خۆکوشتنی ئافرەت وەك دیاردەیەکی ترسناك

بێریڤان حمید قادر

لەماوەی یەك ھەفتەدا لە سلێمانی دوو کچ خۆیان کوشتووە و لە ھەولێریش ژنێك لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە کوژراوە!
ئەمانە سەرتۆپی ئەو ھەواڵانەن کە لەبارەی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتانەوە بڵاودەکرێنەوە و پێمان دەگەن، لەکاتێکدا ئێستا جیهان و ھەرێمی کوردستان لە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدان کە ماوەکەی ١٦ ڕۆژە و تیایدا چەندین چالاکی ئەنجام دەدرێت. بێگومان ئامار و ڕوخسارەکانی توندوتیژی تەنها ئەوانە
نین کە بڵاودەکرێنەوە، بەڵکو ئەوە لایەنی ھەرەکەمی ڕوداوەکانە و زۆرێکی تر ھەن ناگەنە ڕاگەیاندن و دەزگا بەرپرسەکان!
لێرەدا پێویستە ھەڵوێستەی جدی لە بارەی ئەو شەپۆلە ترناکەی توندوتیژی بکرێت کە وەك پەتا لە کوردستان ڕوو لەھەڵکشانە و ناوەناوە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە توشی شۆكمان دەکات. خۆکوشتنەکانی کچان و ژنانیش ڕویەکی ترسناکتری توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتانە، ترسناکی ئەم شێوازە لەوەدا دەردەکەوێت کە ھۆکارە ڕاستەقینە وسەرەکیەکەی پشت خۆکوشتنە ئهمە دیارنیە و ناتوانرێت بەڕوونی
بزانرێت!
بەشێکی زۆری ئەو کەیسانەی خۆکوشتن و ھەوڵدان بۆ خۆکوشتن لەلایەن ئافرەتانەوە ھۆکارەکەی پێشێلکاریەکی بەردەوام و چەند بارەبووەوەی مافەکانیانە بەبێ ئەوەی دەرچەیەك بدۆزنەوە بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخەیان، دڵڕەقی کۆمەڵگه و چەقبەستوویی کلتورەکەی ئەوەندە توندە بەرانبەر ئافرەتی توندوتیژی بەرانبەرکراو ئامادەنیە گوێ لە گرفت وناسۆریەکانی بگرێت و ناچاری دەکات بەمردن کۆتایی بەدۆخی نالەباری خۆی بهێنێت.
ھەندێ جاریش ئەو ئافرەتانەی دەکەونە دۆخی ناھەمواری توندوتیژییەوە و دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت بگەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەدەمەوەچوونەکان وەك پێویست نابن بۆیان و دووچاری جۆرێك لە فەرامۆشی دەبنەوە، کە بەداخەوە ئەمە وادەکات متمانەی ئافرەت بەدەزگا و ڕێکخراوەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی زۆر کەم ببێتەوە، بەشێوەیەکی وەھا کە مانەوە لەسایەی توندوتیژییان لاباشترە لەوەی بچنە ئەوێ. خۆکوژییەکانی ئافرەتان ڕوویەکی زەقی پەراوێزی ئافرەتانە لەو خێزانانەدا، بەجۆرێك ئافرەت ڕووبەڕووی فشار دەکرێتەوە و تەنگوچەڵەمەی بۆ دەخولقێنرێت کە ژیانی لا بێ بەھایە و دەیەوێ زووتر لێی ڕزگار ببێت، بەپێی ھەندێك ئامار ژارەی ڕەو ئافرەتانەی پەنا دەبەنە بەر دەزگاکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و شێڵتەرەکان و دواتر کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکرێت و دەگەڕێنرێنەوە ناو خێزانەکانیان، ژیان بەکوشتن یان خۆکوشتن کۆتایی دێت! لەوەیش کارەساتبارتر ئەوەیە کە تاوانبارە سەرەکییەکانی پشت خۆکوشتنی ئافرەت بەنادیاری دەمێننەوە لە زۆرێك لەو حاڵەتانەیشی کە تا وانباران دەدۆزرێنەوە و ئاشکرا دەبن یان لە سزا قوتاردەبن یان بەسزایەکی سوك دەردەچن، تەنانەت حاڵەتی وەھا ھەیە تاوانبار دوای دەرچوونی لە زیندان وتەواوکردنی سزاکەی جارێکی تر تاوانی بەرانبەر ئافرەتێکی تر ئەنجامداوەتەوە!
لێرەوە پێویستە بەشێوەیەکی ھەماھەنگ کار و ھەوڵێکی ھاوبەش بێتە کایە لەنێوان گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری توندوتیژی خێزانی (حکومەت، ڕێکخراوەکان، ڕاگەیاندن، زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکان) لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو گرفتە گەورەیەی کۆمەڵگە کە کوشتن و خۆکوشتنی ئافرەتان
و ڕەھەندەکانی تری توندوتیژییە، بەو ئامانجەی ھۆکار و پاڵنەرەکان بەڕوونی و ڕاشکاوی دەستیشان بکرێن و ھەنگاوی کردەیی بۆ بنێرت، لەپێش ھەموویانەوە چارەسەرکردنی دیاردەی چەکی بێ مۆڵەت و ئەوچەکانەی لەماڵەکاندا ھەیە، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی چەک بەشێوەیەکی گشتی، ھەروەھا بەدواچونێکی ھەمیشەیی و ورد ھەبێت لەپێناو زانینی ڕادەی گونجاوی وباشی دەرەنجامەكان

ھەواڵی زیاتر