سەرما سەعاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ ١٠ سەعات کەم کردۆتەوە

داخوازی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی بۆ دوو هێندەی بەرهەمهێنانی بەرز بووەتەوە و ئەمەش وایکردووە سەعاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ ١٠ تا ١٢ سەعات دابەزن. وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەمایە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بە بەگەڕخستنی دوو یەکەی دیکە ٣٠٠ مێگاوات کارەبای تر بخاتە سەر تۆڕی نیشتمانی.

پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان رووی لە دابەزین کردووە و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپی زۆربەی هاووڵاتیان هانایان بۆ پێکردنی هیتەر و سپلیت و ئامێرە کارەباییەکان بردووە تا ماڵەکانی خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە. ئەو دۆخە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر کارەبای نیشتمانی و قەبارەی پێداویستیی کارەبای بۆ سەرووی دوو هێندەی قەبارەی بەرهەمهێنان بەرز کردۆتەوە.
ئەو کارەبایەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت لە وەرزێکی ئاسایی کە پلەکانی گەرما نە بەرز و نە نزمن ئەوا هەندێک جار سەرووی ٢٢ سەعات کارەبا دابین دەکات، بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێت، لە وەرزی سەرما هەر لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگی ١١ و لە وەرزی گەرماش هەر لەگەڵکۆتاییهاتنی مانگی حوزەیران دڵخوازی لەسەر کارەبا بەرز دەبێتەوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک درێژەی دەبێت.
رۆژییەکشەم پێنجی کانوونییەکەم، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتیانی کوردستان ئاگادار کردەوە کە بە هۆی هەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا بۆ شەش هەزار مێگاوات و هاتنی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە، ماوەکانی پێدانی کارەبا بۆ ١٠ تا ١٢ سەعات کەمی کردووە.
ئەمە بەرزترین داخوازییە کە لە چەند مانگی رابردوودا تۆمار کرابێت و پێشبینی دەکرێت ئاستی ئەم داخوازییە بەرزتر ببێتەوە و سەعاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانییش زیاتر دابەزن ئەگەر جێگرەوەیەک بۆ سووتەمەنی گەرمکردنەوەی ماڵەکان نەدۆزرێتەوەیان بە خێراتر نەوتی سپی دابەش نەکرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کردووە بەڵام بڕی ئەو نەوتەی لە دابەشکردندایە سنووردارە و رەنگە بەمزووانە نەگاتە ناو شارەکان.
وەزارەتی کارەبا خۆی باسی لەوەش کردووە، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا دوو هەزار و ٨٠٠ مێگاواتە و ئەمەش دەری دەخات سێ هەزار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبای تر دەبێ بەرهەم بهێنرێت تا پێداویستی ئێستای هەرێمی کوردستان بە کارەبا پڕ بکرێتەوە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە بۆ بەرزکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا کار بۆ گەڕاندنەوەی دوو یەکەی وێستگەی هەڵمیی خەبات دەکات و، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانیی کارەبا دەگەڕێتەوە و تا کەمێک دۆخی کارەبا باشتر دەبێت.
بە بەرزبوونەوەی ئەم بڕەی بەرهەمهێنانی کارەبا قەبارەی بەرهەمهێنان شتێک لە قەبارەی خواست زیاتر دەبێت، ئەوەش بەو واتایەیە حکوومەت لە وەرزی سەرمادا دەتوانێت ١٢ سەعاتیان لەمە سەعاتێک زیاتریان کەمتر دابین بکات و بۆ پڕکردنەوەی سەعاتەکانی تر دەبێت پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان ببەسترێت.
ئەوەی هۆکاری سەرەکییە لە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا نەبوونی جێگرەوەیەکی هەرزانترە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکان. بەرمیلی نەوتی سپی بە زیاتر لە ١٧٠ هەزار دینار دەفرۆشرێت و ماوەیەک لەمەوبەر بۆ نزیکەی ٢٠٠ هەزاریش هەڵکشابوو، ئەمەش لە توانای هەموو کەسێک نییە ئەو پارەیە دابین بکات. کەسێک کە مووچەی مانگانەی ٦٠٠ هەزار دینار بێت ئەوا دەبێتیەک لەسەر سێی مووچەی مانگانەی خەرج بکات.
هەر ماڵێک لانی کەم پێویستی بە دوو بەرمیل نەوت هەیە تا زستانەکەی پێ بەڕێ بکات و بۆیەش زۆربەی هاووڵاتیان دەست بە نەوتەوە دەگرن و لە کاتی پێکردنی کارەبای نیشتمانیی خێرا هانا بۆ پێکردنی ئامێرە کارەباییەکان دەبەن و قەبارەی داخوازی لەسەر کارەبا بەرز دەکەنەوە.
لە لایەکی ترەوە نرخی کارەبای ماڵان هەرزانە و حکوومەت بە نرخی پاڵپشتی دابەشی دەکات و سەرەڕای ئەمەش پارەی کارەبا نادرێت و بەقەرز لەسەر خەڵک کەڵەکە بووە هەرچەندە حکوومەت بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان بە رێژەی ١٥٪ لێخۆشبوونی راگەیاندووە.
هانابردن بۆ وزەی کارەبا بەمەبەستی گەرمکردنەوە بە هیچ شێوەیەک رێگایەکی ئابووری نییە و زیانی زۆر بە داهاتی نیشتمانی دەگەیەنێت و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت لە داهاتوودا پەرە بە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ببرێت و ببێتە جێگرەوەیەکی هەرزانتر بۆ گەرمکردنەوەی ماڵان هاوشێوەی وڵاتانی تر.

ھەواڵی زیاتر