به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر ئاگاداری شوفێر و هاووڵاتییانی كرده‌وه كه له هه‌فته‌ی داهاتوودا بۆ ماوه‌ی 3 رۆژ به‌شێكی تۆنێلی پیرمام به‌هۆی هێڵكاری و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هێماكانی هاتوچۆ داده‌خرێت.
هاتوچۆی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: سەرجەم شوفێران و هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کەوا تیمەکانی ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی پاراستن و چاککردنەوەی ڕێگاوبانی هەولێر، لە ڕۆژانی یەکشەم 2023/10/1 تاکو 2023/10/3 هەڵدەستن بەهێلکاریکردن و نۆژەنکردنەوەی هێماکانی هاتووچۆی ناو تونێلی پیرمام.
ڕاشیگه‌یاند: بۆ ئەم مەبەستە رۆژی یەکشەم لە کاتژمێر 12ی شەوەوە سایدی چوون لە هەولێر بۆ شەقڵاوە لە ئۆڤەرپاسی پیرمامەوە دادەخرێت.
بۆ به‌كارهێنانی ڕێگه‌ی به‌دیلیش، هاتوچۆی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: شوفێری ئۆتۆمبێلە بچووکەکان بۆ چوونە شەقڵاوە، دەتوانن ڕێگای پیرمام بەکار بێنن وەکو ڕێگه‌ی بەدیل، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش دەتوانن هەردوو ڕێگه‌ی هەنارە و شێخ توڕاب بەکاربێنن، تاکو کاتژمێر 6ی بەیانی ڕۆژی دووشەم.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: بۆ رۆژی دواتر بە هەمانشێوە لە کاتژمێر 12ی شەو تاکو 6ی بەیانی تونێل سایدی چوونی دادەخرێت، بۆ رۆژی سێیەمیش سایدی هاتن لە شەقڵاوە بۆ هەولێر لە دەروازەی کۆڕێ دادەخرێت لە هەمان کاتی شەوانی پێشتردا، شوفێرانیش بۆ هاتن بۆ هەولێر دەتوانن بچنەوە ناو شارۆچکەی کۆڕێ و بەرەو پیرمام و دواتریش بۆ هەولێر.
له كۆتاییدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر جه‌ختی كرده‌وه كه كاره‌كانیان بۆ خزمەتکردنی ئێوەیە، بۆیه تكای له شوفێر و هاووڵاتییان كرد هاوکاریان بن.