کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی بڵاوکردووەتەوە، دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەرپرسانی ئەمەریکا رەخنەیان لە هەواڵگری ئیسرائیل گرتووە بەهۆی ئەوەی، بێ ئاگابوون لە هێرشەکانی حەماس. کۆمارییەکانیش بە بایدن دەڵێن، “بە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، خیانەتێکی گەورەت لە ئیسرائیل کردووە”.
هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نیگەرانی لێدەکەوێتەوە و کابینەکەی ناتانیاهۆ و ئیدارەی بایدنیشی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی لە راپۆرتێکیدا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، ئەمەریکا سەبارەت بە هەواڵگری ئیسرائیل نیگەرانە و پێیوایە هەواڵگری ئەو وڵاتە لەبەرامبەر ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشەکانی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل “چاوکراوە نەبوون و هیچ زانیارییەکی هەواڵگرییان سەبارەت بە هێرشەکە نەداوەتە ئەمەریکا”.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، بزوتنەوەی حەماس لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل تاکتیکێکی بەکارهێناوە، پێشتر هاوشێوەی نەبووە. ئیسرائیل هەمیشە پێشبینی کردووە لە باکوورەوە هێرش بکرێتە سەری، بەڵام ئەمجارە لە ناو جەرگەی غەززەوە هێرشیکرایە سەر.
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەدەن، هێرشەکەی ئەمجارەی بزووتنەوەی حەماس “شۆک”ی کردوون.
هێرشەکەی حەماس، ئیدارەی بایدنی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کۆمارییەکانەوە، خستووەتە ژێر رەخنە و پرسیارێکی زۆرەوە، بەهۆی ئەوەی لە رێککەوتنی ئازادکردنی زیندانییەکان، ئەمەریکا شەش ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێرانی ئازاد کردووە. کۆمارییەکان دەشڵێن، “بایدن بەم کارەی خیانەتێکی گەورەی لە ئیسرائیل کردووە”.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەنجامدانی چاکسازی دادوەری لە ناوخۆی ئیسرائیل و ئەمەریکاش رەخنەی توندی لێ گیرا، بەم هێرشانەی حەماسیش رەخنە و پرسیارەکان لەسەر کابیەکەی ئەوەندەی دیکە زیاتر بوون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەش بە پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودییە کراوە، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان؛ سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودییە کردووەتەوە.
مەرجی سعوودییەش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەدنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەستە.