نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی سێ مانگی رابردووی دابەزی

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی رۆژی رابردووی خۆی و لە کەمترین ئاستیدا لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت. هاوکات هەر ئۆنسەیەک زێڕیش دابەزی بۆ 1967 دۆلار.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 14 سەنتی دیکە دابەزی و یەک بەرمیل بە 77 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پیوەکرا. 

نرخی نەوتی برێنت و تەکساسی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بە رێژەی 4٪ دابەزین، ئەوەش کەمترین ئاستیان بوو لە چەند مانگی رابردوودا.

هۆکاری دابەزینی نرخەکانی نەوت بۆ نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو کاڵا ستراتژییە دەگەڕێتەوە بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی چین کە دەرکەوت لە مانگی رابردوودا هەناردەی چین بە رێژەی 4٪ دابەزیوە.

(وارن پاتێرسن) و (ئێوا مانسی) سەر بە بانکی (IG) رایانگەیاند، “بازاڕ ئێستا ئەوەندە نیگەرانی پەرەسەندنەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نییە و ئەو فاکتەرەی کە بەلای بازرگانانەوە گرنگە، کەمبوونەوەی خواستە لەسەر نەوت.”

بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 12 ملیۆن زیادیکردووە و ئەوەش هێمای کەمبوونەوەی خواستە لەسەر نەوتی خاو لە ئەمریکا.

ئەو پەیمانگەیە دەڵێت، پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، قەبارەی بەکارهێنانی نەوتی ئەمریکا رۆژانە 300 هەزار بەرمیل کەم بکات.

لەلایەکی دیکەوە پێشبینی دەکرێت قەبارەی بەرهەمهێنانی ڤەنزوێلا 200 هەزار بەرمیل زیادبکات. بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خستنەڕووی نەوت و کەمبوونەوەی خواست و لە کۆتاییدا ئەو ناهاوسەنگییەی لە خواست و خستنەڕووی نەوت دروستبووە، نرخەکانی نەوت لە دوێنێوە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیون.

ھەواڵی زیاتر