چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پرۆسەی نوژەنکردنەوەی قەڵاتی هەولێر پیێ دەنێتە هەنگاوی خێراو جیدیترەوە

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌, ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر بە ئامادەبوونی مەسعود کارەش جێگری پارێزگار لەگەڵ ئەحمەد جونێد سروش والی بەرپرسى کلتووری رێکخراوى یونیسکۆ لە عێراق سەبارەت بە پرسی نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە بەرنامە و کارى هاوبەشى ئایندەیی نێوان هەردوولا کرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارێزگاری هەولێر پێزانینی خۆی ئاراستەی رێکخراوى یونیسکۆ بۆ کار وچالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان پاراستنی کەلەپوور كرد.
هەردوولا هیوایان خواست بە هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکانى دیکەى حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، و کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران ئاستى پڕۆژەکان فراوانتر بکەن.
بەرپرسى کلتووری یونیسکۆ لە عێراق، باسی لە کار و بەرنامەکانیان لە نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی هەولێر کرد و گوتى: پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری قەڵات کە ئێستا بۆتە میراتێکی جیهانی ئەولەویەتە بۆ یونسکۆ و هەوڵ دەدەین بە باشترین شێواز و دیزاین کارەکانی تێدا جێبەجێ بکەین و لە ئایندەیەکی نیزیکیشدا قەڵاتی هەولێر بکەینە رووگەیەکی دێرین و مێژوویی جیهانی کە گەشتیار لە هەموو جیهان رووی تێبکەن …
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر کاری جیدی و بازدان بەسەر لەمپەرو رۆتین کردەوە، بەتایبەت تەواو کردنی شەقامی ناوەندی قەڵات ، چونکە قەڵات شایەنی ئاوردانەوەو خزمەتی زیاترە…