سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی کارگەی پاکەت و کارتۆنی پاکێجینگی کۆمپانیای فابیابی کردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەی پاکەت و کارتۆن (پاکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیابی کردەوە.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی پاکەت و کارتۆن (پاکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیابی لە هەولێر کردەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی کارگەکە گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: “ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ کردنەوەی ئەم کارگەیە کە کارگەی دروستکردنی کارتۆن و بەرگگرتن و ئۆفسێت و کاری کاغەزە، کە بەشێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو بە ئامراز و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دانراوە، من دەستخۆشی لە ئێوەی بەڕێز دەکەم کە ئەو کارەتان کردووە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، “جێگەی دڵخۆشییە کە دەبینین لە کوردستان کەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت کە ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵی، کە ماوەیەکە ئێمە توانیومانە بەربوومی جووتیاران، بەروبوومی ناوخۆیی هەناردەی دەرەوە بکەین. ئەم جۆرە کارانە یارمەتی زۆر دەدەن بۆ پاکێجینگ و بەرگگرتن و ئەو شتانەی کە پێویستن بکرێت وەک براندی کوردستانی بەروبوومی خۆمان هەناردەی دەرەوە بکەین”.

پڕۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی 20 ملیۆن مەتر دووجای كارتۆنی هەیە

کۆمپانیای فابیاب ئەڵمانی خاوەنی پڕۆژەی گۆڵد بۆكسە لە عێراق بۆ لە قوتونان و پاكێجینگی كارتۆن. پڕۆژەی گۆڵد بۆكس خاوەنی مۆڵەتی وەبەرهێنانە بە ژمارە 1123 لە رێكەوتی 2022/4/12.

پڕۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی 20 ملیۆن مەتر دووجای كارتۆنی هەیە لە مانگێكدا و رووبەری پڕۆژەكە 40،350 مەتر دووجایە و، لە ریزبەندی یەكەم لە عێراق و لە ریزبەندی شەشەم لە ئاستی وڵاتانی كەنداو دێت.

پڕۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە قوتوێكی كارتۆنی پیشەسازی و كشتوكاڵی و خۆراكی هەیە و بۆ ئەمەش توانای دەستەبەركردن و بە قوتوكردنی كارتۆنی بۆ تەواوی كارگەكانی كوردستان و ناوەڕاست و باشوری عێراق هەیە.

پڕۆژەی گۆڵد بۆكس دەرفەتی کارکردنی بۆ 250 کەس رەخساندووە و نزیكەی 2.5 مێگاوات كارەبا بەكاردەهێنێت.

نوێدەکرێتەوە..