دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ڕێژەی تووشبوون بە كۆلێرا لە هەڵكشاندایە

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان جەخت دەكاتەوە كە: هەر توشبوویەكی سکچوون کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، سەردانی نەخۆشخانەکان دەكەن، 20%یان نموونەی پشکنینی کۆلێرایان بۆ دەکەن، هەروەها ئەوان هەموو سکچوونێکی توندیان پێ کۆلێرایە؛ بۆیە داوایش لە هاووڵاتییان دەکات، لە کاتی تووشبوون بە سکچوون بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تا كۆتایی هەفتەی ڕابردوو ژمارەی تووشبووانی نەخۆشینی كۆلێرا ڕووی لە هەڵكشان كردووە و، بە گوێرەی ئاماری تۆماركراو لە هەولێر 235 تووشبوو، سلێمانی 171 و لە دهۆكیشدا 5 توشبووی كۆلێرا تۆمار كراوە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی فەرمی تەندروستی لە 27ـی ئابەوە نەخۆشینی سکچوون و ڕشانەوە لە هەرێمی کوردستان بڵاو بووەتەوە، سەرەتا تەندروستی سلێمانی حاڵەتی توشبوونی چەند كەسێكی بە كۆلێرا ڕاگەیاند و پاشان شارەكانی تریش پشتڕاستی ێن كردەوە كە نەخۆشینەکە لە لای ئەوانیش بڵاو بووەتەوە.
لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوە چوو، وەزیری تەندروستی، د. سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی له‌بارەی نەخۆشی سکچوونی توند ( کۆلێرا) و پێشنیار و ڕێکارەکانی چارەسەر و خۆپارێزییەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی خستە ڕوو، دوای گفتوگۆ، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت پەسەند کرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، ڕێکاری خۆپارێزیی پێویست لەوبارەیەوە بگرنە بەر.
د. سامان بەرزنجی، ڕوونی كردەوە كە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا تیمەکانی چاودێری و پەتازانی سەردانی مەیدانیی چەندین شوێنیان کردووە و لە ڕاپۆرتەكەیاندا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران خراوەتە ڕوو، كە تێیدا ئاماژە بە هەندێک رێکاری کورتخایەن و درێژخایەن کراوە بۆئەوەی بگیرێن بەر و ڕۆڵیان هەبێت لە کەمکردنەوەی نەخۆشینەکە، کە تایبەتن بە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و پڕۆژرەکانی ئاو بە گشتی.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لەنێو ماڵەکانی خۆیاندا دڵنیا بن لە سەرچاوەی ئاوەکەیان، ئینجا بەکاری بهێنن، کە تووشی سکچوونی توندیش بوون ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
کۆلێرا نەخۆشینێکی بەکتریاییە و دەبێتە هۆی سکچوون و وشکبوونەوەی توند، زۆربەی کات لە ڕێگەی پیسداگەڕانی ئاوی خواردنەوە و خۆراکی پیسەوە بڵاو دەبێتەوە. نەخۆشیی کۆلێرا نەخۆشینێکی زۆر درمە و لە کاتی تووشبوونی چەند کەسێکی ناو کۆمەڵگە، زۆر خێرا دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە. پیساییی نەخۆشە تووشبووەکە سەرچاوەی سەرەکیی بەکتریای کۆلێرایە.