ئەمڕۆ سێشەممە 2023.10.17، ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا، جووت سایدى ڕەشکینى نێوان هەردوو شەقامى سەرەکى 100 مەتری خێرا و 120 مەترى خێرایان کردەوە.
جووت سایدى ڕەشکین، دواى قەرەبووکردنەوەى دانیشتوانى گوندى ڕەشکین لە لایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە، بە گوژمەى نزیکەى (4 ملیون دۆلار) لە سەر بودجەى حکومەتى هەرێم بەشێوەى بەڵێندەرایەتى لەلایەن هێمن گروپ دەست بە جێبەجێکردنى کرا و پێکهاتووە لە شەقامێکی دووساید بە درێژاییی 2 كیلۆمەتر و پانیی 36 مەتر، لەگەڵ دروستكردنی نزیكەی 3 كیلۆمەتر ئاوەڕۆ، لەم پڕۆژەیەدا زیاتر لە 2 هەزار مەتر قیڕ بەکارهێنراوە و هێڵكاری بۆ شەقامەکە كراوە، ئەو شەقامە کە شەقامێکى سەرەکى و گرنگ و ستراتیژى شارى هەولێر و هەردوو شەقامی سەرەکى 100مەتری خێرا و 120مەتری خێرا و سەنتەری شار بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەبێتە هاوکار و یارمەتیدەرێکى باشى شەقامى سەرەکى هەولێر – خەبات و ئاسانکارییەکى زۆریش پێشکەش بە شوفێران و هاوڵاتییان دەکات.
لەڕێورەسمى کردنەوەى شەقامەکە کە هەریەک لە سەرۆکی کۆمپانیای جێبەجێکار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى هاتووچۆى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسان و ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە ئامادەى بوون، لە گۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا هەریەک لە وەزیرى شارەوانى و پارێزگارى هەولێر باسیان لە گرنگى شەقامەکە کرد و لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “ئەو شەقامە بۆ شاری هەولێر گرنگییەكی زۆری هەیە و جوانییەکی گەورەشى بەشاری هەولێر بەخشیووە، هەموو خزمەتگوزارییەكانی شەقام و هاتوچۆی تێدایە و لەمڕۆوە دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان و میوانانی شاری هەولێر و دەبێتە هۆی ئاسانكارییەکى زۆر بۆ هاتوچۆى شۆفێران و هاوڵاتییان لە نێوان هەردوو شەقامی سەرەکى 100مەتری و 120مەتری بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ناو سەنتەری شاری هەولێر”.
گوتیشی: “ئومێدمان وایە ئەو پڕۆژانەی کە لە ساڵی 2023 بەهۆی هەندێک لەمپەر کە رووبەرووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەوە جێ بەجێنەکراون، بتوانین لە ساڵی 2024 ئەو پڕۆژانە جێ بەجێ بکەین”.