پارێزگاری هەڵەبجە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی وەبەرهێنان لە شارەکە دەکەن.
رۆژی سێشەممە(7ـی تشرینی دووەمی 2023) پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا، باسی لە ئامادەکارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی وەبەرهێنان لە شارەکە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئازاد تۆفیق پارێزگاری، هەڵەبجە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجە، لە کۆبوونەوەکەش ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی وەبەرهێنان لە شارەکە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆبوونەوەکە لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی کارنامەیەکی کاری گشتگیر بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگای هەڵەبجە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەیەدا لایەنە بەشداربووەکان باسیان لە کێشەکانی بەردەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کردووە، بۆیە بڕیاردراوە سەبارەت بەو کێشانە یاداشتێک بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکان.
رۆژی (13ـی ئازاری 2014) بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵەبجە کرا بە پارێزگا.
رۆژی (30ـی ئەیلوولی 2023)، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە خرایە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها چەند جارێک لە بەرنامەی کاری ئەو ئەنجوومەنە پرۆژە یاساکە دەرهێندرا و لابردرا