ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 5ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی پێشكه‌شكردنی گوته‌یه‌ك له رێوڕه‌سمی یادی یه‌كگرتنی ئه‌ڵمانیا كه له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی به‌ره‌وپێشه‌وه چووه، كه ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به لایه‌نی مێژوویی نێوان هه‌ردوولا له بواره‌كانی سیاسی و ئابووری هه‌یه.
هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه بۆ به‌هێزكردن و پاڵپشتیكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ئابووری و ئه‌كادیمی. گوتیشی، حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له ماوه‌كانی رابردوودا، هاوكاری زۆری پێشكه‌ش به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه، به‌تایبه‌ت له بواری په‌روه‌رده‌دا، نموونه‌شی به كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌ڵمانی له هه‌رێمی كوردستان كرد.
سه‌فین دزه‌یی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد، جگه له‌وه‌ی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا هاوكاری هه‌رێمی كوردستانی كردووه، هاوكات رێكخراوه ناحكومییهكانیش به‌هه‌مان شێوه رۆڵیان له هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنی هه‌رێمی كوردسان هه‌بووه.
ئه‌ڵمانیا وه‌ك یه‌كێك له وڵاته گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌تایبه‌ت له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تی سه‌ددام حوسێن په‌یوه‌ندییه‌كی كراوه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك له 19ـی ئه‌یلوولی 2005 وه‌ك یه‌كه‌م وڵاتی ئه‌وروپی كونسوڵخانه‌ی له هه‌ولێر كرده‌وه.
ئه‌و كات مۆنگرێت میله‌ر، سه‌ركونسوڵی ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێر له رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌كه‌دا خۆشحاڵی وڵاته‌كه‌ی به‌و بۆنه‌یه‌وه راگه‌یاند و سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئاماژه‌یه بۆ گرنگیدانی ئه‌ڵمانیا به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی سیاسی و ئابووریدا. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌كه نیشانه‌ی جیددیه‌تی ئه‌ڵمانیا له دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه و خوازیاریشه به‌شداری بكات له پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمی كوردستان.