پەروەردەی دایکانی کورد، فاکتەری مانەوە و بەردەوامی

د.ڤیان سلێمان

بەدرێژایی مێژوو؛ گەلی کوردستان ڕووبەڕووی ستەم و دوژمنکاری داگیرکەران بووەتەوە، تەنانەت ھەرچی توندوتیژی و ھەوڵی لەناوبردن و قڕکردن و ژەھرڕشتن بە سامناکترین چەکەکانی وێرانکاری و لەناوبردن ھەیە لەسەر ئەم گەلەدا تاقی کراوەتەوە و لە دونیادا نەتەوەیەک نییە زیاتر لە کورد قوربانی بۆ ئازادی دابێت، لەھەمانکاتیش ڕەنگە نەتەوەیەکی دیکە نەبێت ھاوشێوە و لە ئاستی کورد دوژمنکاری بەرامبەری کرابێت، بەڵام خۆڕاگر بێت و پارێزگاری لە جوگرافیا و کولتور و شوناسی خۆی کردبێت. یەکێک یا خود ئامرازێکی دیکەی داگیرکاری وێڕای لەشکرکێشی و کوشتن و بڕین،کە دوژمنانی کورد ویستوویانە لە ڕێگەیەوە داگیرکارییەکەیان تەواو بکەن و ئەم نەتەوەیە بە تەواوی بسڕنەوە، ھەوڵدان بووە بۆ لاوازکردنی ئینتیمای نەتەوەیی وچەواشەکردنی مێژوو و سەروەری و پیرۆزییەکانی ئەم گەلە تێکۆشەرە لە ھزری ڕۆڵەکانیدا، بەڵام وەک دەبینین سەرەڕای ھەوڵی زۆر و زەوەندی دوژمن و سەرەڕای بەکارھێنانی چەندین ڕێگە و میکانیزم، داگیرکەر و نەیارانی پرسی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان، نەیانتوانیوە ئەو ھەستە لە ھزر و دەروونی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی ئەم گەلەدا بسڕنەوە، بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم یەکێک لە فاکتەرە ھەرە سەرەکییەکانی مانەوە و گەشەسەندنی ئەم ھەست و ھۆشیارییە نەتەوەییە، ڕۆڵی ئافرەتی کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی پەروەردەی دایکانی کوردستانە
ئافرەتی کورد بە درێژایی مێژوو، پێچەوانەی ئافرەتانی ھەموو نەتەوەکانی دەوروپشتی؛ ھاوشانی پیاو پارێزەری خاک بووە نەک وەک خاک، پارێزراو، ئەم تایبەتمەندییە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە شوناس و پێناسەی ئافرەتی کورد لە ناو کەلتوری ڕەسەنی کورد، لەدەرەوەی ڕەگەز وجەستەیەتی.
ھەر ئەمەش ئەو پێگە و بەھا باڵایەی پێ بەخشی بووە تا پێش سەردەمانی داگیرکاری فارس و عەرەب.
سەرەڕای کاریگەری کەلتوری بە زۆر چەسپێنراوی نەتەوە داگیرکەران لە زۆر بواری ژیانی تاکی کورد و بەتایبەتی گۆڕینی شوناسی ئافرەت و بەرتەسکردنی ئازادییەکانی و لە چوارچێوەدانی ڕۆلی وەک مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن بڕیار؛ بەڵام نەیتوانی ڕوحی بەرگیری و ڕۆلی پارێزەری لە ئافرەتی کورد بستێنێت.
بۆیە ئافرەت بەشێکی سەرەکی پێکهاتەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلی کورد بووە، ئەی ئەوە نییە کە یەکەم ئافرەت لە مێژووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەسەر پرسی نەتەوەیی و چالاکی سیاسی، دوژمن لە سێدارەی دابێت، لەیلا قاسمی کورد بووە!. ھەروەھا چەندین نموونەی دیکەش ھەن کە دەیسەلمێنن ئافرەتی کورد چ ڕۆڵێکی مەزنی لە شۆڕش و بەرخودان و خەباتی نهێنی سیاسی ھەبووە.
لێرەدا ئەگەر باس لە ڕۆڵی دایکانی بارزانی لە دوای پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکان بکەین، کە وێڕای ئەوەی بەوپەڕی ڕەنج و تێکۆشان توانییان خێزانەکانیان بەڕێوەببەن، لە ھەمانکات بوون بە مامۆستا و پەروەردەکاری مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەر و سەرکەوتوو بۆ ڕۆڵەکانیان، دەتوانین ڕۆڵی بەرجەستەی ئافرەتی کورد نیشان بدەین و وەک سیمبولی وەرچەرخانی ڕۆڵی ئافرەت نەک ھەر بۆ کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستێکی فراوانتر وێنایان بکەین.
ھەر لە وەسفی ئەم ڕۆڵەی ئافرەتانی کوردستاندا،
پێشڕەو و ڕابەری نەتەوەییمان(سەرۆک بارزانی) لە دیدار و وتارەکانیدا دایکێکی کوردی بە مەسەلی ئەعلای خۆی زانیوە. دایکێک کە سێ ڕۆڵەی شەھید بوون، ھێشتاش ئامادەبووە ڕۆڵەکانی دیکەی قوربانی کوردستان بکات.
نموونەی ئەو دایکە و دواتریش دایکە عایشە و لەم ڕۆژانە و لە کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەرگەڕان و قەرەچوغ و شەھیدبوونی سێ ڕۆڵەی یەک خێزان، دایکێکی میھرەبان بەوپەڕی ورە و خۆڕاگری و لە گەرمەی جەرگ سووتان و کۆستی ڕوٴڵەکانیدا دەیگوت؛ سێ کوڕی دیکەم ھەیە ئەوانیش و خۆشم قوربانی کوردستان و (بارزانی سەرۆک) بین.
نموونەی ئەم دایکە ھێژایە و دایکانی کورد بە شێوەیەکی گشتی کە سەرەڕای ڕەنجکێشی و سەختییەکانی ژیان، ڕۆڵەکانیان بە پاکترین ھەستی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و بە بەرزترین ئاستی ھۆشیاری لە سۆنگەی پیرۆزی خاک و گرنگی ئازادی پەروەردە دەکەن و باردەھێنن، ھۆکاری سەرەکی مانەوە و بەپێوەوەستانی نەتەوەی کورد و نیشتمانی کوردستانە، سەرەڕای ناھەمواری و دڕندەیی دوژمن و زۆری پیلانگێڕی و مەترسییەکان.
ئەوە مەزنی و بەھێزی و توانست و ھۆشیاری دایکە کە دەگوازرێتەوە
بۆ ڕۆڵەکانی و لەواندا خۆی بەرجەستە دەکات.
سەری ڕێز دادەنوێنم لە ئاست ئەو دایکە میهرەبانەی ناو چەی سەرگەڕان و قەرەچوغ کە سەرەڕای ئەوەی سەختییەکانی ژیان ماندووی کردووە و مەرگی پڕ لە ناسۆری ڕۆڵەکانی ھەناوی سوتاندووە لەم کاتەدا کە تەواوی جیهان دروشمی دژە توندوتیژی بەرزکردوە بەڵام ئەو لە ناو ماڵ وخاکی خۆی دا بەرەوڕووی گەورەترین توندوتیژی دەبێت و لەبەرچاوی سێ لە جەگەرگۆشەکانی غەڵتانی خوێن دەبن؛ بەڵام ھێشتا بەوپەڕی ھێز و شکۆوە خۆی و ڕۆڵەکانی دیکەشی قوربانی کوردستان دەکات و شانازی بە شەھادەتی ڕۆڵەکانی و بەرگرییان لە کوردستان دەکات. ئەمەیە وێنە و کەسایەتییە ڕاست و لێوەشاوەکەی ئافرەتی کورد و نیشتیمانی یەکەمی مناڵانی کوردستان.
درود بۆ ھەموو دایکانی شەھیدانی کوردستان و ڕۆحی شەھیدەکان شاد.

ھەواڵی زیاتر