لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا، كوردستان هەڵدەبژێرین

مەشخەڵ كەوڵۆسی

ڕوونە كە كۆمەڵگەی كوردستان، ئامادەگییەكی زۆر سەیری هەیە بۆ دابەشبوون. لەسەر هەموو شتێك، لەسەر هەموو پرسێك، لەسەر هەموو دۆسییە و بابەتێك، ئیدی بابەتەكە گرنگ بێت یان نا، كۆمەڵگەی كوردستان ئامادەی دابەشبوونە.
زۆر بەكەمی و دەگمەن دیتراوە كورد لەسەر دۆسیە و پرسێك هاوڕا و یەك هەڵوێست بن، ئەڵبەتە ئەمەیان قسەیەكی گۆترەكارانەیە و، مەرج نیە كۆمەڵگەكانی بەگشتی لەسەر هەموو شتێك یەكدەنگ بن. بەبارێكی تریشدا ئەو قسەیە ڕاستە كە دابەشبوون و فرە ڕەنگی و فرەدەنگی لەبەرانبەر پێشهاتەكاندا، نیشانەی هەستیاری و زیرەكی و كرانەوەی كۆمەڵگەیە، چونكە ئەگەر تاكەكانی كۆمەڵگە وەك یەك بیر بكەنەوە، ئەوكاتە هەمووان دەبنە كۆپی یەكتر و هیچ جەدەل و جوڵەیەك لەناو كۆمەڵگەدا نامێنێت و، بەوجۆرەش جوڵەی فیكری و سیاسی و فەرهەنگی دەمرێت و، كۆمەڵگەیەكی دۆگمای خاڵی لەوتوێژ دێتە بەرهەم.
هیچكاممان لەگەڵ ئەم ئەنجامەدا نین، بەڵكو دەمانەوێت كۆمەڵگەی كوردی زۆرترین بیروڕا و، جوانترین وتوێژ و، كراوەترین ڕوئیای هەبێت و، كۆمەڵگەیەكی زیندووبێت و، تاكەكان لەسەر دیاردە و پێشهاتەكان ڕای خۆیان هەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەكرێ لەخۆمان بپرسین: بۆچی تەنها كۆمەڵگەی كوردی بەوجۆرە نێگەتیڤە دابەش دەبێت؟ ڕاستە نامانەوێ كۆمەڵگەیەكی دۆگمای داخراومان هەبێت، بەڵام دەبێ بپرسین بەبارەكەی تریشدا، ئایا هیچ كۆمەڵگەیەكی ناوچەكە بەو جۆرە نێگەتیڤە دابەش دەبێت كە كورد دابەش دەبێت؟.
كۆمەڵگەكانی دیكە، ئەگەر قسەش لەسەر مەسەلەیەك بكەن، هاوسۆز بن یان دژ، ئەو وتوێژە تاكو ڕادەیەك دەڕوات كە هێڵە سورە نیشتمانییەكانی خۆیان دێتە پێشەوە. لەو سنورەدا دەگەڕێنەوەو، هەموویان پێكەوە پابەند دەبن بە نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خۆیانەوە.
بۆنمونە: سەبارەت بە جەنگی غەزە، هێرشەكانی حەماس و ئیسرائیل، كۆمەڵگەیەكی وەكو ئەردەن، یان كوەیت، تەنانەت دانیشتوانی ڕامەڵا كە بەشێكی گەورەی فەلەستینییەكانن، یان كۆمەڵگە عەرەبییەكانی تر كە لەڕووی نەتەوەیی و ئاینیشەوە لەگەڵ فەلەستینییەكان هەر یەك گەل و نەتەوەن، كەچی دەبینین، ڕۆژ بەڕۆژ پابەندی زیاتر پیشان ئەدەن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی خۆیان و، كێشە بۆ سیاسەتی فەرمی وڵاتەكانیان دروست ناكەن.
واتە: لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا، ئەردەنییەكان بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەیان هەڵبژارد، ڕاستە چەند جارێك خۆپیشاندان و نمایشیان كرد، بەڵام نەگەشتە ڕادەی ئەوەی لە هێلەكانی بەرژەوەندی گشتی و سنورەكانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان تێپەڕێنن. هەروەها ئێرانی و كوەیتی و سعودییەكانیش بەهەمان شێوە. هیچكامیان بەرژەوەندی خۆیان نەگۆڕییەوە بە هەڵچونێكی عاتیفی!. بەڵكو بەوپەڕی عەقڵانییەت مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەكە كردووە.
توركەكان كە دەیانەوێت وەك نوێنەری سوننە بناسرێن و لەزۆرینەی نمایشەكانیشدا دژایەتی ئیسرائیل دەكەن، لەماوەی شەڕی غەزەدا هیچ جوڵەیەكی جیاوازیان نەكرد و، بگرە دەستیان بە بەرژەوەندی وڵاتەكەی خۆیانەوە گرت.
كۆمەڵگەی كوردی، لەمەلیك زیاتر مەلەكییە. ئایا هۆكاری ئەم حاڵەتە چییە؟ لەعەرەبەكان زیاتر و تەنانەت لەخەڵكی ڕامەڵاش زیاتر هاوسۆزن، دابەشبوونی كۆمەڵگەی كوردی لەسەر ئەم دۆسییەیە، گەیشتۆتە ڕادەی دژایەتی یەكتر. مەلاكانی ئێمە لەمەلاكانی ڕامەڵا و كوەیت دلگەرمترن!.
بەكورتی و بەكوردی، پێویستە لەم كەلێنە بەئاگابین، بگەینە ڕادەیەكی هۆشیاری سیاسی و یاسایی و نەتەوەیی وا، كە بتوانین بەدڵنیاییەوە بڵێین: لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا، ئێمە بەرژەوەندییەكانی كوردستان هەڵدەبژێرین. لەوەشدا كەسمان مۆڕە لەیەكتر نەكەین و یەكتر بەبێ دین لەقەڵەم نەدەین. چونكە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كوردستانیش، خۆی بۆ خۆی بەشێكە لەدینی ساغ.

ھەواڵی زیاتر