دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئێزگەی دەنگی کوردستان و ٦٠ ساڵ بەخشش

د.سالار عوسمان

شەست ساڵە دەنگ هەڵدەبڕێ، شەست ساڵە هاوار دەکات و بانگی ئازادی دەدات، شەســـت ســـاڵە خەون دەکات بە وشە، هیوا دەکا بە ڕســـتە، مـــاف دەکا بە پەرەگراف، کوردبـــوون دەکا بە دەق و، کوردستان دەکا بە مانیڤێست.

ئەوە ئێزگەی دەنگی کوردستانە، کە بە ڕادیۆکەی شۆڕش ناسراوە و کەم کورد هەیە، یادگارییەک، خەون و خەم و خۆشـــییەکی لەگەڵدا نەبێت.

سبەی ئەم ئێزگە هەژی و هێژا و هەوێنە لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە هەولێر یادی شەست ساڵەی خۆی دەکاتەوە و، جگە لە ئاوڕدانەوە لەو مێـــژووە پڕ مانایە(١٩٦٣/٩/28-202٣/٩/28)، قســـەیەک لە ئێســـتای ڕاگەیاندن و بەرپرســـیەتیی ئەم قۆناغە و کارسازییەکی باشتری نیشتمانیی میدیایی دەکات.

هەر لێرەوە ســـاو بۆ گیانی بەرزهەڵکشـــاویی (مســـتەفا بارزانی) دەنێرین، کە دوای دوو ساڵ و وەک زەروورەتێک بڕیاری دامەزراندنی ئەم ئێزگەیەی دەرکرد و هەمووانی لە دەور شوعلەی دەنگی ئازادیدا کۆکردەوە. هەرلێرەوە ســـاو بۆ شـــەهیدەکانی دەنگی کوردستان دەنێرین، کە دەکرێ ناویان لێنێین (شەهیدانی دەنگی ئازادی)، چونکە بەڕاستی دەنگی کوردستان دەنگێکی بەرهەمدارە لە پێناو ئازادیی گەلەکەیدا، دیســـان هەرلێرەوە ساو بۆ کادیرەکانی ســـەردەمی شاخ دەنێرین، کە دەکرێـــت ناویان لێنێین(خۆنەویســـتەکان)، چونکە بەڕاســـتی خۆنەویســـت بوون، خۆیان نەویست و گەلویستانە تەمەنیان نەزری ئازادی کرد، هەر لێرەوە ســـاو بۆ کادیرانی شار، کە ئەوانیش وەک مۆم ســـووتان و، ئیتر چراخانی ئەم مێژووە وا بەســـەر هەمووانەوە دەدرەوشـــێتەوە و، وەک تـــاج بۆ میدیای کوردیی نیشـــتمانی جێ دەگرێت.

پیرۆز بێت شەست ســـاڵ تەمەن و شەست ساڵ بەخشش لە پێناو کوردستاندا.