ڕائیب جادر – هەولێر
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بەردەوام کارمان کردووە بۆ ئەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بابەتێکی دیکەی سیاسی جیابکرێتەوە، ئەو ئیمزایانەی کە چەند پەرلەمانتارێکی کورد بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ، سەر ناگرێت، چونکە تەواو پێچەوانەی دەستوور و یاسای بوودجەیە و بەربەست بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەخۆران دروست دەکەن. دەشڵێ: لە عێراق سیستەمی فیدراڵی جێبەجێ ناکرێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە ئەوپەڕی شەفافیەتی بەرامبەر بە حکوومەتی فیدراڵی نیشان داوە، بەشێوەیەک کۆبوونەوە و وردبینییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری ھەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بابەتە، بەڵگەیە لەسەر ئاستی شەفافیەتی ھەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکان. بڕیارە ١٨ـی ئەم مانگە وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، ئەم سەردانە بۆ بڕینی بیانووەکانە کە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان نیشان دەدرێت، کە حکوومەتی ھەرێم پێداگرە لە بڕینی بیانووەکانیان.
سیپان عەزیز، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بەردەوام کارمان کردووە بۆ ئەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بابەتێکی دیکەی سیاسی جیابکرێتەوە، لە ١٣ی مانگی ٩ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەستیان بە کۆکردنەوەی ئیمزا. کرد بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان لە ھەموو شتێک جیا بکرێتەوە و لە کاتی خۆیدا بدرێت، کە ئەو کات زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار ئیمزایان کرد، خەریک بوو ئەو بابەتە قالبێکی دەستووری وەربگرێت و بە گوێرەی دەستوور چارە بکرێت، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد سەرۆکی فراکسیۆنەکانیان لە ڕێگەی ئیمزاکۆکردنەوەیەکی نێوان خۆیاندا، پەنایان بردە بەر داگەی فیدراڵی بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەغداوە بدرێت، ئەو کارەی ئەو پەرلەمانتارانە تەنیا بۆ دروستکردنی کێشە و بەربەستە لەبەردەم چارەکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: وەزارەتی دارایی ھەرێم و بانکەکان ھیچ کات کێشەیان نەبووە لە ئالیەت و میکانیزمی دابەشکردنی مووچە، کێشەی ھەرێم کێشەی دابین نەکردنی مووچەیە لە بەغدا، ئەگەر ئەو مووچەیە بگوازرێتەوە سەر عێراق دەبێت ئەو پارەیە تەموویل بکرێت، کێ تەموویلی دەکات؟ گریمان گوازرایەوە سەر بەغدا زۆرینەی مووچەخۆرانی کوردستان عێراق مووچەیان بۆ دابین ناکات. ھەرێمی کوردستان بۆ مووچە مانگانە نۆ سەد و شازدە ملیار دیناری پێویستە کەچی عێراق لە یاسای بودجە، حەوت سەد و حەوتا و پێنج ملیار دیناری نووسیوە، کێ مووچەی ئەوانی دیکە دابین دەکات؟ ئەو کات زۆربەی ئەو فەرمانبەرانەی لە دە ساڵی ڕابردوو دامەزراون مووچە وەرناگرن، ئەوەش ناکرێت و تەنیا سەر گرێدانی خەڵکە.
سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد کە نوێنەری بەشێک لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەن لە بەغدا بەدوای ھەندێک کەسی شۆڤێنی کەوتوون، کە بەردەوام دژی ھەرێمی کوردستان بوونە و کێشە بۆ مووچەخۆرانی کوردستان دروست دەکەن، بەدوای یوسف کیلابی کەوتوون، لە کاتێکدا یوسف کیلابی بە سەفقەیەکی گوماناوی و بە پلانێک لە ئاداری ئەمساڵدا خرایە ناو پەرلەمان ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پێشتر لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢٢ شکستی ھێنابوو و دەرنەچوو بوو، ھاتنی بۆ پەرلەمان بۆ لێدانە لە بەشە بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: ئەوانەی دوێنێ دەیانگوت نەوت ڕادەستی بەغدا بکەن، ٢٥ی ھەموو مانگێک مووچە دێت، ئەوە نەوتیش ڕادەستکرا چەند مانگێکیش تێپەڕی مووچە ھەر نەھات! ئێستەش کە دەڵێن، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بگوازرێتەوە سەر بەغدا ھەموو مانگێک لە کاتی خۆی دەدرێت، لە ڕادەستکردنی نەوت چەند بودجە و مووچە ھات. لەو سیاسەتەی ئەوان دەیکەن ھەر ئەوەندە دێت، ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەریەتی بە زیادەوە جێبەجێی کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پێداگر نەبووە بە یاسای بودجە و ڕێککەوتنەکان. دەبوایە پەرلەمانتارانی کوردستان داوایان کردبایە عێراق پێگیر بێت بە یاسا و ڕێککەوتنەکان نەک دژی ھەرێم بوەستنەوە و داوایەکی نایاسایی بکەن، کە ئەوانیش دەزانن ئەو داوایەیان سەرناگرێت.
سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ: ئەوەی ئێستە لە عێراق دەگوزەرێت لە دواکەوتووترین وڵات نییە، دەستوور ھەیە ھیچ کەس و لایەنێک پێوەی پابەند نییە، ئەو دەستوورەی لە عێراق ھەیە ئەگەر ھەموو لایەنەکان پێوە پابەند بانە زۆربەی کێشەکان چارە دەبوون، بەھۆی جێبەجێ نەکردنی فیدراڵیەت عێراق ڕۆژبەڕۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، ھەر ماددەیەک پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە بێت تەفسیری جیاوازی بۆ کراوە، ئەوەش وای کردووە ئەو وڵاتە بۆ دواوە بگەڕێتەوە.