەند مانگێکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى پارێزگاى هەولێر بۆ کەمکردنەوەى مەترسی ڕوودان و ڕێگەگرتن لە دروستبوونى لافاو و ئامادەکارى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوی گۆڕ‌انى کەش و هەوا لە وەرزى باران بارینى ئەمساڵ، لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزاریی و پەیوەندیدارەکان بەشێوەیەکى فراون لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەستکراوە بە پاککردنەوەى کەند و ڕێرەوە سروشتیەکانى ئاوى باران و چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكکان کراوە و پڕۆسەکە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.