بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: دەستمان بە گرتنەبەری رێوشوێنەکان کردووە

دوی ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری ڕاگەیاند، ئەوەی دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کەمکردنەوەی ٢ کورسی پارتی بوو لە بەرژەوەندی لایەنێکی دیکە لە هەر یەک لە پارێزگاکانی نەینەوا و هەولێر.

لەو بارەیەوە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە “پرۆسەی هەڵبژاردن بە پاکی بەڕێوەچوو تا ئەو کاتەی بە بڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدان بە نایاسایی درێژ کرایەوە، ئەو دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێڵکارییانە ڕەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی کاندید و دەنگدەرانی خۆمان دەکەین”.
مەکتەبی سیاسی پارتی ئەوەشی ڕاگەیاندبوو، دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پارتی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری کۆبوونەوە، دەرکەوت تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی کاندید و دەنگدەران دەکەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتکراویان بۆ بگەڕێتەوە.
لە دەرەوەی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیشدا، دادوەر دەهام ئەکرەم، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە ماوەی نزیکەی 20 ساڵە دادوەرە و لە پۆلێنی یەکەمی دادوەرانی کۆمسیۆنە رایگەیاند، لە ژێر فشار و هەڕەشەدا ماوەی تانە لێدان درێژکراوەتەوە و کەمکردنەوەی کورسیی پارتی زوڵم بوو.
مەسعوود حەیدەر، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی، لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە:” پارتی بەو 33 کورسییەی هەیبوو، 52% دەنگی کورد بووە لە چوارچێوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەم گۆرانکارییەی کە کراوە پارتی بوو بە 49% دەنگی کورد لەناو فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئەم ئامانجە بۆ ئێستا نییە، بۆ ئەم چوار ساڵەیە بۆ ئەوەی لەهەر مەوقعێکی سیاسی ئەگەر کورد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نەبوو بڵێن، تەوجیهاتی پارتی لەسەر بابەتە نیشتمانییەکان مافی کورد و هەرێمی کوردستان دیارە بەهیچ شێوەیەک مساومەی لەسەر نەکردووە و زۆر پێداگری لەسەر کردووە، بۆ ئەوەی لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر شتێکی وای روویدا پارتی نەتوانێت وەکو دەنگی زۆرینەی گەلی کوردستان بەرگری لە خەڵکی کوردستان بکات، ئەمە ئەجندایەکی ئەقلیمییە بە ئەدەواتی ناوخۆی کاری لەسەر کراوە و هەدەفەکە سیاسییە، بەڵام یاسا بەکارهاتووە بۆ ئەمە تەجاوزێکی زۆر گەورە و ناحەقێکی زۆر گەورەیە.
بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش بۆ هەولێر لەو بارەیەوە قسەی کردووە و دەڵێت؛”درێژکردنەوەی پێشکێشکردنی ماوەی تانەلێدان کە بە داواکردنی پاشکۆی تانەکان ناسراوە، بە هیچ شێوەیەک لە یاسای کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و لە دەستووری عێراقدا نەهاتووە و داهێنانێکە لەسەر داوای سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی دەستەی دادوەری لە کۆمسیۆن دروستکراوە و ئامانجەکەش ئەوە بوو کە کورسییەکانی هەندێک لایەن کەمبکەنەوە و بدرێنە لایەنی دیکە، لەوانەش کورسییەکانی پارتی.
بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، جەختی لەوەشکردەوە:” ئێمە لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەستمان بە گرتنەبەری رێوشوێنەکان کردووە، بۆ ئەوەی سکاڵا تۆماربکەین بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو دوو کورسییەی لە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لەدەستمانداون، چونکە غەدر لەو کاندیدانەی ئێمە کراوە و دەمانەوێت ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنینەوە، چونکە کاندیدەکانی ئێمە دەرچوو بوون و دوو کەسی دیکە بە ناحەق لە شوێنی ئەوان دانراون”.

ھەواڵی زیاتر