ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/19، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی خولى (شەهید سەرکەوت ئازاد)ی دەرچووانی پۆلیسی هەولێر تایبەت بە ( هەڵکوتانەسەر و گەمارۆدان و ئازادکردنی بارمتە) بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەشێکی گرنگی ئەرکی کارمەندانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیریی و نەهێشتنی تاوان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە چۆن بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هاووڵاتییان بە گشتی دەکەن و چۆن سەرپێچیکاران و تاوانبارانيش ملکەچی بەردەم دادگا دەکەن
ئەمەش دەقی گوتارەکەیە :
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا:
ئەم کاتەتان باش
پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گشت دەرچووانی ئەم خولە دەکەم. هیوادارم ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردن و پێشخستنی تواناکانی کارمەندانی پۆلیس.
ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەیە و دەستخۆشيیان لێ دەکەم بۆ ماندووبوون و شەونخوونی و دڵسۆزیی و کارامەییان لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. من خۆم لە نزیکەوە شاهید و ئاگاداری هەوڵ و خزمەتی بەرچاوی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆم کە زۆر خۆنەویستانە و لە بارودۆخی سەخت و دژواردا، ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن.
بەشێکی گرنگی ئەرکی کارمەندانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیریی و نەهێشتنی تاوان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە چۆن بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هاووڵاتییان بە گشتی دەکەن و چۆن سەرپێچیکاران و تاوانبارانيش ملکەچی بەردەم دادگا دەکەن .
هەروەها کارمەندانی پۆلیس، کە نوێنەرایەتی دەسەڵات و باڵادەستبوون و سەروەری یاسا دەکەن، دەبێ نموونەیەکی جوان و گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتییان، بەتایبەتی کە ئێوە ڕۆژانە لە نزیکەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆتان لەگەڵ خەڵکدا هەیە، پێویستە لە ڕەفتارکردن لەگەڵ خەڵک، خۆتان لە توندوتیژی و ئەزیەتدان و زوڵم و ستەم کردن و هەموو کارێکی نایاسایی بەدوور بگرن، هاونیشتمانیيان دەبێ ئێوە بە بەشێک لە خۆیان بزانن و هەردوولا تەواوکەری یەکتر بن لەپێناو ئامانجێکی هاوبەش، کە ئەویش پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمان و سەروماڵی هاووڵاتییانە.
خۆشبەختانە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە کوردستان هەیە کە بووەتە دەستکەوت و سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو هەماهەنگیی و هاوکاریی و پەیوەندییە بەهێز و توندوتۆڵەی نێوان خەڵکی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە.
پۆلیس و هێزەکانی تری ئاسایشی ناوخۆ، نابێ بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک و نەرمییەک بنوێنن لە بەرانبەر تاوانباران و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان تێک بدەن و ژیانی هاووڵاتیيان بخەنە مەترسییەوە .
ئەمڕۆ جیهان لە پێشکەوتنێکی خێرای تەکنەلۆجیادایە، پێویستە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانمان، خۆیان لەگەڵ پێشکەوتنەکان ڕابهێنن و لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا سوودی باش لە تەکنەلۆجیا وەربگرن کە بە دڵنیاییەوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ دەکات و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی ئامانجەکانیان لە بەدواداچوونی تاوانباران و سەپاندنی یاسا و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەدەست بهێنن.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجامدانی خولەکانی مەشقکردن و ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاریی و پیشەیی پۆلیس و سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ، کارێکی پێویست و گرنگە و هيوادارم لەسەری بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین و شایستەترین شێوە، ئەرکەکانتان بە جێ بگەیەنن و ئارامی و سەقامگیری بپارێزن.
جارێکی دیکەش پیرۆزبایی دەرچوونتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم و دڵنیام بە پشتیوانی خوای گەورە و هیممەت و دڵسۆزی و کارامەیی ئێوە، کوردستانمان هەمیشە پارێزراو دەبێت.