جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەردوولامان بگەینە لێکتێگەشتنێکی هاوبەش.
رۆژی سێشەممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023) لە پیرمام کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی داوای نزیکەی پێنج کاتژمێر کۆتاییهات و دواتر لەسەر داوای نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24، نێچیرڤان بارزانی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد.
لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆک بارزانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ یەکێتی هەبوو. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، بڕیارە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەردوولامان بگەینە لێکتێگەشتنێکی هاوبەش.
نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند: “ئێمە وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان دیاریکردووە و هیوادارین لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت”.
لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییانەی دەکرێتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند، ئەم هێرشانەی کە دەکرێت پێشهاتێکی زۆر ترسناکە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. گوتیشی: سەرۆکوەزیرانی عێراق نابێت بهێڵێت ئەم هێزانەی کە لە دەرەوەی یاسان کێشە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکەن، هەروەها بەردەوامبوونی ئەو جۆرە کارانە نە یارمەتی عێراق دەدات، نە دروستیشە ئەنجامبدرێت و لە بەرژەوندی هیچ لایەکدا نییە.
رۆژی سێشەممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023) له بارهگای مهكتهبی سیاسیی پارتی له پیرمام، كۆبوونهوهی هاوبهشی نێوان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئهنجامدرا و دوای کۆبوونەوەکەش هەردوولا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لهكۆبوونهوهكهدا بارودۆخی هەرێمى کوردستان و عێراق بەتایبەتى و، رەوشى هەستیارى ناوچەکە بە گشتى گفتوگۆیان له بارهوه كرا. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ههردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگى و پێکەوەکارکردن و پێویستى كۆكردنهوهی هێز و تواناى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی قهوارهی ههرێمی كوردستان و داڕشتنى ستراتیژیەتێکى هاوبەش کە گونجاوبێت لەگەڵ رەوتى رووداو و گۆڕانکارییەکانى قۆناغهكه و رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان.
له تهوهرێكی دیكهی كۆبوونهوهكهدا، جهخت له پاڵپشتیكردنی هەنگاوەکانى حكومهتی ههرێمی كوردستان کرایەوە بۆ دابینكردنی شایسته داراییهكان و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى دەستوورى هەمیشەى عێراقدا.