پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕاگەیاندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە هەولێر بارانێکی بەخوڕ لەماوەیەکی کەمدا باری ئەو رێژەیە پێشبینی نەکراوبوو، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئامادەباشی تیمەکانی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر، دەزگای خێرخوازی بارزانی، شارەوانییەکان، بەرگری شارستانی، تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، توانرا ئیدارەی حاڵەتی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارینی ئەمڕۆ بدرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی (3ـی تشرینی یەکەمی 2023) پارێزگای هەولێر، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، بارانێکی بەخووڕ لە ماوەیەکی کەمدا بە رێژەی 28ملم لە سەنتەری شاری هەولێر داباری، بەپێی پێشبینی شارەزایان و بەڕێوەبەرایەتی کەش و هەوا، رێژەی دابارینەکە بە هۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا دوور لە چاوەڕوانی و پێشبینی نەکراوبوو.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، بەهۆی داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامە و رێگە چارەسەریانەی کە لە ماوەی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی روودانى لافاو و چارەسەرى هۆکارەکانى دروستبوون و هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەش و هەوا لە زستان و وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لە لایەن دامەزراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان گیرابوونەبەر، لە وانە خاوێنکردنەوەى (350) كیلۆمه‌تر له‌ فراوانکردن و پاککردنەوەی رێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەندەکان و بەردەوامیدان بە پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆڵەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی گەڕەک و شوێنە گشتیەکانی شارى هەولێر و تەواوکردنی (20) پڕۆژەی تایبەت بە کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاو و (43) پڕۆژەی دیکە کە ئێستا بەڕێژەی جیاواز لە بواری جێبەجێکردندا.

پارێزگای هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم تیمەکانی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی، شارەوانییەکان، بەرگری شارستانی، تەندروستی و لایەنەپەیوەندیدارەکان بۆ روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و بە هاناوەچوونی هاوڵاتییان، توانرا ئیدارەی حاڵەتی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارینی ئەمڕۆ بدرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت.

پارێزگای هەولێر هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دڵنیا دەکاتەوە، کە پارێزگای هەولێر لەڕێگەی لیژنە و تیمی فەرمانگە و دامەزراوەکانییەوە هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی روودانی هەر ئەگەر و مەترسیەکی لافاو و رووداوێکی نەخوازراوی گۆڕانى کەش و هەوا، ئەوەی ئەمڕۆش کە بە هۆی دابارینی رێژەیەکی زۆری باران لەماوەیەکی کەمدا روویدا و لە چەند شوێنک بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو و  ژمارەیەک لە هاووڵاتییان دووچاری ناڕەحەتی بوونەوە و لە بەشێک لە شەقامە گشتییەکانیش ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروستبوو، لە زووترین کاتدا تیمەکان بەهانای هاووڵاتییانەوە چوون و شەقامەکان پاککرانەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێنەکەوتەوە.

لە راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر هەروەها هاتووە،  ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا حاڵەتێکی چاوەڕوانەکراو بوو کە دەزگا و ئامێرەکانی کەشناسیش بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواو نەیانتوانی پێشبینیەکانی بخوێنەوە، بۆڕوودانی حاڵەتی لەمشێوەیەش بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پێشبینی زانستی بۆ بکرێت، بەداخەوە چەند کەناڵ و دەزگایەکی میدیایش، پرسەکەیان بە ئاڕاستەیەکی ناڕاست و دوور لەڕاستی برد و وەک خۆی رووماڵی رووداوەکەیان نەکرد، هیوادارین بۆ لەمەو دوا ئەگەر ناتوانن لەحاڵتی رووداوی لەمشێوەیەدا هاوکاربن، با بەلای کەمەوە وەک خۆی وێنەکان بۆ ڕای گشتی بگوازنەوە.