پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
لەدوای سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پێشنیاری هاووڵاتیانی ناوچەکە کە سەرجەم چین و توێژەکانیان چاویان بە سەرۆک بارزانی کەوت و ڕاشکاوانە داخوازی و ڕاسپاردەکانی خۆیان گەیاند، ئێستا دەیان پرۆژەی ستراتیژی لەو ناوچانە کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرئەنجامی سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ پارێزگای دهۆک خستەڕوو و رایگەیاند؛ هەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کە داواکاری خەڵک بوون، راستەوخۆ سەرۆک بارزانی بڕیاری جێبەجێکردنی دا و لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی جێبەجێکردنیان درا و پارەی پێویستیان بۆ تەرخانکراوە کە ئەمانەی خوارەوە بەشكن لەو پرۆژانە؛
- زیاتر لە هەژدە ملیار دینار بۆ ٢٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای سێمێل تەرخانکرا بۆ پڕۆژەکانی رێگەوبان، کارەبا، پەروەردە، ئاو و ئاوەڕۆ و فروانکردنی سەوزایی.
- دروستکردنی باڵەخانەی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە ئامێدی. دروستکردنی باڵەخانەی دادگە لە ئامێدی. بۆ هەردوو پڕۆژە زیاتر لە نۆ ملیار دینار تەرخانکراوە.
- دروستکردنی هۆڵێکی ڕێوڕەسمەکان لە قەزای بەردەڕەش کە زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
- دروستکردنی یاریگەی سیمێل بۆ تۆپی پێ کە زیاتر لە پێنج ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
- دروستکردنی پڕۆژەی تونێڵی پیرس بە درێژی 3 کیلۆمەتر کە زیاتر لە 141 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
- بڕیاری دروستکردنی مۆزەخانەی قەڵای نزارکێ دراوە.
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی سەد و نۆ ملیار دینار.
لە بواری گەشتیاریدا؛
- دانانی بەردی بناخە بۆ کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری لە سۆلاڤ – ئامێدی کە هوتێل، مەلەوانگە و موتێل لە خۆدەگرێت
دانانی بەردی بناخە بۆ گەراجێکی سێ نهۆمی لە سۆلاڤ – ئامێدی. - نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگەوبان و بازگە لە نێوان پاریزگاکانی دهۆک و موسڵ.
- قەدەخەکردنی بە کرێدانی باخ بە گەشتیاری بیانی بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە هوتێل و موتێلی گەشتیاری
جێبەجێکردنی کۆرنیش لەسەر رووباری شین.
لە بواری کشتوکاڵدا؛
- فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە ئاکرێ
- دروستکردنی کارگەیەکی سماق لە ئاکرێ
- فێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی
- ئامادەکاری دەکرێت بۆ کردنەوەی فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە دەڤەری بەرواری
- فیستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک
ئامینە زکری، ئەوەش دەخاتەڕوو، وەرگرتنی قەرزی خانووبەرە و هاوسەرگیری راگیراوە و هەموو شوێنەکانی قوماریش کە هاونیشتمانیان لێی نیگەران بوون دادەخرێن، هێزە ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادارکراونەتەوە بە جدی رووبەڕووی مادەی هۆشبەرببنەوە، بەتایبەتی بازرگانانی مادەی هۆشبەر و رێکاری تووندی ئەمنییان لەگەڵدا بگیرێتەبەر و هەر بەو مەبەستە لەم رۆژانە کۆنفرانسێکی زانستی بۆ بەڕەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە دهۆک ساز دەکرێت.”
مەجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگای دهۆک، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە؛ هەموو ئەو پڕۆژانەی دوای سەردانی سەرۆک بارزانی بەردی بناخەیان دانراوە کاریان تێدا دەکرێت، بەشێک لە داواکارییەکانیش لە بواری کشتوکاڵ بووە، بەتایبەتی کردنەوەی فێستیڤاڵ لە سنوورەکەمان زۆر گرنگی پێ دەدرێت بە نموونە ئەم ساڵ بۆ بەرهەمی خۆماڵی کرایەوە لە دەستپێکی مانگی یازدەش لە ئامیدی تەحینی خۆماڵی زۆر هەیە کە لەوێش فیستیڤاڵ دەکرێتەوە و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.”
دەشڵێت؛ ئەو پڕۆژانەی سەرۆک بارزانی بڕیاریداوە جێبەجێبکرێن کاریان لەسەر دەکرێت و دەڵێت: “ساڵانە و مانگانە بەردی بناخە بۆ چەندین پڕۆژە دادەنێن و بەشێکیان دەکەینەوە کارەکان بەردەوامن سەرەرای ئاڵنگارییەکان، بەڵام کارەکان هەر بەردەوامە.”
جێگای ئاماژە پێکردنە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بادینان و پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، هێشتا ٢ مانگی بەسەردا نەڕۆشتووە و ئەنجامەکەی دەبینرێت، سەرباری هەموو ئەوانەش هەزاران ڕاسپاردە و گازاندەی خەڵکی ناوچەکە وەرگیراون و کاریان لەسەر دەکرێت.