نرخی نەوت رۆژی هەینی 13-10-2023 بە رێژەی 6% بەرزبووەوە، نرخی نەوتی برێنت زۆرترین بەرزبوونەوەی هەفتانەی خۆی لە مانگی 2ی ئەم ساڵەوە تۆمار کرد. هاوکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بە رێژەی 3% بەرزبووەوە.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، نرخی نەوتی برێنت 4 دۆلار و 89 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 90 دۆلار و 89 سەنت. نرخی نەوتی برینت لە ماوەی یەک هەفتەدا بە رێژەی 7.5% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 4 دۆلار و 78 سەنتە، بەوەش نزیکەی 5.7% بەرزبووەوە و گەیشتە 87 دۆلار و 69 سەنت.
هەرچەندە ئیسرائیل بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت نییە و شەڕی نێوان حەماس و ئەو وڵاتە کاریگەریی لەسەر قەبارەی خستنەڕووی نەوت دانەناوە، بەڵام بازرگانانی نەوت نیگەرانن لە پەرەسەندنی شەڕەکە و پێیانوایە ئەگەر هێرشی ئیسرائیل بۆ نێو خاکی غەززە دەستپیبکات، ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕ بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، ئەوەش مەترسی بۆ خستنەڕووی نەوت دروستدەکات.
بەپێی ئاژانسی ‘شانا’ـی وەزارەتی نەوتی ئێران، جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئیران رایگەیاندووە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار لە ئارادایە، ئەگەر شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاتر پەرەبستێنێت.
ئەندرو لیپۆ، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری ریپۆ ئۆیل لەو بارەیەوە رایگەیاند، بازاڕی نەوت چاوەڕوانی تووندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و رووسیایە، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەکاندا.