سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لاوازی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی کێیە؟!


شێرکۆ حەبیب
ئاساییە کەسانێک کە دڵۆپە خوێنێکیان بۆ بەرگری لە کوردستان نەڕشتبێ، ئەمڕۆ بە هەموو شێوازێک هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بدەن و بەرژەوەندی هاووڵاتیانی کوردستان بخەنە مەترسی بۆ مەرامی تایبەتی.
هەرێمی کوردستان بەو بارودۆخە و قەوارەی کە ئیستا لە ئارا دایە کەمترین مافە بۆ میللەتێکی خاوەن هەزاران شەهید و تێکۆشان و خەباتی سەدان ساڵ و دووچاری سەدان کاری نامرۆڤایەتی و دڕندانەترین هێرشی شۆڤێنی و ڕەگەز پەرستی بووە، بەڵام جێگای داخە ئڕمرۆ لێرە و لەوێ کەسانێک بە ناوی کورد لەگەڵ کەسانی شۆڤێنی داوای نایاسایی و نا دەستووری ئاراستەی حکومەتی عێراقی بکەن بە بیانووی جیا جیا، بێگومان ئەو داواکاریانە لە بەرژەوەندی میللەتی کورد و خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی موزایەدە بە سۆزی خەڵکی بکەن بەو پێیەی کەوا ئەوە لە بەرژەوەندی کوردستانە، ئەوانە ئەگەر تەنیا پرسیارێک لە خۆیان بکەن ئایا گرفتی بەغدا و هەولێر مووچەی فەرمانبەرانە، ڕاستە بژێوی هاووڵاتیان مافێکی ڕەوایە و دەبێ مانگانە لە کاتی دیاری کراو دابەشبکرێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ەوە حکوومەتی بەغدا بودجەی کوردستانی نەناردوە، ئایا مافی فەرمانبەرانی داوە، دەبووایە ئەو بەڕێزانە داوای شایستە داراییەکانی هەرێمیان بکردبایە هەر کاتێک بەغد ئەو بڕە بودجەی مانگانە بە ڕێکوپێکی نارد و حکوومەتی هەرێم دابەشی نەکرد ئەوکاتە نەک ئەوان بەڵکو هەموو هاووڵاتیان لە حکوومەتی هەرێم دەپرسن بۆ مووچە دابەش ناکات. ناردنی مووچە ڕاستەوخۆ بۆ فەرمانبەران دژی دەستوور و یاسای بودجەیە چونگە لە یاسای بودجە شتێک نییە بە ناوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینانی کوردستان، بەڵکو دەڵێ شایستە دارایەکانی کوردستان و لەو رێژەیە مووچە دابین دەکرێت، تەنانەت پێش ماوەیەک بەرێز محمد شیاع سودانی ئاماژەی پێکرد بۆیە هەر بریارێک لەو شێوەیە دژی دەستور و یاسایە، بەڵام زۆر بابەتی تر هەیە کە دەبوایە داوا لە بەغدا بکەن ئەگەر بەرژەوەندی میللەتی کوردستیان دەوێت، تەنها داوا بکەن با بەغدا پابەندی دەستور بێت هەموو گرفتەکان چارەسەر دەکرێن.
ئەوانە ئەم شینەیان بۆ حوسێن نییە بەڵکو بۆ هەریسەیە، ئەگینا دەکرێ ئەوانەی دژی بەپارێزگا کردنی هەڵەبجە و جێبەجێ کردنی بڕگەی ١٤٠ بن ئەمڕۆ وا بە پەرۆش بن بۆ بژێوی هاووڵاتیانی کوردستان، نازانم چۆن ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن کورد لەگەڵ ئەوانەی دژایەتی کوردستان دەکەن هاوپەیمانن.
ئەوە تەنیا داژیەتیکردنی پارتیە هیچی تر نییە نازانن ئەو ڕێز و حورمەتەی ئێستا ئەوان هەیانە هۆکارەکەی هێزی پارتییە لە گۆڕەپانەکە، بۆیە باشترە ئاورێک لە مێژوو بدەنەوە و بە مێژوو دابچنەوە ئەوانەی دژایەتی پارتی و بارزانییان کرد چ سودێکیان کرد و بە چ مەرامێک گەیشتن؟
ئەمڕۆ ئەوەی پێویستە بکرێت و هەوڵەکانی بۆ چڕ بکرێتەوە یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کوردستانیانە بۆ بەرنگاربوونەوەی پیلانی نەیاران و ناحەزان، باوەڕ بکەن ئەگەر پارتی بەو شێواز و پێگە بەهێزەی ئیستای نەبوایە ئێوە لە هاوکێشەکان شوێنتان نەدەبۆوە.هەڵوەشانەوەی یا لاوازکردنی قەوارەی هەرێم خەونێکی نەزۆکە، تا کەسانی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر لە کوردستان بوونی هەبێ مەحاڵە بە ئاوات و ئامانج بگەن، و میللەتیش بە درۆ و ساختە چەواشە نابێت.