سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی 8 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان24 دەکات و دەڵێت، “بە بۆنەی هەشتەمین ساڵی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن و دەستبەکاربوونی کەناڵی کوردستان 24، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی و سەرجەم کارمەندانی کوردستان 24 دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە: “كوردستان24، هەشت ساڵ لەمەوبەر لە کاتێکدا دامەزرا، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە سەرکردایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕووبەڕووبوونەوەدابوون لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و لە بەرگریکردن بوون لە خاک و خەڵکی کوردستان، کە سەرەنجام پێشمەرگە قارەمانەکان، داستان و نەبەردیی گەورەیان تۆمار کرد و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند. كوردستان 24یش ببووە بڵندگۆ و سەکۆی پێشمەرگە و سەرکەوتنە بێ وێنەکانی پێشمەرگەی بە جیهان گەیاند”.
مەسرور بارزانی دەشڵێت: “هیوادارم كوردستان 24، بە شێوەیەکی پیشەییانە بەردەوام بێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکی ڕاگەیاندنی خۆی لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و گەیاندنی ڕاستییەکان لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان”.
دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن
ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 تێدەپەڕێت، کوردستان24 لەم ماوەیەدا وەکو میدیایەکی پرۆفیشیناڵ، توانیویەتی پیشەییانە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.
كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا دهچێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن، هاوسهنگی و بابهتیبوون و بهرپرسیاریهتی له رووماڵ و بهدواداچوونه رۆژنامهوانییهكان پهیڕەو دهكات و بە گوێرهی ستاندارده باوهكانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامهوانی کار دەكات.
کوردستان24 كاردهكات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری لێبوردەیی و پێكهوهژیان و ئاشتەوایی و دیموكراسی و دادپهروهری و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان. كاردهكات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری ژینگهپارێزی، پەروەردەیەكی تەندروست، بهرزكردنهوهی ئینتیمای تاك بۆ خاك و نیشتمان.
كوردستان24 مافی رادهربڕین بۆ ههموو پێكهاته جیاوازهكانی كوردستان و ناوچهكه، به جیاوازی فیكری و ئایینی و مهزههبی و نهتهوهیی مسۆگهر دهكات، هەروەها پەرە بە بیری سەربەخۆیی لە كوردستان دەدات.
دامەزراوەی کوردستان24 لە 31/10/2015 دامەزراوە، لەڕیگەی کەناڵی تەلەڤزیۆن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و رادیۆ، هەوڵیداوە پیشەییانە و نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بکات، لە ماوەی کارکردنیشیدا کوردستان24 بووەتە سەرچاوەی میدیا جیهانییەکان.