سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سبەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستپێدەکات

چواس خالید – هەولێر

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: سبەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات و تاوەکو ٢٤ کاتژمێر پێش دەنگدانی تایبەت بەردەوام دەبێت.

بڕیارە ١٨-١٢-٢٠٢٣ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ١٤ پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت، شازدە ملیۆن و سەد و پەنجا و ھەشت ھەزار و حەوت سەد و ھەشتاو ھەشت دەنگدەر مافی دەنگدانیان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ھەیە، پازدە ملیۆن و سەد و ھەشت ھەزار و سەد و سی و پێنج کەسیان لە دەنگدانی گشتی دەبن و بەسەر حەوت ھەزار و سەد و شەست و شەش بنکەی دەنگدان و سی و پێنج ھەزار و پێنج سەد و پەنجا و سێ وێستگەی دەنگدان دابەشکراون، ھەروەھا یەک ملیۆن و دوو ھەزار و سێ سەد و نەوەد و سێ دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگبدەن کە بەسەر پێنج سەد و شەست و پێنج بنکەی دەنگدان و دوو ھەزار و سێ سەد و شەست و حەوت وێستگەی دەنگدان دابەشکراون.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: سبەی ١-١١-٢٠٢٣ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی ١٥-١٢-٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت، واتە تاوەکو ٢٤ کاتژمێر پێش دەنگدانی تایبەت ھەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەشڵێ: تائێستە ٤٦١ بەربژێر لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە ھۆکاری جیاواز دوورخراونەتەوە، کە زۆربەیان لەسەر لێپرسینەوە و دادپەروەرییە و پەیوەندیی بە بەعسیبوونەوە ھەیە.
سەبارەت بە دەنگدانی ئاوارەکان، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: ئاوارەکان کە ژمارەیان چل و ھەشت ھەزار و دوو سەد و شەست کەسە، لە سی و چوار ناوەندی دەنگدان و سەد و بیست وێستگە دەتوانن دەنگ بدەن، کە زۆربەیان لە دھۆک و ھەولێرن، کۆمیسیۆن سی و پێنج بنکە و سەد و بیست وێستگەی دەنگدانیان بۆ دەکاتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، زیاتر گوتی: بۆ چاودێریکردنی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن، ژمارەیەک لیژنە پێکھێنراون و ھاوئاھەنگییان لەگەڵ ئەمیندارێتی بەغدا، بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی شارەوانی دەبێت بۆ چاودێریکردن و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن، ئەو لیژنانە ھاوئاھەنگییان لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانیش دەبێت بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان لە ئامرازەکانی بینراو و بیستراو، ھەروەھا کۆمەڵێک لیژنە بەدواداچوون بۆ بڵاوکردنەوە لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکەن.