ڕائیب جادر – هەولێر
تا دێت لە وادەی ھەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، ھەموو لایەک بە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنیشەوە ڕەتی دەکەنەوە ھەڵبژاردن دوابخرێت، سەرەتای مانگی داھاتوو کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی کاندید و پارت و قەوارە سیاسییەکان بۆ ھەڵبژاردن تۆمار دەکات. ھاوار محەممەد، گوتەبێژی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: بۆ ئەو مەبەستە پارتی ئامادەکاریی کردووە.
بڕیار بوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ١-١٠-٢٠٢٢ بکرێت، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی شێوازی ھەڵبژاردن و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن نەتواندرا لەو ڕۆژەدا ھەڵبژاردن بکرێت، بۆیە ٩-١٠-٢٠٢٢ لە دانیشتنی پەرلەماندا بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار، تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کۆتایی ٢٠٢٣ درێژکرایەوە بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە.
ڕۆژی ٣٠-٥-٢٠٢٣ دادگەی فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی ڕەت کردەوە، بەوەش نەتوانرا یاساکە ھەموار بکرێتەوە و دامەزراوەکان پەک خران، بڕیاردرا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت.
یەکێک لە ھۆ سەرەکییەکانی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بوو سەرجەم لایەنەکانی نێو پەرلەمان، جگە لە پارتی و پێکھاتەکان، داوایان دەکرد ھەڵبژاردن بەشێوەی چوار بازنە بێت، بەڵام ئێستە کۆمیسیۆنی عێراق بڕیاری داوە ھەڵبژاردن بە یەک بازنە بێت.
دوای دەستنیشانکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پێشوازیی نێودەوڵەتی لە بڕیارەکە، لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە پرۆسەکە نیشان داوە، وڵاتانی جیھانیش بەگەرمی پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان کرد و داوا لە لایەنەکان دەکەن بەیەکەوە ھەڵبژاردن سەربخەن.
ھەموو ھەوڵەکانی ڕابردوو و ئێستەی پارتی، بەتایبەت لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ حزب و لایەنەکان بۆ ئەوە بووە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەتایبەت لە وادەی خۆیدا بۆ ئەوەی ڕێڕەوی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ئاسایی و یاسایی بەردەوام بێت. پارتی لە ھەموو کۆبوونەوەکانیدا جەختیکردووەتەوە، ھەڵبژاردن مافی ھاووڵاتییانە و نە پارتی و نە ھیچ لایەنێکی دیکە بۆی نییە ئەو مافە لە ھاووڵاتییان زەوت بکات. ھاوار محەممەد، گوتەبێژی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: وەکو پارتی ھەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە، کە ناکرێت ھیچ کێشە و گرفتێکی دیکە تێکەڵ بە بابەتی ھەڵبژاردن بکرێت، لەبەرئەوەی مافی خەڵکە.
گوتەبێژی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، دەشڵێ: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ٢٥-٢-٢٠٢٤ دەکرێت و، مانگی ١١ ناوی کاندیدەکان پێشکەش بە کۆمیسیۆن دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە پارتی دەستی کردووە بە ئامادەکارییەکان.