چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دەیان سوتاوی رووداوەکەی حەمدانییە لە هەولێر چارەسەر وەردەگرن

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگە تەندروستییەکانی خۆیەوە، چارەسەری دەیان برینداری ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییەی کردووە و پاش چارەسەریش، بەشێکیشیانی ڕەوانەی ماڵەوە کردووەتەوە.
د. ڕەوەند حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئێمرجنسیی هەولێر، لەبارەی ئاماری فریاکەوتنی بریندارانی ئەو ڕووداوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمەوە، ئاگاداری کردینەوە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە حەمدانییە ڕوویداوە، بەو ئاگادارکردنەوەیە تیمەکانمان بۆ فریاکەوتن بۆ شوێنی ڕووداوەکە ڕەوانە کرد؛ لەم فریاگوزارییەدا تاکوو ئێستا ٤٧ بریندار هێنراونەتە نەخۆشخانە و ٢٥ كەسیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، هەروەها ٢٢ كەسیان ڕەوانەی ماڵەوە کراونه‌تەوە، لەو ٢٥ بریندارەی ماونەتەوە، ٦ برینداریان، کە پێویستییان بە چاودێریی چڕ بووە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی لالاڤ کراون و لەژێر چاودێریی چڕ دان.”
ئەوەشی گوت: “بە گشتی سووتاوان لە نەخۆشخانە زۆر دەمێننەوە، چونکە بارودۆخیان بەپێی ڕۆژ دەگۆڕێ و ناجێگیرە. بەڵام ئەوانەی لێرە خەوێنراون، بە هەموو توانایەکەوە چارەسەری پێویست و باشیان بۆ دەکەین.”
شەوی ٢٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی بوکگواستنەوەدا، ئاگر کەوتەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە سەد کەس گیانیان لە دەست دا و دەیانی دیکەش بریندار بوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ وەکوو ئەرکی مرۆیی و ڕەوشتییانەی خۆی، دەرگەی نەخۆشخانەکانی بەڕووی لێقەوماواندا کردەوە و تیمەکانی تەندروستی، چارەسەری خێرایان پێشکەش بە بریندارانی ڕووداوەکە کرد.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری