شەممە, تشرینی دووه‌م 2, 2024
Image default

بەربژێرێکی فەتح: نیوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی ناتوانن دەنگبدەن

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح، کە هاوکات یەکێکە لە بەربژێرەکانی ئەو هاوپەیمانییە، رایدەگەیێنێت، نیوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی ناتوانن دەنگبدەن و دەڵێت بە ئامانجکردنی حەشدی شەعبی بەدوور نازانن. حەسەن شاکر، بەربژێری هاوپەیمانی فەتح بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیان: “بەشێکی زۆر لە چەکدارانی حەشدی شەعبی ناتوانن دەنگبدەن، چونکە لە بەرەکانی شەڕن. هەندێکی دیکەش لە ناوچەی دوورە دەستن لە دەنگدان بێبەش دەبن. لەکاتێکدا دەستووری عێراقی مافی دەنگدانی عێراقییەکانی گەرەنتی کردووە، بەڵام حکومەت دەنگدانی لێسەندنەوە، ئەمەش لە هیچ وڵاتێکی جیهان رووی نەداوە.  حەسەن شاکر، کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراقە گوتیشی ئێمە لە ساڵی 2021ین، ناوی هەموو چەکدارانی حەشدی شەعبی تۆمارکراون، پلەیان هەیە و مانگانە لە رێگەی ماستەر کارد مووچە وەردەگرن، ئەمانە راستەوخۆ لە ئیدارەی دەستەی حەشدی شەعبی فەرمین و ژمارەکەشیان زانراوە. کۆمیسیۆن و حکومەت دەیانتوانی داوا بکەن و لە ماوەی چەند کاژێر ناوەکانیان بۆ رەوانە دەکرا.  

بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن و حکومەتی عێراق، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە رۆژی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ناتوانن دەنگبدەن، بەڵام لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەتوانن دەنگبدەن.  نبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، پێشتر داوای ناوی چەکدارانی حەشدی شەعبی کردووە، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی لە ناردنی ناوەکان دواکەوت، بۆیە ئەوان ناتوانن لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگ بدەن. 

حەسەن شاکر پێیوایە، هاوپەیمانی فەتح رۆژ لە دوای رۆژ بەهێز دەبێت، نزیکە لە شەقام و شەقامیش لەو نزیکە، زۆربەی بەربژێرەکانیش لە هەناوی حەشدی شەعبین و دەشڵێت: “فەتح  پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت”. حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 بە فتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان پێکهێنراوە، لە کۆتایی ساڵی 2016دا لە پەرلەمان یاسای بۆ دەرچووە و نزیکەی 150 هەزار چەکداری هەیە.