سلێمان تاشان – ههولێر
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە جیاتی ئەوەی کێشە و ناکۆکییەکان چارە بکات، خۆی بووەتە بەشێکی گرنگ لە کێشە و قەیرانەکانی عێراق و بە تایبەتی ئەمساڵ دادگاکە بە تەواوی دەریخست فڕی بە دەستوورەوە نییە بڕیارەکانی سیاسین و ئەجینداکان جێبەجێ دەکات. سیاسەتمەدارێکی کورد پێی وایە ئەگەر پێش بەم دادگایە نەگیرێت ئەوا کارەساتی گەورەتر بەتایبەتی بۆ کورد و سوننە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە چواردەی مانگی تشرینی دووەم بۆ دەرکردنی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەویش لە کاتێکدا کە عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، جارێکی تر گومان و هێمای پرسیار خرایە سەر دادگایەک کە ئەرکەکەی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانە کەچی زۆرترین قەیران لە لایەن ئەو دادگایەوە هاتوونەتە کایەوە.
هەفتەی ڕابردوو محەمەد حەلبووسی کە بە یەکێک لە ناسراوترین ڕێبەرانی سوننەی عێراق لەم ساڵانەی دواییدا هەژمار دەکرا، لەکاتێکدا خەریکی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی فەرمیی پەرلەمان بوو، لەوە ئاگادار کرایەوە کە تەنانەت ئەندامێتی پەرلەمانیشی لێ ستێندراوەتەوە چ بگا بەوەی کە لەسەر کورسیی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دابنیشێت.
بڕیارەکە بووە هۆی دروستکردنی هەژانێکی سیاسی لە گۆڕەپانی عێراقدا. حەلبوسی و پارتەکەی ، حزبی تەقەدوم، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییان بە پێشێلکردنی دەستوور و بە ئامانجگرتنی سیاسی لەقەڵەم دا و بڕیاریان دا بە دەست لەکارکێشانەوەی ئەندامانی حزبەکە لە حکوومەتی فیدراڵ و سێ وەزیری لە پۆستەکانیان کشانەوە.
ئەم هەڵوێستەی دادگای باڵای فیدراڵی دووبارە سەرجەم بڕیارەکانی پێشووی دادگاکەی بیر خەڵکی عێراق بە تایبەتی کورد و و سوننە هێنایەوە کە چ کاریگەرییەکی نەرێنی و خراپیان لەدوای خۆیاندا بەجێ هێشتووە. لە بڕیاری دوورخستنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارەوە بگرە تا دەگاتە بڕیاری بە نایاسایی هەژمارکردنی فرۆشتنی نەوتی کوردستان و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دراون و زۆربەی ئەو بڕیارانەش خوێندەوەی سیاسییان بۆ دەکرێت و دادگاکە بە دادگایەک تۆمەتبار دەکرێ کە بە بڕیارەکانی سیاسین دەیەوێت تەسفیەحساب لەگەڵ کورد و سوننە بکات و بە تەواوی لاوازیان بکات و لە پەڕ و باڵیان بخات.
بڕیارەکەی هەفتەی رابردوو ناڕەزایەتی بەدواوە بووە و تەنانەت بڕیارەکە نوێنەرایەتی وڵاتان لە عێراقیشی تووشی شۆک کرد. پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک لەو حزبانە بوو کە هەڵوێستێکی زۆر ڕوون و ئاشکرای لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەبوو و تێیدا گوتەبێژی پارتی ڕای گەیاند کە عێراق و ناوچەكە بە جۆرێك شێواوە كە پێشبینی هەژانێكی گەورە دەكرێت و لەم دۆخەدا بەرپرسیارێتی سەرشانی سەرجەم هێز و لایەنە عێراقییەكان بەگشتی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەتایبەتییە کە وردتر هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەكە بكەن بەتایبەتی ڕووداوی دوا بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی لادانی سەرۆكی دەسەڵاتی یاسادانان كە ئاڵۆزییەكان زیاتر و قووڵتر دەكاتەوە.
گوتەبێژی پارتی دەڵێت: ئەو بڕیارە لە كاتێكدا بوو چاوەڕوانییەكان ئەوە بوون ئەو ئاڵۆزی و كێشانەی كە هەن چارە بكرێن، نەك بابەتی زیاتریان لەسەر كەڵەكە بكرێت بەجۆرێك كە ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری دەخاتە مەترسییەوە.
لە لایەکی ترەوە مەحموود عوسمان، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بۆ VOA دەنگی ئەمەریکا، ئاماژەی داوە کە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارەکانی هێندەی چوارچێوەی سیاسیان هەیە، یاسایی نین، چونکە دادگای باڵای فیدراڵی مافی ئەوەی نییە لەبارەی سەرۆکی پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات، دادگای باڵا لە جیاتی ئەوەی کێشەکان چارە بکات خۆی بووە بە کێشە و هەر ڕۆژە و بڕیارێک دەدات، زۆر شت دەکات هیچ پێوەندی بەم دادگایەوە نییە.
بەگوتەی ئەو سیاسەتمەدارە، ئەو دادگا فیدراڵییە دەستوورییەی کە دەبوایە دابمەزرێت دانەمەزراوە بۆیە پێویستە چارەیەکی ئەو دادگایە بکرێت و یاسایەکی نوێی بۆ دابنرێت. لەهەمانکاتدا دادگایەک هەبێت دادگای دەستووری بێت و دەسەڵاتی هەبێت ئەو بڕیارانە بدات. ئەم دادگایە هی ئەو کاتەیە کە بەپێی یاسای کاتیی برێمەر دانراوە و فڕی بە دەستوور نییە.
جێی باسە دادگاکە لە دوازدە ئەندام پێکهاتووە کە بریتین لە سەرۆکی دادگا و جێگری سەرۆک و حەوت ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگ. ئەندامانی دادگاکە لەسەر بنەمای نەتەوە و مەزهەب بە هاوشێوەی پۆستەکانی تری عێراق بەسەر حزب و لایەنە عێراقیەکاندا دابەش کراون. شیعە سەرۆکایەتی دادگاکە دەکات و زۆرینەیە و کورد دوو کورسی هەیە و تەنانەت ئەگەر لەگەڵ سوننەش یەک بگرێ هێشتا ناتوانێت هیچ دەسەڵاتێکی لە دادگاکەدا هەبێت و شیعە کۆنترۆڵی کردووە.
ئەو حکوومەتەی ئێستای عێراق حکوومەتی شیعەکانە و داواکارییەکانی کورد و سوننە لای ئەو حکوومەتە بە هەند وەرناگیرێن و تا بۆیان بکرێت هەوڵی زیاتر لاوازکردنی کورد و سوننە دەدەن. دکتۆر مەحموود عوسمان پێی وایە نابێت هەرێم بڕیارەکانی دادگای باڵا قبوڵ بکات، بەڵام قبوڵیان کردووە و بێ دەنگ بوون، لەکاتێکدا دادگا دەستووریەکە بڕیاری نەداوە. دادگا دەستورییەکە کە لە دەستووردا نوسراوە، نییە.