ماڵپەڕێكی نزیك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، حكوومەتی فیدراڵی بەنهێنی فەوجێكی سەر بە یەكەی حەفتای پێشمەرگەی یەكێتی دەخاتە سەر وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕێكی نزیك لە یەكێتی، حكوومەتی فیدراڵی بەنهێنی میلاكی فەوجێكی هێزەكانی یەكەی حەفتای یەكێتیی خستە سەر وەزارەتی ناوخۆی عێراق و لە پێشمەرگەوە ”دەیانكات بە پۆلیس.“
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەم كارە بە ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و حكوومەتی فیدراڵی دەكرێت، فەوجەكە ژمارەیان 750 كەسە و لە لیوای 711ی یەكەی حەفتان و دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و ”دەبن بە پۆلیس و مووچە و میلاکاتیان دەچێتە سەر حکوومەتی فیدراڵ.”
هەمان ماڵپەڕ ئەوەی ڕوون كردووەتەوە كە بۆ ئەو مەبەستە، لە ماوەی ڕابردوودا دوو جار تیمی سەربازیی حکوومەتی فیدراڵی سەردانی لیوای 711یان کردووە و دۆسیەی 750 پێشمەرگەی لیواکەیان وەرگرتووە.
گواستنەوەی میلاکاتی ئەو فەوجە بەنهێنی بەڕێوە دەچێت و پەیوەستە بە ڕێكکەوتنی نێوان یەکێتی و حكوومەتی فیدراڵی و بە پێشمەرگەکان ڕاگەیەندراوە، دەوامیان لە کەرکووک، یان بینای زیندانی فیدراڵیی چەمچەماڵ دەبێت، کە ئێستا بارەگای ئەو فەوجەی لیوای 711ی تێدایە.
جێگەی باسە تاوەكوو ئێستا بەفەرمی لایەنی عێراقی هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندراوە و ئەوەش ئاشكرا نەكراوە ئاخۆ بەرامبەر بە چی، یەكێتی ئەو هێزەی تەسلیم بە عێراق كردووە؟